ئەو گوندە ئیتالییەی ساڵانە ئاهەنگی ناشرینی دەگێڕن

پیۆبیکۆ گوندێکی ئیتالییە و ماوەی ١٤٠ ساڵە ئاهەنگی ناشرینی دەگێڕێت و بەهۆی ئەوەوە وەکو پایتەختی کەسە ناشرینەکانی جیهان ناسراوە.

پیۆبیکۆ دەکەوێتە دەربەندی نێوان چیاکانی ئاپێنین و دەریای ئادریاتیک، شارۆچکەیەکی سەدەکانی ناوەڕاستە و پڕە لەو خانووانەی بە بەرد دروست کراون و بە دارستانی چڕ دەوردراون. سەرەڕای دیمەنە جوانەکەی، پیۆبیکۆ بە “ناشرینی” خەڵکەکەی ناسراوە.
لە ساڵی ١٨٧٩ـەوە، لەو شارۆچکەیەدا کۆمەڵەیەک هەبوو بە ناوی “کۆمەڵەی ناشرینەکان” کە باوەڕیان وابوو “کەسەکان ئەوەن کە هەن نەک ئەوەی چۆن دەردەکەون”، دوای چەندین نەوە ئەو بیرۆکە نموونەییە بوو بە جووڵانەوەیەکی جیهانی کە ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە ٣٠ هەزار ئەندامیان هەیە.
سەرەتا کۆمەڵەکە بۆ دۆزینەوەی هاوسەر بوو بۆ ئەو ژنانەی شوویان نەکردووە. دواتر خەڵکی گوندەکە ئەوەیان بە ئەرکی خۆیان زانی کە بیری کۆمەڵگەی بخەنەوە ئەوە جوانیی ناخە کە گرنگترە لە جوانیی ڕووکەش.
دەتوانیت ببیت بە بەشێک لەم کۆمەڵە و لە لایەن ئەندامە باڵاکانەوە پلەت پێ دەدرێت، کە لە ئاستی “دیارینەکراوە”وە دەستپێدەکات بۆ “ناشرینییەکی نائاسایی”، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەندامەکان ناشرینن، بەڵکو کۆمەڵەکە سەرنج دەخەنە سەر جوانیی ناخی کەسەکان و گرنگیی بەوە نادەن خەڵکی دیکە چۆن بیر دەکەنەوە.
لە یەکەم یەکشەممەی مانگی سێپتەمبەردا، خەڵک لە هەموو جیهانەوە دێن بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ساڵانەی ناشرینی پیۆبیکۆ، کە تیایدا ئەندامەکان سەرۆکی کۆمەڵەکە هەڵدەبژێرن، ئەندامی نوێ ناونووس دەکرێن، پاستا و پۆلێنتا و شیرینی و خواردنی تایبەت بە ناوچەکە دەخورێت.


بابەتی پێشتر

شاژنی بەریتانیا ئەدمینی دەوێت.. مووچەی ساڵانە ٦٠ بۆ ٦٧ هەزار دۆلارە

بابەتی دواتر

بە ڤیدیۆ...گێلترین دزی جیهان بەهۆی پانتۆڵەکەیەوە دەستگیردەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share