هێمن هەورامی: لایەنەکان ڕێکیشبکەون هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت

 

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی کۆبوونەوەکان سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا هیچ لیکنزیکبوونەوەیەک لەنێوان لایەنەکاندا بۆ ئەو مەبەستە نییە.

هێمن هەورامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوو ڕەهەندی هەیە، ڕەهەندێکی سیاسی و ڕەهەندێکی یاسایی، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت بە دانیشتنێکی لیژنەکان یان دانیشتنێکی گشتیی پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات.

وتیشی، هەڵبژاردن بۆ لایەن سیاسییەکان دەکرێت ئەوانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە، چ سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، چ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و چ لەسەر شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردن، “ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان نامانەوێت ببینە هۆکار بۆ تێکدانی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەوەی تەنها ڕەهەندە یاساییەکەی لەبەرچاو بگرین”.

باسی لە هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، “لە پەرلەمانی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان ئەنجامدا بۆ ئەو مەبەستە، تاوەکو بتوانین لەناو پەرلەماندا هەم لایەنی یاسایی و هەم لایەنی سیاسیی هەڵبژاردن لەبەرچاوبگرین، بەداخەوە پەرلەمان نەیتوانی لەو هەوڵەی سەرکەوتووبێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ ئەوەی ئێستا هەوڵەکان لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە بەڵام تائێستا هیچ لێکنزیکبوونەوەیەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە 1/10/2022ـە.

هێمن هەورامی وتی، “عەیبەیەکی گەورەیە بۆ هەموو حزبە سیاسییەکان، هەموو فراکسیۆنەکان و خەڵکی کوردستانیش کە نەتوانرێت لەکاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت”.

باسی لەوەکرد، لایەنەکان لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران و پرسی پێکهاتەکان ناکۆکییان هەبوو، تا ئێستا لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن و پرسی پێکهاتەکان هیچ بەرەوپێشچوونێک لە ناکۆکیی لایەنەکان نەبینراوە، بەڵام هاوڕان لەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە تاوەکو بکرێت هەڵبژاردنێکی شەفاف و پاک و بێگەردبێت، ئەویش بە بەکارهێنانی تۆماری بایۆمەتریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی، هەرێمی کوردستان لەبەردەم زنجیرەیەک هەڕەشەدایە، پەرلەمان ناتوانێت بە زۆرینە و کەمینە ئەو پرسە یەکلاییبکاتەوە بۆئەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان تێکنەچێت، هەڵبژاردن چەند مانگێک دوابکەوێت و هەموو لایەنەکان بەشداربن تێیدا و هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە باشترە لەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و کوردستان دابەشببێت.

بابەتی پێشتر

بەهۆی پێكدادانی ڕووبەڕووی دوو ماتۆڕەوە دوو كەس مردن

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەكی ئومێدبەخش.. هەنگوین ژیانی ژنان ڕزگاردەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share