چی لەبارەی خەڵاتەكانی نۆبڵ دەزانیت؟

دەیان هەزار كەس دەتوانن بۆ خەڵاتەكە داواكاری پێشكەشبكەن، بەڵام تەماشای سەرجەم پێشنیازەكان ناكرێت

لە یادی 120 ساڵەیدا، خەڵاتەكانی نۆبڵی ئەمساڵ لەنێوان دوێنێ تا 11ی ئەم مانگە لە ستۆكهۆڵم و ئۆسلۆ دابەشدەكرێن.

ئەمانەی خوارەوە ئەو پێنج بوارەن كە گرنگە بیانزانیت دەربارەی ئەو خەڵاتانەی دەدرێن بە پیاو و ژن و ئەو دامەزراوانەی لەپێناو پێشكەوتنی مرۆڤایەتی كاریانكردووە، بەپێی وەسێتی دامەزرێنەری ئەم خەڵاتە ئەلفرێد نۆبڵ-ی سویدی.

پرسەی پێشوەخت
لە 12ی نیسانی 1988، لۆدڤیچ-ی برا گەورەی ئەلفرێد نۆبڵ لە شاری كان-ی فەرەنسا كۆچی دواییكرد. بەڵام ڕۆژنامەی (لۆ فیگارۆ) هەڵەیەكی ئەنجامدا كاتێك لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەرەكیی خۆیدا مردنی ئەلفرێدی ڕاگەیاند و لە هەواڵەكەدا دەڵێت، “دوێنێ پیاوێك لە كان مرد كە زۆر ئەستەمە بتوانرێت لە ڕیزبەندیی ئەوانەدا دابنرێت كە سەرچاوەی خێرن بۆ مرۆڤایەتی، ئەو كەسە نۆبڵی داهێنەری دینامیت-ە”.

ئاستی ئەو كاردانەوەیەی كە ئەم پرسە پێشوەختەیە لەسەر ئەلفرێد نۆبڵ دروستیكردووە نازانرێت، بەڵام زۆرێك بیرۆكەی بەخشینی خەڵاتەكانی نۆبڵ بۆ ئەم ڕووداوە دەگێڕنەوە، بەتایبەت لەڕێی دەنگدانەوەی ئەو ڕستەیە كە خەڵاتەكان ئەو كەسانە دەگرنەوە كە لە بواری “خێروبێر بۆ مرۆڤایەتی” كاردەكەن.

ئەنگرێد كالبرگ، نووسەری ژیاننامەی ئەلفرێد نۆبڵ بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس دەڵێت، “هەموو ئەمانە لەچێوەی پێشبینیدا دەمێننەوە ئەگەر ڕووداوەكە لە نوسراوەكانی ئەلفرێد نۆبڵ-دا ئاماژەی پێنەكرابێت”. بەڵام ئەو كەسانەی ڕوویان لە هۆتێلەكەی پاریس كردووە بۆ گەیاندنی پرسەباری، سەرسامبوون بە پێشوازیكردنی خوودی “كۆچكردوو” لێیان، وەك ئەوەی ڕۆژی دواتر خوودی (لۆ فیگارۆ) بڵاویكردووەتەوە.

چیرۆكی دینامیت
ڕۆژی 21ی تشرینی یەكەمی 1833 ئەلفرێد نۆبڵ لەدایكبوو، باوكی یەكێك دەبێت لە شارەزایانی بواری تەقەمەنی، نۆبڵی مناڵیش حەز لەو كارە دەكات و دواتر لە كیمیادا كارامەییەكانی دەردەكەون و خۆی تەرخاندەكات بۆ توێژینەوە لە كەرەستە تەقەمەنییەكان و بەتایبەت دروستكردن و بە سەلامەتی بەكارهێنانی (نیترۆگلسرین). لە ساڵی 1867دا ئەلفرێد نۆبڵ بە سەركەوتوویی ماددەی (دینامیت) دروستدەكات، ماددەكە زۆر سەلامەتترە لە بەكارهێنانی (نیترۆگلسرین).

