“ڕۆژی كۆتایی” ئیسرائیل دوادەكەوێت، لانیكەم لەئێستادا، بەهۆی چەندبارەبوونەوەی پچڕانی تەزووی كارەبا لە كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەندێك لە ناوچەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ماوەی چوار ساڵە، ئێران ژماردنێكی پێچەوانە (العد التنازلی) داناوە بۆ گەیشتنە ئەو بەروارەی لەلایەن عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ “لەناوبردنی كیانی سەهیۆنی” دیاریكردووە، كە بریتیە لە ساڵی 2040.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وێنەیەك بڵاوكراوەتەوە، كوژانەوەی ئەو شاشە ژمارەییە نیشاندەدات كە كاری ئەو ژماردنە پێچەوانەییە دەكات، ئەمەش بەهۆی پچڕانی تەزووی كارەباوە لە ئێران، پاش ساڵانێك لە سزای ئابوریی خنكێنەر.
بەرهەڵستیكردنی (كیانی سەهیۆنی) ناسراو بە “بزوتنەوەی بەرگری”ی دژ بە ئیسرائیل بووەتە بنەمای بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979، لە ساڵی 2017 بەپێی ئەژمێرەكە ڕوخانی ئیسرائیل 8411 ڕۆژی ماوە.
پچڕانی كارەبا تەنها كاتژمێر و تابلۆكانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو بەرۆكی كارگە و تۆڕەكانی مۆبایل و هێڵەكانی گەیاندنی ئاویشی گرتووە.
لەمڕۆدا بەشێكی بەرچاوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست كەمی وزە و دووبارەبوونەوەی ئەو كێشەیەوە دەناڵێنن، سەرەڕای خاوەندارێتی گەورەترین یەدەگی نەوت لە جیهاندا.
تەنها هەفتەی ڕابردوو، ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی ناڕازی هەڵیانكوتایەسەر نوسینگەكانی كۆمپانیایەكی كارەبا لە تارانی پایتەخت، بەمەبەستی نیشاندانی توڕەیی خۆیان.
پلەكانی گەرما لە باشووری ئێران و عێراق گەیشتە 50 پلە، ئەو دۆخەی هەموو هاوینێك بەهۆی قەتیسبوونی گەرماوە دووبارە دەبێتەوە.
بەمدواییە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چەند دیمەنێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرانەوە كە ئاستی ناڕەزایی بەرامبەر دەسەڵات لە ئێران نیشاندەدات، لە یەكێكیاندا هاوڵاتییان لەنێو باڵەخانەكانیانەوە دروشمی دژ بە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران دەڵێنەوە و دەڵێن، “مردن بۆ دیكتاتۆر” و “مردن بۆ خامنەیی”.
دەربارەی وەستانی ژماردنە پێچەوانەكە، دانی دانون، دیپلۆماتكاری ئیسرائیلی بە گاڵتەپێكردنەوە دەڵێت، “لەجیاتی پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی، پێویستە ئێران جەخت لەسەر پەرەپێدانی سەرچاوەكانی وزەی نوێ بكات”.
س: ڕۆژنامەی نەهار