لایەنی تاریک و نەناسراوی ژیانی یاریزانان لە فێدرەر و کریستیانۆوە بۆ سیرینا و ئینێستا

هەوادارانی تۆپی پێ لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تەنها ژیانی ئاسایی و ناسراوی یاریزانان دەبینن و دەخوێننەوە، بەڵام ناوداران وەک هەر مرۆڤێکی دیکە بێهەڵە نین و ڕووبەڕوی سەختی ژیان بوونەتەوە و بە تارماییدا تێپەڕیانکردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی لایەنی تارمایی ژیانی هەندێک لە وەرزشکارە ناودارەکانی جیهان ئاشکرا دەکات، کە ڕەنگە هەوادارانیان پێشتر درکیان پێنەکردبێت.

چیرۆکی بڵاوکراوە و دیوی تارمایی ژیانی تایبەتی ئەم یاریزانانە بەنسبەت هەندێک لە هەوادارانیانەوە نەزانراوە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەدوای ئەم ڕاپۆرتە گۆڕانکاری بەسەر بۆچوونەکانتدا دێت، نەک بە خۆشنەویستن و دوورکەوتنەوە لێیان، بەڵکو لە ئەگەری دەرکەوتنی لاوازی هەر کەسێکدا مرۆڤ بۆچوونەکانی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و چیتر پاڵەوانێک بە کەسێکی ئاسایی دەخوێنێتەوە.

ئەندرێس ئینێستا

بەر لەوەی ببێت بە پاڵەوانی جیهانی ٢٠١٠ و خۆشەویستی گەلی ئیسپانیا، نیگارکێشەکە بەهۆی خەمۆکییەوە ناڵاندوویەتی.

ئینێستا دەڵێت، ” لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠ بەر لە مۆندیالی ئەفریقای باشوور بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕمکرد، نازانم هۆکار چی بوو، بەڵام چوومە حاڵەتی خەمۆکییەوە ئەوەش کاریگەری لەسەرم زۆر بوو، لەدوای تۆمارکردنی گۆڵی فاینەڵی مۆندیال و چنینەوەی نازناوەکە دووبارە ژیانم بۆ گەڕایەوە”.

یلینا ئیزنبایڤا

پاڵەوانە شۆخوشەنگەکەی ڕووسیا و یاریزانی بازدانی زانە لە بواری گۆڕەپان و مەیدان، یەکێکە لەو وەرزشکارانەی بەتوندی دژی هاوڕەگەزبازی دەوەستێتەوە و پاڵپشتی حکومەتی وڵاتەکەی دەکات بۆ لەناوبردن و دەرکردنی هەر یاسایەک لەدژیان.

ئیزنبایڤا دەڵێت، ” ئەگەر ڕێگە بە هاوڕەگەزبازان بدەین هەرچییەکیان بوێت لەسەر شەقامەکان ئەنجامیبدەن، دەبێت لە وڵاتەکەشمان بترسین، چونکە ئێمە کەسانێکین خۆمان بە هاوڵاتی ئاسایی دەزانین”.

تەنانەت پاڵپشتی بڕیارەکانی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیای کرد بۆ ڕووبەڕوبونەوەی هاوڕەگەزبازان، سەرباری ئەوەی ئەم هەڵوێستە بەنسبەت وڵاتانی ئیسلامی و خۆرهەڵاتییەکانەوە بوێرییە، بەڵام بەنسبەت ئەوروپا و ئەمریکاوە هەڵوێستێکی نامۆیە.


کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ

کریستیانۆ لەژیانی تایبەتیدا کەسێکی لەخۆڕازییە و هەندێک لە سەرچاوەکان بە نەرجسی ناویدەبەن، سڵ ناکاتەوە لە وەسفکردن و پیاهەڵدان بە سەروەت و قۆزییەکەی.

ئەم یاریزانە پێ نانێتە هیچ وەڵامێکەوە، مەگەر کاریگەر نەبێت و هێندەی دیکە نەیارانی توڕە بکات.

لە ساڵی ٢٠١١ و لەچوارچێوەی ڕووبەڕوبونەوەیەکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، هاندەرانی دینامۆ زاگریبی کرواتی بەتوندی هێرشیانکردەسەری و بە کەسێکی لەخۆبایی و خۆبەزلزان وەسفیانکرد، تەنانەت کریستیانۆ هاوشێوەی خۆیان وەڵامیدانەوە و هێندەی تر توڕەیکردن.

کریستیانۆ وتی، ” پێموابێت من کوڕێکی قۆزی دەوڵەمەندم و خەڵکی ئیرەییم پێدەبەن، هیچ لێکدانەوەیەکی دیکەم بۆ ئەو هاندەرانە نییە، لە ئیرەییدا بەو شێوەیە دژم دەوەستنەوە، بەڵام من گوێیان پێنادەم، بە ڕەخنەکانیان بەهێزتر دەبم”.


لانس ئارمسترۆنگ

خەڵکی بەرانبەر کەسانی خاوەن کەسایەتی بەهێز و هێرشکار خۆڕاگری لەدەستدەدەن و لەهەر ساتێکدا بێت پیایاندا دەتەقنەوە، چونکە توڕەیی لە ناخی کەسانی دیکەدا کۆدەکەنەوە.

ساڵی ٢٠٠٩ لە پاڵەوانێتی “تۆر دی فرانس” کۆنتادۆری باسکیڵسوار بەهەموو هێزییەوە لانس ئارمسترۆنگی ئەفسانەی تێپەڕکرد، ئەوەش بەدڵی ئارمسترۆنگ نەبوو لەکاتێکدا خۆی بەباشترینی جیهان و مێژوو دەزانی.

