چەند ڕێنماییەک تاکو لەسەر کارەکەت متمانەت بەخۆت زیاتربێت

ڕەنگە ڕۆژەکەت لەسەر کار زۆر باش تێبپەڕێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ڕاهێنانێکی باشیان پێکراوە و دەزانن چۆن کارەکانیان بەجێدەگەیەنن و بەباشی مامەڵە لەگەڵ کەسەکانی دیکەی هاوکاریاندا دەکەن.

سەرباری هەموو ئەمانە، خەڵکانێک هەن لە ناخی خۆیاندا سکاڵا دەردەبڕن و ڕەخنە لە خۆیان دەگرن و بە خۆیان دەڵێن، “من وەک پێویست لە کارەکەمدا باش نیم”، یان “داخۆ من دەتوانم ئەم کارە بکەم؟”.

هانا بێرگین ڕاوێژکاری کارکردن و پیشەگەری ڕایگەیاندووە، لە نێوان ئەوانەدا کە دەچنە سەر کار “زۆربەی جار ژنانن کێشەی متمانەبەخۆنەبوونیان دەبێت لە پیشەکانیاندا”.

بەپێی توێژینەوەیەکی “زانکۆی نێودەوڵەتیی زانستە مەیدانییەکان”، دەکرێت پیاوان لەسەر کار بە توندی ڕەخنە لە خۆیان بگرن، بەڵام هێشتا ڕێژەیان کەمترە لەو ژنانەی ئەم کارە دەکەن.

ئەرکی نوێ

متمانەبەخۆنەبوون چەندین هۆکاری هەیە، ڕەنگە یەکێکیان ئەوەبێت، ئەو کەسانە لەسەر کارەکانیان ئەرکێکی نوێیان پێدەدرێت و هێشتا شارەزاییان لە بەجێگەیاندنیدا نییە.

لەمبارەدا خراپ نییە گەر متمانەت بە خۆت زیادبکەیت و ئەرکە نوێیەکە وەک ئاڵنگارییەک ببینیت، هەندێک کاتیش بە خۆت بدەیت تا لەگەڵیدا ڕادێیت و شارەزایی بەدەستدەهێنیت.

ئەوانەی چاوەڕوانی ستایشن متمانەیان بە خۆیان کەمدەبێتەوە

هەندێک خەڵک هەڵسەنگاندنی خۆیان لەسەر بنەمای ڕای ئەوانی دیکە دادەڕێژن.

ئەگەرچی خراپ نییە لە تێڕوانینت بۆ خۆت و ئاستی کارەکانتدا بۆچوونی ئەوانی دیکەش لەبەرچاوبگریت، بەڵام هەندێک جار لەسەر کار ئەوانی دیکە هیچ هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەوخۆت بۆ دەرنابڕن و دەشێ ئەمە ببێتە هۆی لاوازبوونی متمانەت بەرامبەر بە خۆت.

شارەزایان لەم بوارەدا، سەبارەت بە کارەکانت پێشنیاز دەکەن ڕای هاوکارانت وەربگریت، ئەگەر خۆیان هیچیان دەرنەبڕی بۆت.

کار و بۆچوونەکانت بنووسەرەوە

نووسینەوەی کار و بۆچوونەکانت یارمەتیدەرە تا متمانەی زیاترت بەخۆت هەبێت.

دەتوانیت بە وردی ئەو ئەرکانە بنووسیتەوە کە هەستدەکەیت لاوازیت تیایاندا، هەروەها خاڵەکانی لاوازییەکەت دیاریبکەیت.

ئەمە یارمەتیدەرت دەبێت تا بەڕوونی کێشەکە ببینیت و باشتر بتوانیت کار بۆ چارەسەرکردنی بکەیت.

با متمانەبەخۆبوونت لە دوورمەوداشدا بمێنێت

گرنگە متمانەبەخۆبوون کاتیی نەبێت و لە دوورمەودادا بمێنێتەوە.

بۆ ئەمەش، شارەزایان ڕێنماییدەدەن هەموو ئەو جارانە تۆمار بکەیت کە تیایاندا سەرکەوتووبوویت و بەردەوام بیر خۆتیان بهێنیتەوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت بەسەر لاشەی مندا بۆريی غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت

بابەتی دواتر

فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share