دەنگدان دەستیپێكرد
ماكرۆن و لۆپێن لەبەردەم مەحەكی فەرەنسییەكاندان

12 كاندید كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەكەن

بەیانی ئەمڕۆ دەرگای ناوەندەكانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی فەرەنسیدا كرایەوە بۆ دەستپێكردنی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چاوەڕوان دەكرێت ئیمانوێل ماكرۆن و مارین لۆپێن لە گەڕی دووەمدا كێبڕكێی توند بكەن.

نزیكەی 48.7 ملیۆن دەنگدەر دەتوانن بەشداریبكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لەنێوان 12 كاندیددا كە لە نێویاندا ئیمانوێل ماكرۆن-ی سەرۆكی ماوە تەواوبوو و مارین لۆپێن سەركردەی ڕاستڕەوی پەڕگیر هەیە كە بەپێی ڕاپرسییەكان خاوەن زۆرترین چانسی بردنەوەن.

بڕیارە دەنگدان لە كاتژمێر (18:00 بە كاتی گرینچ) كۆتایی بێت، ئەوكات ئەنجامی یەكەم ڕاپرسی دەنگدەران لەدوای دەرچوونیان لە ناوەندەكانی دەنگدان دەخرێتەڕوو، بەشێوەیەكی گشتیش ئەو ڕاپرسییانە تاڕادەیەكی زۆر متمانەپێكراون.

بەپێی ڕاپرسییەكان ماكرۆن پێشەنگی گەڕی دووەم بەدەستدەهێنێت بە جیاوازییەكی كەم لەگەڵ مارین لۆپێن-ی دیارترین ڕكابەری.

بەر لە تەنها چەند هەفتەیەك، ڕاپرسییەكان ئاماژەیان بۆ بردنەوەی ئاسانی ماكرۆن دەكرد كە بە پاڵپشتییەكەی بۆ یەكێتیی ئەوروپا دەناسرێت، هەروەها كارە دیپلۆماتییە چالاكەكانی دەربارەی ئۆكرانیا و بوژاندنەوەی بەهێزی ئابوری پاڵپشتن بۆی، جگە لە لاوازی بەرهەڵسكارەكانی.

بەڵام ئاستی جەماوەریی ڕووی لە دابەزین كرد بە چەند هۆكارێك، لەوانە درەنگ ڕۆچوونە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەجۆرێك تەنها یەك كۆبوونەوەی گەورەی جەماوەری ئەنجامدا، ئەو كارەی تەنانەت لایەنگرانی بە نائومێد بەخش ناویانبرد، لەگەڵ جەختكردنەوەی لە پلانێك كە پاڵپشتیی جەماوەریی نییە دەربارەی زیادكردنی تەمەنی خانەنشین بوون، سەرەڕای بەرزبوونەوەی زۆری هەڵاوسان.

لە بەرامبەردا لۆپێن-ی سەر بە سەربازگەی ڕاستڕەوی پەڕگیر و گومانكار لە یەكێتیی ئەوروپا و بەرهەڵسكاری كۆچ، بەڕوویەكی بەخەندە و متمانەوە گەشتی بە فەرەنسادا كرد لە ناوەندی دروشمی لایەنگرانی “دەیبەینەوە… دەیبەینەوە”.

هەروەك پاڵپشتییەكانی زیادیكرد بەهۆی جەختكردنەوەی بەردەوامی چەند مانگی ڕابردووی لەسەر تێچووی ژیان و پاشەكشەی گەورەی پشتیوانییەكانی ڕكابەرەكەی ئەریك زمور لە ڕاستڕەوی پەڕگیر.

ماكرۆن (44 ساڵ) كە لە ساڵی 2017ەوە دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، لە ڕۆژانی دوایی هەڵمەتەكەیدا هەوڵیدا ڕوونیبكاتەوە كە بەرنامەی لۆبان ناگۆڕدرێت، سەرەڕای هەوڵەكانی بۆ پاككردنەوەی وێنای خۆی و حزبەكەی (كۆڕبەندی نیشتمانی). ئەو بە ڕۆژنامەی لۆباریزیان-ی وت، “هەڵوێستە بنەڕەتییەكانی ناگۆڕدرێت: بەرنامەیەكی ڕەگەزپەرستانە پەیڕەو دەكات كە ئامانج لێی دابەشكردنی كۆمەڵگایە، ئەو زۆر توندە”.

لە بەرامبەردا لۆپێن دەنگۆی ڕەگەزپەرست بوونی ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت، سیاسەتەكانی سوود بە سەرجەم فەرەنسییەكان دەگەیەنێت، بنەڕەتیان هەرچییەك بێت.

گەڕی دووبارە
لەسەر ئەو ئەگەرەی گەڕی دووبارە لەنێوان ماكرۆن و لۆپێن ئەنجامدەدرێت، سەرۆكی فەرەنسا ڕووبەڕووی كێشە دەبێتەوە. زۆرێك لە دەنگدەرە چەپەكان بە ڕێكخەرانی ڕاپرسییەكانیان وتووە كە لە بەرژەوەندی ماكرۆن دەنگنادەن لە گەڕی دووبارەكردنەوەدا تەنها بۆ دوورخستنەوەی لۆپێن لە دەسەڵات، بەپێچەوانەی ئەوەی لە ساڵی 2017دا ڕوویدا.

بۆیە پێویستە لەسەر ماكرۆن ڕازییان بكات بە گۆڕینی هەڵویست و دەنگدان پێی لە گەڕی دووەمدا، لەكاتێكدا ماكرۆن و لۆپێن كۆكن لەسەر ئەوەی ئەنجامەكان كراوە دەبن بەڕووی سەرجەم ئەگەرەكاندا.

بابەتی پێشتر

بەهۆی کۆرۆناوەیە.. ئەمریکا داوا لە هاوڵاتییانی دەکات گەشتنەکەن بۆ چین

بابەتی دواتر

ستۆڵتنبێرگ: ناتۆ بە گۆڕانکاریی گەورە و مێژووییدا تێپەڕدەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share