وەزارەتی تەندروستی: ئەگەر خوێندنگەکان بکرێنەوە دەبێت بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان بێت

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەەی ئەمڕۆدا بڕیار لەسەر پرۆسەی خوێندن دەدرێت و ڕاپۆرتی ئێمەش بۆ لیژنەکە بەوجۆرەیە کە ڕێنماییە تەندروستییەکان دەبێت لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی خوێندندا جێبەجێ بکرێت.

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا، ئەمڕۆ دوای کاتژمێر 2:00 ئەنجامدەدرێت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندنەوە دەدرێت”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی سەبارەت بە دۆخی ئێستای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و ڕێنماییەکانی ئەگەری دەستپێکردنەوەی خوێندن دەخرێتە بەردەم لیژنەکە.

بەپێی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانی تێدایە لە ژمارەی توشبوون و مردن بە کۆرۆنا ئەگەری زۆرە بەر لە وادەی دیاریکراو کە پێشتر 1ی ئازار دیاریکرابوو بڕیار بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن بدرێت.

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی باسی لەوەشکرد کە بەبێ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان نابێت خوێندن دەستپێبکاتەوە چونکە ئێستا دۆخەکە باشە و ژمارەی توشبووان و مردن کەمبووەتەوە ئەگەر بەبێ ئەو ڕێکارانە خوێندکار و مامۆستا بڕۆنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن ژمارەی توشبووان بەرزدەبێتەوە و دۆخەکە خراپ دەبێت.

لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاریدا تاوەکو 1ی ئازار پرۆسەی خوێندن دەستپێنەکاتەوە، تەنها پۆلی 12ی ئامادەیی کە خوێندنیان دەستپێدەکاتەوە و ئەویش بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاوات شێخ جەناب وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە: تەنها ئاگاداری ڕاپۆرتی دیلۆیت و ‏‏350 ملیۆن دۆلارەکەین

وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم لێدوانێكی سەرۆكی حكومەت ڕەتدەكاتەوە، كە ڕایگەیاندبوو وەزیرەكە ئاگاداری داهاتی نەوتە، ئاوات شێخ…
Total
0
Share