دواتر لە ئەمریكا و بەریتانیا پێشەنگیی داهێنان بەدەستدەهێنێت، ئیدی داهێنانەكەی خواستێكی زۆری لەسەر دەبێت بۆ بواری كانزاكاری و دەرهێنانی كانەكان و دروستكردنی پرد و تونێلەكان، پاشانیش داهێنانەكەی لە جەنگ و كاروباری سەربازیدا بەكاردەهێنرێت.

ئەلفرێد نۆبڵ بەهۆی (دینامیت)ەوە سامانێكی بێشوماری دەستدەكەوێت و هەر بەهۆی ئەو داهێنانەی و بە كارهێنانی لە جەنگ و ململانێیەكاندا بە سەدان كەس دەبنە قوربانی.

بەپێی گێرانەوەكە كاتێك ئەلفرێد نۆبڵ دەبینێت بەو شێوەیەیە و بەخۆشحاڵییەوە هەواڵی مردنەكەی بڵاودەبێتەوە، خەمێكی قووڵ دایدەگرێت و ئیدی بیر لەوە دەكاتەوە بەشێوازێك ئەو تێڕوانینە بگۆڕێت كە لەسەری دروستبووە.

بۆیە لە وەسێتنامەكەیدا ئەلفرێد نۆبڵ نزیكەی (94%)ی سامانەكەی و وەبەرهێنانەكانی تەرخاندەكات بۆ پێنج خەڵاتی ساڵانە كە ببەخشرێن بەو كەسانەی زۆرترین خزمەت پێشكەشی مرۆڤایەتی دەكەن لە بوارەكانی (كیمیا، فیزیا، پزیشكی و ئەدەب) و خەڵاتی پێنجەمیش دەدرێتە كەسێك یان گروپێك كە كاری گەورە دەكەن بۆ ئاشتیی جیهانی و لەو خەڵاتكردنەشدا هیچ جیاوازییەكی ڕەگەزی و ئایینی و ئەتنیكی لەبەرچاوناگیرێن.

خەڵاتی نەوە دوای نەوە
ئەو وەسێتەی بەخشینی خەڵاتەكانی لەسەر دەدرێت، جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی پێویستە خەڵاتەكان بدرێنە ئەو كەسانەی خزمەتی مرۆڤایەتییان كردووە لە ساڵی پێشتردا.

بەڵام لە ساڵی 1901-ەوە پابەندبوون بە ناوەڕۆكی وەسێتەكەوە نییە، بەهۆی پێویستی بە بوونی ماوەیەكی زۆرتر بۆ هەڵسەنگاندنی كاری زانستیی كاندیدانی خەڵاتەكە، هەندێكجار خەڵاتەكە دەدرێتە كەسێك بەهۆی بەشدارییەوە بەدرێژایی چەند دەیەك. لە دیارترین نمونەكانی ئەم ئاراستەیە پێدانی خەڵاتی نۆبڵی كیمیای ساڵی 2019یە بە جۆن ب. گۆدیناف كە بە بەتەمەنترین كەس دادەنرێت ئەو خەڵاتە گەورەیەی وەرگرتبێت، لە تەمەنی 97 ساڵیدا.

ئەم زانا ئەمریكییە كە ئێستا تەمەنی 99 ساڵە، بەتەمەنترین براوەی خەڵاتی نۆبڵە لە ژیاندا مابێت. گەنجترین براوەی خەڵاتەكەش مەلالا یوسفزای پاكستانی بوو كە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە بۆ ساڵی 2017 لە تەمەنی 17 ساڵیدا.

خەڵات بۆ زیندووان
لە ساڵی 1974ەوە لە پەیڕەوی بنەڕەتیی دامەزراوەی نۆبڵدا هاتووە كە ناكرێت خەڵاتەكە بدرێتە كەسێكی كۆچكردوو، تەنها لەحاڵەتی ڕوودانی مردنەكەدا نەبێت لەدوای ڕاگەیاندنی ناوی براوە.

