خینتۆ کێیە؟ ڕیاڵ مەدرید ئەفسانەیەکی گەورەی لەدەستدا

ئەمڕۆ سێشەممە، یانەی ڕیاڵ مەدرید بەفەرمی کۆچی دوایی پاکۆ خینتۆی ئەفسانەی یانەکەی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی فەرمیی یانەی شاهانە، خینتۆ لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە، بەدوای خۆیدا مێژوویەکی گەورەی بەجێهێشتووە بۆ هەتا هەتایە لە چامارتینەوە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ لەپەڕاوەکانی یانەکەدا هەڵدەکۆڵرێت.

خینتۆ کێیە؟

پاکۆ خینتۆ، ماوەی 18 وەرز لەنێوان ساڵانی 1953 تاوەکو 1971 بەدرێسی لۆس بلانکۆسەوە یاریکردووە، تاکە یاریزانە لەمێژووی ڕیاڵ و مێژووی تۆپی پێدا شەش ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی بەهەردوو وەشانی کۆن و نوێوە بەدەستهێناوە.

لە 600 یاریدا 182 گۆڵی تۆمارکردووە، لە 18 وەرزدا جگە لە شەش ناسناوی ئەوروپی، 12 ناسناوی خولی ئیسپانیا، دوو جامی شای ئیسپانیا، جامی ئینتەرکۆنتێنتاڵ، جامی جیهانی بچووک، دوو جامی لاتینی بەدەستهێناوە.

پاڵەوانی چامپیۆنزلیگە

بەهۆی ئاستە جەستەییە ناوازەکەیەوە، خینتۆ لەسەردەمی کۆندا باشترین هێرشبەری باڵی چەپ بووە لە جیهاندا، بە گڕێدەری هەردوو نەوەی پێنج ناسناوە لەسەریەکەکە و نەوەی نوێی شاهانە ناودەبرێت.

خینتۆی ئەفسانە، یەکێکبووە لەو یاریزانانەی لەنێوان ساڵی 1956 تاوەکو 1960 پێنج ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەکانیان لەسەریەک بەدەستهێناوە، هەروەها سەرکردە و ڕابەری ڕیاڵ بووە لە چنینەوەی ناسناوی ساڵی 1966.

تاکە یاریزانی ڕیاڵە

ئەفسانە ناوازەکەی ڕیاڵ جگە لە شەش ناسناوی ئەوروپی، لە دوو فاینەڵی دیکەشدا بەشداریکردووە، ئەم ڕیکۆردەش تەنها پاولۆ ماڵدینی ئیتاڵی لە ساڵانی ڕابردوودا تۆماریکردووەتەوە.

لەوەش بەهێزتر، ناوبراو یەکەمین یاریزانی ڕیاڵە توانیویەتی 600 یاریی بۆ یانەکەی بکات، لەو 600 یارییەشدا 182 گۆڵی تۆمارکردووە.

بەهۆی ناو و ناوبانگە زۆرەکەیەوە، دوای ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ، لەلایەن فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە، خینتۆ بە سەرۆکی شەرەفی یانەی شاهانە دیاریکراوە.

لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا

ئەفسانەکەی ڕیاڵ 43 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا کردووە، لە هەردوو مۆندیالی 1962 و 1966 بەشداریکردووە، هەروەها ڕاهێنەری یانەکانی کاستیۆن، ڤالێنسیا و غەڕناتەش بووە.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید بۆندێکی گەورەی پێشکەشکراوە و هازارد ڕازی نییە

بابەتی دواتر

نوێنەری شازادەی سعودیە لەگەڵ بەرشلۆنە لەسەرهێڵە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share