وردەکاریی ئامادەکردنی ڕەشنوسی بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان  لە دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بڕیاریدا لە هەفتەی داهاتوودا ڕەشنوسی بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان ئامادەبکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە لە دوای ساڵی 2013ەوە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەکی بودجەی نەبووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نوسینەوە و ئامادەکردنی یاسای بودجە پشت بە دوو بڕە پارە دەبەستێت، یان دەبێت پشت بە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و فرۆشتنی نەوت ببەستێی یان دەبێت ئەو بڕە پارەیەی لەگەڵ بەغداد لەسەری ڕێککەوتوون ڕەوانە بکرێت و بە پێی ئەوە بودجەی ئەمساڵ ئامادە بکرێت.

“حکومەتی هەرێم دوو سیناریۆی هەیە بۆ نوسینەوەی بودجەی 2021”

زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکدەهێنن بە نوێنەرایەتیی سەرجەم حکومەت ڕەشنوسی بودجە ئامادە دەکەن و دواتر ڕەشنوسەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی شورای هەرێم دەکرێت دواتر ئەنجومەنی شورا ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکاتەوە و لە کۆتا هەنگاودا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و پەسەندکردنی یاخود گۆڕانکاری تێیدا”.

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو داهات و پارەیەی بودجەی هەرێمی کوردستان پشتی پێدەبەستێت ئاماژەی بەوەکرد، “حکومەتی هەرێم دوو سیناریۆی لەبەردەستدایە بۆ ئامادەکردنی ڕەشنوسی بودجە یەکێک لەوانە پشت دەبەستێت بەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد کراوە بۆ بودجەی 2021ی عێراق و ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە”.

“کە بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی ناوخۆ و 250 هەزار بەرمیل ڕۆژانە ڕادەستی عێراق دەکات و عێراقیش پشکی %12.67 لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ هەرێم دەنێرێت کە لە ئەگەری پەسەند کردنی یەکێکە لە سیناریۆ باشەکان بۆ هەرێمی کوردستان”، بەپێی وتەی زاگرۆس فەتاح.

بەپێی قەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، پشکی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 13 تریلیۆن و 904 ملیار دینارە، ئەمە لەکاتێکدایە لە دوای ساڵی 2013  و ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێم بۆ ئابوریی سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی گشتیی عێراق نەناردووە.

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سیناریۆی دووەم کە حکومەتی هەرێم لە ئامادەکردنی ڕەشنوسی بودجەدا پشتی پێدەبەستێت ڕایگەیاند،لە حاڵەتێکی دیکەدا حکومەتی هەرێم پشت دەبەستێت بە داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەکان و ئەو نەوتەیە کە هەرێمی کوردستان خۆی دەیفرۆشێت ئەم ئەگەرە لە کاتێکدایە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر ناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە جێبەجێ نەکرێت و هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت.

“لە هەموو حاڵەتێکدا کورتهێنانی بودجەی هەرێمی کوردستان %25 زیاتر دەبێت”

دکتۆر کامەران، شارەزای بواری ئابوری سەبارەت بە بڕی ئامادەکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بودجە لە نەفەقات و ئیرادات پێکدێت، ئەو بڕە داهاتەی هەرێمی کوردستان لەبەردەستیدایە کەمترە لە خەرجییەکان، بۆیە ئەگەر عێراقیش پشکی دیاریکراوی هەرێم بنێرێت ناتوانن موچە تەواو و سی ڕۆژ جارێک دابەشبکەن چونکە ئەوەی عێراق دەینێرێت بودجەی حاکیمە و سیادی لێدەردەکرێت”.

ڕاشیگەیاند، “مانگانە هەرێمی کوردستان تەنها بۆ موچە پێویستیی بە 895 ملیار دینارە بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  لەکاتێکدا ئەو %12.67ی بەغداد دەینێرێت مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دینار، ئەم بڕە پارەیە ئەگەر پارەی کۆمپانیاکانی نەوتی لێبدرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کەمترە لە پارەی پێویست بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”.

بەپێی ئەو شارەزا ئابورییە، لە ئەگەری نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە بەهیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان ناتوانێت موچەی مانگانە بدات لەکاتێکدا بودجە و یاسای بودجە لە دوو بەش پێکهاتووە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان ئەگەر بەغداد پشکی هەرێم نەنێرێت بودجەی وەبەرهێنانی نابێت، لەهەموو حاڵەتێکیشدا هەرێمی کوردستان زیاتر لە %25ی بودجەکەی کورتهێنانی دەبێت.

“لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەم هەفتەیەدا پرسی بودجە تاوتوێدەکات”

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و قەبارەی خەمڵێنراوی بودجە و نرخی نەوت دیاریبکات بۆ ساڵی 2021”.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە لە کۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا بەڕێوەبەری گشتیی باج ئامادە دەبێت، یەکێک لە تەوەرەکان پرسی ئامادەکردنی ڕەشنوسی بودجەی هەرێمی کوردستان و ئەو داهاتەی پشتی پێدەبەسترێت تاوتوێدەکرێت.

حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێکی ڕادەستی بەغداد نەکرد، بەڵام بەغداد پشکی هەرێمی کوردستانی کە مانگانە بڕی تریلیۆنێک و 200 هەزار دینار بووە، کە بڕی 850 ملیار دیناری بۆ موچە و 350 ملیاریشی بۆ خەرجی و وەبەرهێنان بووە.

لە ساڵی 2018 هەرێم نەوتی ڕادەستی عێراق نەکرد، بەڵام ( 317 ملیار) دیناری مانگانەی لە بەغداوە بۆ نێردرا، 2019 هەرێم هیچ بڕە نەوتێکی بۆ عێراق نەنارد، بەڵام مانگانە ( 453 ملیار)ی بۆ نێردراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ئەمڕۆ 9ی کانونی دووەم حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە ساڵی 2020دا حکومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە.

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. 139 توشبوو و سێ گیان لەدەستدان

بابەتی دواتر

یوڤیچ: کە گرتەکانم لە ئینتراخت فرانکفۆرت لێدەدەمەوە، دەڵێم "چیم بەسەرهاتووە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share