تا پشتبەستن بەو بنەما فەرمییە، خەڵاتی نۆبڵ تەنها دووجار دراوە بە دوو كەسی كۆچكردوو، ئەوانیش بریتی بوون لە ئەریك ئەكسل كارلفیلدت-ی شاعیری سویدی (نۆبڵی ئەدەب ساڵی 1931 و داغ همەرشۆڵد، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (نۆبڵی ئاشتی ساڵی 1961).

خەڵاتەكە لە ساڵی 1948 هەڵپەسێردرا بەهۆی مردنی گاندی و وەك ڕێزلێنانێك بۆی، هەروەك ڕالف شتاینمان-ی كەنەدی بێبەشبوو لە بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی پزیشكیی ساڵی 2011، دوای ئەوەی لیژنەی نۆبڵ لەكاتی پەیوەندیكردندا پێوەی بۆ پێڕاگەیاندنی بردنەوەی خەڵاتەكە زانی كە بەر لە سێ ڕۆژ كۆچی دواییكردووە، بەڵام ناوی تائێستا لەنێو لیستی براوەكانی خەڵاتەكەدا هەیە.

پاڵێوراوانی پێشبینی نەكراو
لە ئەدۆڵف هێتلەرەوە بۆ مایكڵ جاكسۆن تا ستالین یان مۆسۆلۆنی، مێژووی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ڕووبەڕووی كاندیدكردنی زۆرێك لەو كەسایەتییانە بووەتە كە پێشبینینەكراو بوون یان ناسراوبوون بە پێشێلكارییە زۆرەكانیان.

هیتلەر لەلایەن ئەندامێكی پەرلەمانی سویدەوە لە كانونی دووەمی 1939 كاندیدكرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی.

هەروەك سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ، سەرۆكی سڕبیا بۆ خەڵاتەكە پاڵێورا كە دواتر بە تاوانی لەناوبردنی بەكۆمەڵ تۆمەتباركرا، هاوشانی جۆل ڕیمیە داهێنەری جامی جیهانیی تۆپی پێ.

دەیان هەزار كەس دەتوانن بۆ خەڵاتەكە داواكاری پێشكەشبكەن، بەڵام تەماشای سەرجەم پێشنیازەكان ناكرێت.

ژمارەی ژنان
لەگەڵ 58 ژنە براوەی خەڵاتەكە، بەشداریی ژنان لە لیستی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵدا تەنها 6%ە لە ساڵی 1901-ەوە.

ئینگرید كارلبرگ دووپاتیدەكاتەوە كە ئەلفرێد نۆبڵ “بێزاردەبوو لەم جۆرە ئامارانە” بەهۆی ئەوەی “لەپێشینەی بەرگریكاران بووە لە مافەكانی ژنان و سەرسامبووە بە ژنە ڕۆشنبیرەكان”.

سەرەڕای لاوازییەكەی، بەڵام دۆخەكە بەرەو باشتربوون دەچێت، لە ساڵی 2009 ژمارەی پێوانەیی تۆماركرا دوای ئەوەی پێنج ژن خەڵاتەكەیان بردەوە، لەنێویاندا ئیلینو ئۆسترۆم-ی ئەمریكی و یەكەم ژنە براوەی خەڵاتی ئابوری. هەروەك یەكەم كەس كە دووجار خەڵاتی نۆبڵ بباتەوە ژن بووە، ئەویش ماری كوری فەرەنسی بە بنەڕەت پۆڵەندییە (فیزیا لە ساڵی 1903 و كیمیا لە ساڵی 1911).

بابەتی پێشتر

كۆمسیۆن كاتی دەستپێكردن و كۆتاییهاتنی دەنگدانی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی تاوتوێی دەركردنی لێبوردنی گشتی دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share