هەستیاریی یان ئۆمیکرۆن.. چۆن دەزانیت کامیانە؟

نیشانەکانی هەستیاریی قوڕگ و لووت لە بەهاردا، نزیکن لە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنەوە، ئەمەش وادەکات جیاکردنەوە و ناسینەوەیان کەمێک سەختبێت. کەواتە جیاوازی و لەیەکچوونی نێوان ئەم دوو حاڵەتە چین؟.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهاردا، زۆر خەڵک تووشی هەستیاریی قوڕگ و لووت دەبن، کە نیشانەکانی لە کۆکە و پژمە و تەنگەنەفەسی و چەند حاڵەتێکی تردا دەردەکەون. بەڵام لەگەڵ لێکچوونی ئەم نیشانانە و نیشانەکانی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆندا، هەندێک خەڵک دوودڵ دەبن لەوەدا کە داخۆ تووشی شێوەی ئۆمیکرۆنی کۆرۆنا بوون، یاخود تەنیا هەستیارییەکی وەرزییان هەیە؟.

بەپێی پێگەی Onmeda ی ئەڵمانی، ئەمانەی خوارەوە دیارترین ئەو جیاوازییانەن کە لەنێوان هەستیاریی وەرزی و ئۆمیکرۆندا هەن.

هەڵامەت و تەڕبوونی لووت

پژمین و تەڕبوونی لووت، دوو نیشانەی هاوبەشن لەنێوان هەستیاریی وەرزی و ئۆمیکرۆنیشدا. لەم بارەدا باشتروایە پشکنینی بەردەوامی کۆرۆنا ئەنجامبدرێت و چاودێریی کاتی سەرهەڵدانی نیشانەکان بکرێت، کە داخۆ هۆکارەکەیان چوونەدەرەوە و هەڵمژینی هەوا وەرزییەکەیە یان نا.

سەرئێشە

سەرئێشە لەو نیشانانەیە کە زۆربەی جار لە سەرەتای تووشبوون بە ئۆمیکرۆندا دەردەکەون، ڕەنگە هەندێک جار ئازاری پەلوپۆ و ئەندامەکانی دیکەی لەشیشی لەگەڵدا بێت. ئەم نیشانانە بە دەگمەن لە کاتی هەستیاریی وەرزیدا دەردەکەون.

پژمین

پژمین و هەستکردنی بەردەوام بەوەی دەتەوێت بپژمیت، لەو نیشانانەن کە کاتی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن دەردەکەون، هەروەها لە هەستیاریی وەرزیشدا دەردەکەون، بۆیە جیاکردنەوەیان کارێکی ئاسان نییە.

تەنگەنەفەسی

تەنگەنەفەسی لە نیشانە هاوبەشەکانی نێوان ئۆمیکرۆن و ئەو جۆرەی ڕەبۆیە کە سەرچاوەکەی هەستیاریی وەرزییە. لە کاتێکدا کە بۆ چارەی تەنگەنەفەسی پەنا بۆ بەخاخی کۆرتیزۆن دەبرێت، ئەوا لە حاڵەتی کۆرۆنادا باشتروایە سەردانی نەخۆشخانە بکرێت.

خورووی چاو

خورووی چاو لە نیشانە بەربڵاوەکانی هەستیاریی وەرزییە و بە دەگمەن لە حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکرۆندا ڕوودەدات. ئەگەر خورووی چاوەکان پژمینی لەگەڵدا بوو، ئەوە دەبێتە نیشانەی تووشبوون بە هەستیاریی وەرزی. قەترەی چاو یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێورکردنەوەی ئەم حاڵەتە.

تا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، لە نیشانە باوەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنە، بەڵام بە دەگمەن لە تووشبووانی هەستیاریی وەرزیدا دەردەکەوێت، بۆیە لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەشدا هاوکاتی نیشانەی دیکە، باشتروایە پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامبدرێت.

هەروەها پزیشکان ڕێنمایی دەدەن کە هەستیاریی وەرزیش نابێت فەرامۆشبکرێت، چونکە بەپێی یەکێتیی نەخۆشییەکانی هەستیاری و ڕەبۆی ئەڵمانی، فەرامۆشکردنی ڕەنگە ببێتەهۆی تووشبوون بە ڕەبۆ، لە کاتێکدا لەڕێی سەردانکردنی پزیشک و بەکارهێنانی دەرمانی گونجاوەوە، دەکرێت ڕێگری لێبکرێت.

بابەتی پێشتر

ڕووەكی ناوماڵ پیسبوونی هەوا بە ڕێژەی 20% كەمدەكاتەوە

بابەتی دواتر

وەزیری پێشمەرگە و وەزیری بەرگریی عێراق لە سلێمانی كۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە بۆقدا سەركەوتوو بووە.. توێژینەوەیەك تاوتوێی سەرلەنوێ گەشەكردنەوەی پەلەكانی ‏مرۆڤ دەكات

لە نوێترین هەوڵی زانستیدا، زانایان سەركەوتووبوون لە سەرلەنوێ گەشەپێدانی پەلەكانی ‏بۆق، ئەمەش بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ هاندانی “پەلەكانی…
Total
0
Share