دكتۆر ئالینا ئاڵمازخانۆفا، پسپۆڕ لە خۆراكی لەش و نەخۆشییەكانی غودەی دەرەقی، باس لەوە دەكات گەر مرۆڤ دەستبەرداری خوێ ببێت چی لێدێت؟ ئایا ڕاستە خوێ ژەهری سپییە؟.
ئەو پزیشكە شارەزایە بە ئاژانسی نۆڤۆستی-ی ڕوسی ڕاگەیاندووە، زۆرێك لە خەڵك خوێیەكی زۆر بەكاردەهێنن لە چێشتدا، ئەوەش بە واتای زیادبوونی ڕێژەی سۆدیۆم دێت، لەلایەكی دیكەوە شلەی جەستەی مرۆڤ قەتیس دەكات، فشاری خوێنیش بەرز دەكاتەوە.
دكتۆر ئالینا باسی لەوەشكردووە، هەر گرامێك خوێ بۆ جەستە زیاد بكرێت، دەبێتە هۆی قەتیسبوونی 200 میلیلیتر ئاو لە جەستەدا.
پزیشكەكەی خۆراكی لەش ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەرزبوونەوەی فشاری خوێن كاریگەریی خراپی لەسەر گورچیلە دەبێت، دروستبوونی كێشەی بۆ گورچیلە دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاستی فشاری خوێن، ئەوەش دەبێتە هۆی توشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك، كەواتە وازهێنان لە خوێ دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كێشەكانی فشاری خوێن و مەترسیی جەڵتە”.
بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، پێویستە هەر مرۆڤێكی ئاسایی زیاتر لە پێنج بۆ شەش گرام خوێ نەخوات لە ڕۆژێكدا، هەروەها بۆ منداڵانیش دەبێت ڕۆژانە دوو بۆ سێ گرام خوێ بخۆن نەك زیاتر، ئەو كەسانەشی چوونەتە تەمەنەوە و كێشەی فشاری خوێنیان هەیە دەبێت بە هەمانشێوەی ڕێژەی منداڵان خوێ بخۆن.
مەبەست لە خواردنی خوێ، بوونێتی لە چێشت و خواردن و خواردنەوەكاندا نەك بە خاوی بخورێت.
ئەو پزیشكە شارەزایە باسی لەوەشكردووە، ناكرێت و ناتوانین دەستبەرداری یەكجارەكی خوێ بین، چونكە سۆدیۆم پێویستە بۆ جەستەمان بۆ ئەوەی هەستەوەر و ماسولكەكان بەشێوەیەكی باش كار بكەن.
ئەوەشی وتووە، “كەمی سۆدیۆم دیاردەیەكی نا تەندروستییە بە هەمانشێوەی زیادبوونی، كەمی سۆدیۆم هۆكارە بۆ میزكردنی زۆر و دەرچوونی پۆتاسیۆم لە لاشە، ئەوەش كێشە بۆ گورچیلەكان دروست دەكات و دەبێتە هۆی سەرئێشە و دڵتێكەڵهاتن و كێشەی هەرسیش دروست دەكات”.
دكتۆر ئالینا ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەگەر مرۆڤێك واز لە بەكارهێنانی خوێ بهێنێت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ هەفتەیەك، ئەوا سوودی دەبێت بۆ جەستە و ئەو ڕێژە زیادەیەی خوێی جەستە دەسوتێنێت و شلە زیادەكانی جەستە دەردەكات و كێشیش كەمدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەی دوو بۆ سێ مانگ واز لە خوێ بهێندرێت، كێشە بۆ تەندروستی دروست دەبێت.