خاوەنی سێ فڕۆکەیە.. ئەو ئەفسانە هەرگیز نەدۆڕاوە و لەسەر پارە دەخەوێت

فلۆید مایوێزەر، پاڵەوانی ئەفسانەیی ئەمریکا و دەوڵەمەندترین وەرزشکاری جیهان

فلۆید مایوێزەر، ئەو بۆکسێنەرە ئەمریکیەی بە پشتوێنەکانی پاڵەوانی جیهانەوە ماڵئاوایی لە وەرزشدۆستان و هەوادارانی بواری بۆکسێن کرد، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری ڕێجیمی کارکردن نەبووە و دوای چەند جارێک گەڕانەوە، جارێکی دیکە بڕیاریداوە لە زستانی 2021 بگەڕێتەوە.

بۆکسێنەرە ئەفسانەییەکە کە هەرگیز لە ژیانی وەرزشییدا دۆڕاندنی تۆمارنەکردووە، بڕیارە لە مانگی شوباتی 2021 لە پاڵەوانیەتی (MMA MEHA 2021) بگەڕێتەوە و بەشداری چالاکییەکان بکات.

ماڵپەڕی ئاسینتیلی سپۆرت دووپاتیدەکاتەوە، بەهۆی گەڕانەوەی مایوێزەر و بەشداریکردنی پاڵەوانێتی (MMA MEHA 2021) لە ژاپۆن، پشکی پاڵەوانێتیەکە زیادیکردووە و هاوشێوەی ئۆڵۆپیادی تۆکیۆ گرنگی پێدەدرێت کە بڕیارە لەهەمان ساڵدا ئەنجامبدرێت، تاوەکو ئێستاش نەزانراوە ڕکابەرەکەی چ بۆکسێنەرێکی دیکە دەبێت.

گەڕانەوەی ملیۆنی

مایوێزەری تەمەن 43 ساڵ وازهێنانی لە بواری بۆکسێن ڕاگەیاندووە، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری ڕێجیمی وەرزشکردن نەبووە، بەپێچەوانەوە باشتر لە پێشوو لە ڕاهێنانکردن بەردەوامە.

ئەم بۆکسێنەرە لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەری لەسەر خول و پاڵەوانێتیەکان هەیە، بۆیە هەمیشە ڕێکخەران و فیدراسیۆنەکانی بۆکسێن و بواری هونەرە جەنگییەکان وەک داری جادوویی لێیدەڕوانن، چەند جارێک لە بڕیاری وازهێنان پاشگەزبووەتەوە و بە ملیۆنان دۆلار بەشداری لە دابەزینەکاندا کردووە، سوودی داتایی بۆخۆی و بوارەکەش بەدەستهێناوە، واتا گەڕانەوەکانی ملیۆنییە.

لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی بەرانبەر مانی پاکیاوی فیلیپینی و پاشان کۆنۆر ماکگریگۆری ئێرلەندی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، ئەگەر لەگەڵ سەروەتەکەیدا کۆکردنەوەی بۆبکەین دەگاتە زیاتر لە ملیار دۆلار، ئەم داتا و ئامارانەش لەلایەن گۆڤاری فۆربسی ئەمریکییەوە پشتڕاستکراونەتەوە.

هەموو ئەمانە مایوێزەریان کردووەتە ئەفسانەیەکی وەرزشی خۆشگوزەران، لە ژیانی تایبەتیدا جیاواز لەسەرجەم وەرزشکارانی دیکە پارەی خەیاڵی لە خۆی و خۆشییەکانی ژیانیدا بەکارخستووە.

موڵک و ماڵێکی زۆر

مایوێزەر لە وڵاتی ئەمریکا و بەتایبەت لە شارەکانی لۆس ئەنجلس و لاس ڤیگاس و مەیامی خاوەنی سێ کۆشکی شاهانەیە، بۆ کۆتاجار یەختێکی گرانبەهای بەناوی “نیڤادا” بەبڕی 10.4 ملیۆن دۆلار کڕی.

