ئەو زانیارییە پزیشكییە هەڵانەی دەربارەی ڤاكسینەكان بڵاودەكرێنەوە گرفتێكی خوڵقاندووە كە مەترسییەكەی كەمتر نییە لە پەتای كۆرۆنا، بەپێی ڕاپۆرتێكی نوێی ڕۆژنامەی (زە گاردیان)ی بەریتانی، ئەوەی ئێستا خەڵكی تیایە لە شەپۆلی هەواڵی تەندروستیی ناڕاست، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشكراكردنی ڤاكسینەكان.
وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو بڕە لە زانیاریی هەڵە و هەڵمەتەكانی دژی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا هیچ كات مایەی سەرسامی نییە، چونكە خەڵك دەیەوێت بەخێرایی بگاتە هەواڵەكانی تایبەت بە ڤاكسین و سەرجەم پێشكەوتنەكانی دیكە، بەڵام زۆری زانیارییەكان ڕەنگە ببێتە هۆی تێكەڵبوون و خراپ تێگەیشتن و تەنانەت خراپی نیەتیش، بەتایبەتیش كە ئەو زانیارییانە سەرچاوەكەیان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، كە چاودێری ڕاستەقینە بەسەر ناوەرۆكەكەیان و ڕاستی و دروستییانەوە نییە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، دەرخواردانی هەواڵی شێوێندراو دەربارەی ڤاكسینەكان مێژوویەكی دێرینیان هەیە. لە سەدەی نۆزدەدا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی هەرزانبا لە شانشینی یەكگرتوو، بەشێكی زۆری تێگەیشتنە هەڵەكان بڵاوبووە، بەتایبەت پاش ئامادەكردنی ئەو گۆڤارە خاوەن سروشتە نیمچە پزیشكیانەی بڵاوكراوەكانیان ئاراستەی خەڵك بوو، بەمەبەستی پڕكردنەوەی پێویستی خوێنەرانی دوودڵ، كە داوای هەموو ڕێنوێنییەك دەكەن لە زانیاری دەربارەی زیپكەی دەموچاوەوە بۆ عارەقكردنەوە تا قژهەڵوەرین و كێشەی هەرس.
لە بەرامبەردا پزیشكانی پسپۆڕ هەوڵیاندا هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی بڵاوكراوە نوێیەكاندا بكەن، بەهۆی مەترسییان دەربارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو جۆرە زانیارییە پزیشكییانە لە دەستی خەڵكدا، لەنێویشیدا ئەگەری ئەوەی نەخۆش بە ئاسانی خۆی نەخۆشییەكەی دیاریبكات یان دەرمان وەربگرێت بەبێ ڕاوێژی پیشەیی كە ئەنجامی كارەساتباری دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لە وتارەكانی دەستپێكی گۆڤاری لانسیت كە لە ساڵی 1887دا بڵاویكردەوە دەڵێت، “سەرجەم هەوڵەكان بۆ پێدانی زانیاری پزیشكی بە جەماوەر هەڵەیە و، پێویستە بوەستێندرێت”. هەروەك دامەزراوەكانی وەك كۆلێجی پزیشكیی شاهانە هۆشداریدا لەبارەی وتار و زانیارییە تەندروستییەكان لەلایەن ڕۆژنامەكانەوە.
تێڕوانینە گشتییەكان بەرامبەر ڤاكسین سەرچاوەی نیگەرانی زۆر بووە بۆ پزیشكان، زیادبوونی بەرهەڵسكاری بەرامبەر ناچاركردنی خەڵك بە وەرگرتنی ڤاكسین لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی نۆزە زیادیكرد و بووە هۆی لاوازی متمانە بە سەرجەم دامەزراوە سیاسی و پزیشكییەكان. بەرهەڵسكارانی یاخیبووی ڤاكسین خۆپیشاندانیان دەكرد و خەڵكیان لەدەوری تێڕوانین و پرسەكانیان كۆدەكردەوە، هەروەك هەندێك لەو ڕۆژنامانەی پشتگیری تێڕوانینەكانیانی نەدەكرد بە دوژمنی خۆیان ناودەبرد، هەندێكی دیكەش ڕۆژنامەكانیان بە سەرلێشێواندنی خەڵك دەربارەی سەلامەتی ڕێوشوێنەكان تۆمەتبار دەكرد.