کۆنتاندۆر دەڵێت، ” ئارمسترۆنگ لەدوای ئەو گەڕە پێی وتم: تۆ هیچ ڕێزێکی تاکتیکەکانی تیمەکەمان ناگریت، منیش پێموت: تۆ لەهەموو ژیانتدا ڕێزی منت نەگرتووە، لەو کاتەدا منی ڕاگرت و وتی: باشە پێستولێرۆ”.

سەر لەئێوارەی هەمان ڕۆژ کاتێک تەواوی تیمەکە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی حەوانەوەی خۆیان، دووبارە ئارمسترۆنگ بەرۆکی کۆنتاندۆر دەگرێتەوە و بە ئیسپانی پێی دەڵێت، ” نەکەی بێزارم بکەیت”، بە ئاشکرا هەڕەشە لە کۆنتاندۆر دەکات کە ئەگەر بێتو لە پێشبڕکێکەدا بێزاری بکات، دواتر کاردانەوەی توندی دەبێت.


ڕۆجێر فێدرەر

فێدرەری ئەفسانەی بواری تێنسی سەرزەوی یەکێکە لە بەڕێزترین وەرزشکارانی جیهان، بەڵام لەژیانی وەرزشییدا هەمیشە بەو شێوەیە کاریزما نەبووە.

لە پەڕتوکی ژیانیدا دەگێڕێتەوە، ژیانی گەنجێتیم دڕندانە بوو، گوێم بە کەس نەدەدا و ڕێزی زۆرێکیشم نەدەگرت، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە یارییەکی ڕۆلاند گارۆس ڕووبەڕوی سێرجی بروگوێرا بوومەوە، هیچ ڕێزکم نەنواند و بەبێ ئەوەی سڵاوی لێبدکەم هاتمە ناو یاریگا، پێموابوو بەخێرایی و ئاسانیی بەسەریدا سەردەکەوم، بەڵام کاتێک دەزانم بە ئەنجامی (٦ – ١) و (٦ – ١) شکستمهێنا.

هەروەها دەڵێت، ” یاریزانێکی ڕکابەرم بە کەمزانی، بەڵام وایلێکردم هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ و شەرمەزاری بکەم، لەهەموو ئەوانەش ناخۆشتر، یارییەکە لە یورۆ سپۆرتەوە پەخشکرا”.


سیرینا ویلیامز

ئەستێرە ناودارەکەی بواری تێنسی سەرزەوی لە لایڤێکدا بە هەوادارانی ڕاگەیاندووە، دۆخی دەروونی زۆر خراپە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لە هەموو شتێک دەترسێت، لە منداڵەکانی توڕە دەبێت و توڕەبوونیشی لەترسی ئەوەیە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبن.

سیرینا سەرباری ناووناوبانگ و هێزی لەناو یاریگاکاندا، بەڵام لەدەرەوەی یاریگا خاوەن کەسایەتییەکی ناسەقامگیرە.

لەساڵی ٢٠٠٩ لە پاڵەوانیەتی کراوەی ئەمریکا بەرانبەر کیم کلیستەرز دوو خاڵی لەدەستدا، پێی وابوو داوەر هۆکاری لەدەستدانی خاڵەکانیەتی و لە داوەرەکە نزیکبووەوە و بە هاوارکردن پێی وت، “سوێند بەخودا، تۆپەکە دەهێنم و دەیکەم بەناو قوڕگتدا، گوێت لێمە؟ سوێند بەخوا دەیکەم”.

بەم هۆیەشەوە بڕی هەزار دۆلار سزادرا، ئەوەش تاکە ڕووبەڕوبونەوەی نییە لەگەڵ ناوبژیوانان، بەڵکو بە سەرزارەکی و هەندێجار ڕووبەڕو دژی داوەران دەوەستێتەوە.

لەیاریی کۆتایی کراوەی ئەمریکا بەرانبەر ناومی ئۆساکا دووبارە ڕووبەڕوی داوەربووەوە و دواتریش سەرپەرشتیاری خولەکەی بە (دز) وەسفکرد.

لەکۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای یارییەکە وتی، ” زۆرێک پیاو لێرەدا قسەیان کرد، بەوپێیەی ئەوان پیاون بێگومان بابەتەکە بەو شێوەیە نییە کە پێتان گەیشتووە”.

نیکۆلا کاراباتیچ

کاراباتیچ یەکێکە لە یاریزانە ناودارەکانی بواری تۆپی دەست و بۆ یانەکانی بەرشلۆنە و پاریس سانت جێرمان و هەڵبژاردەی فەرەنسا یارییکردووە.

پێشتر تێوەگلا بە خەواندنی پارە و گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان، بەتایبەت ئەو کاتەی بۆ یانەی مۆنتیپیلێ یارییدەکرد.

لەساڵی ٢٠١٥ بەم هۆیەوە لەلایەن دادگاوە ماوەی دوو ساڵ سزای زیندانیکردن بەسەر خۆیی و براکەیدا سەپێنرا، دوای ئەوەی دەرکەوت کە خێزانەکەی پارەیەکی خەیاڵی لەسەر دۆڕاندنی یانەی مێردەکەی خەواندووە و لەو کاتەشدا خەواندنی پارە لەسەر دۆڕاندنی مۆنتیپیلێ داهاتەکەی خەیاڵی بووە.

بابەتی پێشتر

ڤێرنەر بۆ چێڵسی.. لامپارد لەڕووی تاکتیکیەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ هێرشبەرە ئەڵمانییەکە دەکات؟

بابەتی دواتر

(١٠) زۆرانباز لەمێژووی (WWE) زۆرترین موچە و داهاتیان بەدەستهێناوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share