لە شاری لاس ڤیگاس کۆشکێکی شاهانەی هەیە کە 11 ژووری نوستن و 14 گەرماو و مەلەوانگەی دەرەکی و ناوخۆیی لەخۆدەگرێت، لەگەڵیدا کێڵگەیەکی تایبەت لە ژێریدا گەراجی ئوتۆمبێل هەیە بە چەندین جۆری ناوازەی ئوتۆمبێلەوە.

لە لۆس ئەنجلس کۆشکێکی دیکەی کڕیوە تێچووەکەی 25.3 ملیۆن دۆلارە، لە شەش بەشی جیاواز پێکهاتووە و 10 گەرماو و سینەمای تایبەتی 12 کەسی و فرۆشگا و کارگەی دروستکردنی شیرینی و شاری یاری تیادا بیناکراوە، کۆشکەکە دەکەوێتە سەر بەرزاییەکانی بێڤرلی هێڵز.

فڕۆکە و ئوتۆمبێلی گرانبەها

شتێکی شاراوە نییە کە مایوێزەر سەرشێتی ئوتۆمبێل و فڕۆکەیە، ئوتۆمبێلەکانی خۆشدەوێت و لە هەر جۆرێک دوو ئوتۆمبێلی کڕیوە بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی، واتا هەر ئوتۆمبێلێک بە ڕەنگی ڕەش لە لۆس ئەنجلس بکڕێت، بۆ کۆشکەکەی لاس ڤیگاس ڕەنگی سپی دەکڕێت و لە گەراجی کۆشکەکانیدا جێگیریان دەکات.

بەپێی ئامارێکی تۆڕی “ئی ئێس پی ئێن”، کۆی گشتی نرخی ئوتۆمبێلەکانی 20 ملیۆن پاوەندە کە بڕی 26.6 ملیۆن دۆلار دەکات.

جۆری ئوتۆمبێلەکان بریتین لە زنجیرەیەک ڕۆڵز ڕایس کە نرخی هەر یەکێکیان سێ ملیۆن پاوەندە، هەروەها چوار بوگاتی ڤیرۆن نرخی هەر یەکێکیان 1.7 ملیۆن پاوەندە.

یەکێک لە ئوتۆمبێلەکانی کە شانازی پێوەدەکات لامبۆرگینی ئاڤێنتادۆرە نرخەکەی 275 هەزار و فێراری 448 کە نرخەکەی 238 هەزار پاوەندە.

بۆکسێنەرەکە حەزی بۆ ئوتۆمبێلە ئەڵمانیەکانیش هەیە، مێرسیدسی جۆری ئەی ئێم جی جی63ی کڕیوە، کە نرخەکەی 206 هەزار پاوەندە.

جگە لە ئوتۆمبێل، بۆکسێنەرە ئەفسانەییەکەی ئەمریکا حەزێکی لە ڕادەبەدەری بۆ فڕۆکەی تایبەتی هەیە و خاوەنی سێ فڕۆکەیە بە مۆدێل و جۆری جیاواز.

فڕۆکەکانی لە کات و گەشتی جیاوازدا بەکاردەهێنێت، تەنانەت ڕێژەکە بەنسبەت کەسێکی ملیاردێرەوە هێندە زۆرە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئەمریکاوە سەرجەمیان بە یەک پاکێج ناونراون “مایوێزەر ئەیر”.

خۆشەویسترین و گرانبەهاترین فڕۆکەی لە جۆری جێلف ستریم G650یە و نرخەکەی 50 ملیۆن پاوەندە، لە ساڵی 2018 وەک دیاری ڕۆژی لەدایکبوونی بۆخۆیی کڕیوە، زۆرینەی وێنەکانی لەم فڕۆکەیە لەگەڵ هاورێکانی بڵاودەکاتەوە.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی سلێمانی تۆماتبارێکی دەستگیرکرد بەناوی ڕێکخراوەوە پارەی لە کەسوکاری شەهیدان وەرگرتووە

بابەتی دواتر

مەشقە ئامادەکارییەکانی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share