پەتای كودەتا ئەفریقای گرتووەتەوە.. شەش كودەتا لە ماوەی 18 مانگدا ئەنجامدراون

لەئێستادا زیاتر لە 114 ملیۆن كەس لە ئەفریقا لەلایەن سەربازانەوە حوكمدەكرێن

لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا، لە ڕووداوی هاوشێوەدا سەرانی سەربازیی پێنج وڵاتی ئەفریقی حكومەتی وڵاتەكانیان وەلاناون، دوایینیان لە بۆركینا فاسۆ بوو لە ماوەی چەند ڕۆژی كەمی ڕابردوودا.

سەرهەڵدانەوەی كوردەتا لە كیشوەرە ڕەشەكە نیگەرانی بۆ ئەودوای سەرانی شارستانیی ناوچەكە دروستكردووە. نانا ئەكۆڤۆ ئادۆ، سەرۆكی گانا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، “مایەی هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژئاوای ئەفریقا”.

سەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لوتكەیان كرد بۆ تاوتوێكردنی دۆخی بۆركینا فاسۆ، دوای ئەوەی موقەدەم پۆل هێنری دامیبا، فەرماندەی نوێی سەربازی ئەو وڵاتە لە یەكەم وتاریدا بۆ گەل لە ئێوارەی پێنجشەممە ڕایگەیاند، وڵات بۆ سیستمی دەستوری دەگەڕێنێتەوە “كاتێك بارودۆخەكە گونجاوبوو”.

یەكەم وڵات مالی بوو لە ئابی 2020دا، كاتێك سوپا تووڕەیی خەڵكی بەرامبەر ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و شكستی حكومەت لە پاراستنی گەل لە توندڕەوان قۆستەوە و ئیبراهیم بوبەكر كیتا-ی سەرۆكی دەستگیركرد و ناچار بە دەستپێكێشانەوەی كرد لەڕێی تەلەڤیزیۆنەوە. پاشان بە چەند مانگێك ڕووبەڕووی كودەتای دووەم بووەوە.

لە نیسانی 2021 چاد كودەتایەكی نائاسایی بەخۆیەوە بینی، دوای كوشتنی سەرۆك، كە وڵاتەكەی بۆ سێ دەیە بەڕێوەدەبرد، بەخێرایی كوڕەكەی لە جێگەكەیدا دانرا بەشێوەیەك كە پێشێلكردنی دەستوور بوو.

لە ئازاری 2021دا هەوڵێكی شكستخواردووی كودەتا لە نەیجەر ئەنجامدرا. لە ئەیلولدا ئەفسەرێكی باڵا سەرۆكی لە گینیا وەلانا.

دواتر لە تشرینی یەكەمدا پێكهاتەی سەربازی لە سودان دەسەڵاتی گرتەدەست و سەرۆكی حكومەتی دەستگیركرد، كاركردنی بە بەڵگەنامەیەكی دەستووری پەكخست كە تایبەتە بە دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان شارستانی و سەربازییەكاندا.

لە ئێستادا زیاتر لە 114 ملیۆن كەس لە ئەفریقا هەن كە لەلایەن سەربازانەوە حوكمدەكرێن دوای ئەوەی بەشێوەی نایاسایی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە. ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان پرسەكەی بە “پەتای كودەتاكان” ناوبردووە.

“كودەتا گواستراوەیە”
كاتێك حكومەتی مالی ڕووخا، شیكەرەوان هۆشدارییاندا لەوەی بۆركینا فاسۆ دەشێت هەمان ڕێچكە بگرێتەبەر. ئێستا دوای ئەوەی ڕوویدا، هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر سزای ئەنجامدەرانی كودەتا نەدرێت، كودەتای زیاتر لە ناوچەكەدا ڕوودەدەن.

ئەو شیكەرەوانە بە ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)یان ڕاگەیاندووە كە “كودەتا گواستراوەیە”، هاوشێوەی گواستنەوەی پەتا لە یەكێكەوە بۆ ئەوی دیكە.

عەبدولزانیا سالیڤۆ، توێژەر لە زانكۆی كالجاری كەنەدی هۆكاری كودەتاكان بۆ خراپیی ڕۆڵی حكومەت دەگەڕێنێتەوە و وتی، “خەڵك لە حكومەتەكانیان بێزاربوون بە هۆكاری زۆر لەوانە هەڕەشە ئەمنییە گەورەكان، كارەساتە مرۆییە بێسەروبەرەكان، سەرەڕای ئەوەی ملیۆنان گەنج هیچ دەرفەتێكیان نییە بۆ هێنانەدی خەونەكانیان”.

سالیڤۆ ئاماژەی بەوەشدا، سوپا لەم وڵاتانەدا دەڵێت “بۆچی بارودۆخی وڵات نەگرمەدەست؟”.

س: ئەلحوڕە + ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

خۆسەر نیگەرانە لە ناونووسكردنی سەرباز و فەرمانبەرە هەڵاتووەكان لەلایەن دیمەشقەوە

بابەتی دواتر

سەرۆککۆمار ئەو پۆستەی مام سەنگی پێدا بە پلان و کڕینی دەنگ زەوت ناکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پاسەوانی كەناراوەكانی ئەمریكا: پێنج سەرنشینەكەی كەشتیی ژێردەریاییەكە گیانیان لەدەستداوە

پاسەوانی كەناراوەكانی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، كەشتییە ژێردەریاییە ونبووەكەی زەریای ئەتڵەسیان دۆزیووەتەوە و هەر پێنج سەرنشینەكەی گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەیان بۆ…
Total
0
Share