بەرهەڵسكارانی ڤاكسین هەر بەوەوە نەوەستان، بەڵكو گۆڤاری دژ بە پێدانی ڤاكسینیان دامەزراند بۆ هاندانی خەڵك و ئاراستەكردنی تێڕوانینی گشتی، هەواڵسازانیان پشتیان بە كاردانەوە دەبەست بۆ سەلماندنی پرسەكەیان، لەگەڵ پڕكردنەوەی ڕاپۆرتەكانیان بە چیرۆكی ئەو دایكانەی دوودڵانە ناچاركراون بە پێدانی ڤاكسین بە منداڵەكانیان و، ئەو كەسانەی توشی “ژەهراویبوون” بوونەتەوە.
بە هاتنی سەرەتاكانی سەدەی بیستەم، دامەزراوەی پزیشكی هەڵوێستی خۆی نەرمتركرد بەرامبەر بەشداریی خەڵك لە وتوێژەكانی پەیوەندیدار بە پرسە پزیشكییەكان، پزیشكان بەشێوەیەكی بەرچاو پێیانوابوو كە بەشداریی هاوڵاتیان پێویستە لەگەڵ گرنگی ئەو ڕۆڵەی كە میدیاكان دەتوانن بیگێڕن لە هاندانی خەڵك بۆ جێبەجێكردنی ڕێوشوێنی تەندروستی.
پاش جەنگی دووەمی جیهان، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی كاریگەریی تەلەفزیۆن و ئەو گۆڕانكارییە خێرایەی لە دیمەنی پزیشكی و ڕۆشنبیریدا هاتە كاراوە، هاوبەشییەكی زۆر لەنێوان پزیشكان و ڕۆژنامەنوساندا پێكهات، دامەزراندنی كۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی پزیشكی لە ساڵی 1967دا بەرهەمی كارلێكی جدی نێوان هەردوو پیشەكە بوو. سەرەڕای بوونی ئەم هەوڵەش، بەڵام نەیتوانی ڕێگربێت لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هەواڵی ناڕاست.
لە ساڵی 1998دا نامەیەك كە لەلایەن Andrew Wakefieldی توێژەرەوە ئامادەكرا و تایبەت بوو بە پەیوەندی ڤاكسینی حسبە (تای ڕیخۆڵە) بە نەخۆشی ئۆتیزم كاردانەوەی گەورەی لەنێو ناوەندە زانستییەكاندا هێنایە ئاراوە، كە بەشێوەیەكی هەڵە بوونی پەیوەندی لەنێوان ئۆتیزم و ڤاكسینی تای ڕیخۆڵە نیشاندا. ئەمە بووە هۆی كەمبوونەوەی متمانەی خەڵك بە ڤاكسین و كەمی بەكارهێنانی.
ڕاپۆرتەكە لە كۆتاییدا باس لەوە دەكات دۆخەكەی سەدەی نۆزدە كە هاوشانی نەخۆشی و ڤاكسینەكان بوو تا ئەمڕۆ هەمان شتە، بۆیە باشترین هۆكار بۆ هێنانەدی زیادبوونی زانیاریی پزیشكی بەشێوەیەكی باشتر بە بەرپرسیارێتی هاوبەش دەبێت، لەگەڵ تەواوكردنی ئەركەكە لەنێوان توێژەران و ڕۆژنامەنوسان و خەڵكدا.
لەنێوان ئەوانەی متمانەیان بە ڤاكسینەكانی ئێستا كۆرۆنا هەیە و ئەوانەش كە متمانەیان پێی نییە، تۆ لە كامیانی؟