ناودارترین 10 حاڵەتی دەرکردن لە کەللەکەی زێدانەوە بۆ نمایشی تۆتی

ناودارترین ئەو کارتە سوورانەی بەڕووی یاریزاناندا بەرزکراونەتەوە

دەرکردنی یاریزانان لەناو یاریگا بە کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانانەوە، خراپترین بڕیارە بەرانبەر یاریزان و یانەیەک دەدرێت، زۆرینەی حاڵەتەکان دەبنە هۆکار بۆ دۆڕاندنی یانەیەک، یاخود هەڵبژاردەیەک.

لە بواری تۆپی پێدا کاتێک یاریزانێک بە کارتی سوور لە یاریگا دەکرێتە دەرەوە یانەکەشی زیانی لێدەکەوێت، ناچاردەبن بە ڕێژەیەکی کەمتری یاریزانانەوە یاریبکەن، بەپێچەوانەی هەندێک لە وەرزشەکانی دیکە کە یاریزانی تر جێگەیان دەگرنەوە.

بە درێژایی مێژووی تۆپی پێ چەندین حاڵەتی دەرکردن لەسەر ئاستی یاریزانە گەورە و زەنگۆڵەدارەکان ڕوویداوە، هەندێکیان سزادانیان بەهۆی ڕەفتارەکانیانەوە گەیشتووەتە ئاستی سڕکردن بۆ ماوەی نۆ مانگ.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە گرنگترین ڕووداوەکانی دەرکردنی یاریزانان دەکەین.

کەللـەکەی زێدان: ناودارترین ڕووداوی دەرکردنە لە مێژووی تۆپی پێ، زێدان لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2006 لێدانێکی بە کەللـەسەر ئاڕاستەی ماتیرازی یاریزانی ئیتاڵی کرد و بە کارتی سوور لە یاریگا کرایە دەرەوە.

لەدوای ئەم ڕووداوە زێدان لە بواری تۆپی پێ دوورکەوتەوە و پێڵاوەکانی هەڵواسی.

لەقەکەی کانتۆنا: ساڵی 1995 لە ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان مانچستەر یونایتد و کریستاڵ پاڵاس، هاندەرێک سوکایەتی بە ئیریک کانتۆنای فەرەنسی ئەستێرەی یونایتد کرد، یاریزانەکە دوور لە گیانی وەرزشیی بە لەقە دەچێتە سەر جەستەیی و ئازاری دەدات، بەم هۆیەوە یاریزانە ئەفسانەییەکە ماوەی نۆ مانگ سڕکرا، کە دوورودرێژترین ماوەی سزادانە لە مێژووی تۆپی پێدا.

لێدانەکەی بێکهام: لە قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 1998 و بەتایبەت لە خولەکی 47ی یاری نێوان ئەرجەنتین و ئینگلتەرا، دیێگۆ سیمیۆنی یاریزانی ئەرجەنتینی بە توندی بێکهامی خست بەزەویدا، یاریزانە ئینگلیزیەکەش بە پێیەکانی لێدانێکی ئاڕاستەکردەوە و بە کارتی سوور لە یاریگا کرایە دەرەوە، ئینگلتەراش دۆڕاندنی تۆمارکرد.

دەستەکەی سوارێز: مۆندیالی 2010 لە ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان ئورۆگوای و غانا، لە کۆتای کاتە زیادکراوەکاندا غانا نزیکبوو گۆڵێک تۆماربکات و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە قۆناغی نیوەی کۆتایی، بەڵام لویس سوارێز بە دەستەکانی تۆپەکەی گەڕاندەوە و لە یاریگا کرایە دەرەوە و لێدانی سزا ئەژمارکرا، جیانی هێرشەربەری غانی گۆڵی بە لێدانە سزاکە تۆمارنەکرد و دواتر بە لێدانی یەکلاکەرەوە ئورۆگوای سەرکەوت.

توندوتیژی پیپی: ساڵی 2009 ڕیاڵ مەدرید ڕوبەڕوی خیتافی هاوسێی بووەوە، لە کۆتا ساتەکاندا پیپی پۆرتوگالی زۆر بە توندی و چەند جارێک لێدانی ئاڕاستەی فرانسیسکۆ کاسکیێرۆی یاریزانی خیتافی کرد و بە کارتی سوور لە یاریگا کرایە دەرەوە، دواتریش نۆ یاری سزادرا.

