زۆرجار دایکان و باوکان سەریان لێدەشێوێت لە رەفتاری منداڵەکانیان، کە زۆر هەڵدەچن و تووڕەدەبن لەگەڵ ئەوەشدا جنێو دەدەن، پسپۆڕان بۆمان رووندەکەنەوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە رەفتارانەدا بکەین.
توێژینەوەیەکی زانستی لە ساڵی 2013دا دەریخستووە منداڵان تاوەکو بەر لە چوونە پڕۆسەی خوێندن بنەماکانی رەفتاری خراپ و جنێودانیان لە گەورەکانەوە وەردەگرن بە تێکڕا 42 وشەی قەدەغەکراو و خراپ دەزانن.
بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا کاتێک منداڵ جنێو دەدات ئەوە لە منداڵانی دیکە و لە ئەزموونکردنی ژیانی دەرەوەی خۆیەوە فێری بووە.
منداڵان مەیلیان هەیە لاسایی گەورەکان بکەنەوە و ئەگەر لە ماڵەوە تووشی سوکایەتیکردن و جنێودان ببن، ئەگەری زۆرە کە لاسایی ئەو زمانە بکەنەوە لە دەرەوە و شوێنی دیکەدا.
بەڵام ئەگەر لە دایک و باوکیان یان خوشک و برا گەورەکانیان وەریان نەگرن، کاتێک دەچنە قوتابخانە لەوانەیە ئەم قسانە لە منداڵەکانی ترەوە ببیستن.
کاردانەوەی دایک و باوک بەرامبەر بە “جنێودان”ی منداڵ بەزۆری جیاوازە و هەندێکجار ڕەنگە دایک و باوک ئەمە وەک ڕەفتارێکی “خراپ” سەیر بکەن کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
هەندێک دایک و باوکیش واتێدەگەن “جنێودان” کێشەیەکی گەورە نییە و لە هەندێک بارودۆخیشدا، ڕەنگە بە “پێکەنیناوی” ببینن.
پێویستە دایک و باوک لەوە تێبگەن کە منداڵان لە دەرەوە تووشی کێشە و سوکایەتی پێکردن دەبن، بۆیە ناتوانن کۆنترۆڵی ئەم بەرکەوتن و هەستانە بکەن.
ئەوەی دایک و باوک دەتوانن بیکەن کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەم بەرکەوتنە بە “سوکایەتی” لەسەر رەفتاری منداڵەکانیان، هەربۆیە گرنگە منداڵ بەو وشانە ئاشنا بکەن کە “گونجاون یان نەگونجاون” بۆ بەکارهێنان.
دایک و باوک بەرپرسیارن لە یارمەتیدانی منداڵەکانیان “تێبگەن کە چی دەڵێن و چۆن دەبێت وەربگیرێت”، هەروەها دایک و باوک دەتوانن “هەندێک ستراتیژی خۆپارێزی دابڕێژن”، بە گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵەکان سەبارەت بەو زمانەی کە لە فیلم و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان و دەرەوە بەکاردەهێنرێت.
دەبێت دایک و باوک منداڵەکان ئاشنا بکەن بەوەی کە چۆن و کەی و لەکوێ وشەی گونجاو بەکاردەهێنن.