حاڵەتە بە توندوتیژترین وەسفدەکرێت لە بواری تۆپی پێدا.

نواندنەکەی ئالڤێس: لە قۆناغی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2011 و یاری نێوان ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، پیپی پۆرتوگالی پێیەکانی درێژدەکات و دانی ئالڤێس بە خۆنواندنەوە خۆی دەکوتێت بەزەویدا، بەم هۆیەوە ناوبژیوان پیپی دەکاتە دەرەوە و وا دەردەکەوێت لێدانێکی توندی ئاڕاستەکردووە، بەڵام دوای لێدانەوەی گرتەکان دەرکەوت تەنانەت پێیەکانیشیان بەریەکدی نەکەوتووە.

https://www.youtube.com/watch?v=rWpdsB5BN-Y

سێ کارتی زەرد: لە مۆندیالی 2006 بەتایبەت لە یاری نێوان کرواتیا و ئوسترالیا لە قۆناغی کۆمەڵەکان، جوسێپ سیمۆنیچی بەرگریکاری کرواتی سێ کارتی زەرد بەڕوویدا بەرزکرایەوە!

لە خولەکی 61 و یەکێکی دیکە لە کۆتا ساتەکاندا و دوای یارییەکەش کارتێکی دیکە، دواتر ناوبژیوان ڕایگەیاند، کە ناو و ژمارەی یاریزانەکەی بەهەڵە تۆمارکردووە بۆیە کارتی سووری بەڕوودا بەرزنەکردووەتەوە.

نواندنە ناودارەکەی بوسکێتس: وەرزی 2009/2010 تیاگۆ مۆتای یاریزانی ئینتەرمیلان بەکارتی سوور بەرانبەر بەرشلۆنە کرایە دەرەوە.

دوای لێدانەوەی گرتەکان دەرکەوت تیاگۆ لێدانەکەی ئاڕاستەکردووە، بەڵام بەو توندییە نەبووە و بوسکێتسی یاریزانی بەرشلۆنەش بەهۆی ئازارەوە ناناڵێنێت، بەڵکو خۆنواندن دەکات و لەنێوان پەنجەی دەستەکانیەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.

گریانی کریستیانۆ: ساڵی 2018 کریستیانۆ لە یەکەم گەڕانەوەی بۆ ئیسپانیا بەرانبەر ڤالێنسیا لە خولەکی 29 بەکارتی سوور لە یاریگا کرایە دەرەوە.

یاریزانەکە یاریگای بە گریانەوە بەجێهێشت، چونکە حاڵەتەکەی شایستەی دەرکردن نەبوو و دەکرا بە کارتێکی زەرد یاریزانەکە ئاگاداربکرێتەوە.

خۆفڕێدانەکەی تۆتی: مۆندیالی 2002 لە قۆناغی چارەکی کۆتایی ئیتاڵیا ڕوبەڕوی کۆریای باشووری خانەخوێ بووەوە.

یاریی نێوانیان بە گۆڵێک یەکسانبوون کۆتاییهات و پەنا بۆ کاتی زیادکراوبرا، لە کاتە زیادکراوەکاندا فرانچیسکۆ تۆتی شازادەی ڕۆما لەناو ناوچەی سزای کۆریا خۆنواندنێکی ناشرینی کرد و خۆی کوتا بەزەویدا، بەڵام ناوبژیوان لە فێڵەکەی تێگەیشت و دووەم کارتی زەرد و کارتی سووری ناڕاستەوخۆی بەڕوویدا بەرزکردەوە، دواتریش بەهۆی کەمی ڕێژەی یاریزانانی ئیتاڵیاوە کۆریای باشوور لە خولەکی 117 گۆڵی پێشکەوتن و سەرکەوتنی تۆمارکرد.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: سزادانی بەندکراوانی بادینان دادگا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی قورس

بابەتی دواتر

گەرمیان.. لە ڕوداوێكی هاتوچۆدا كەسێك گیانی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share