چین: ئەم وڵاتانە كۆرۆنایان بۆ ناردین

حكومەتی چین دەڵێت، “ووهان سەرچاوەی كۆرۆنا نییە، بەڵكو ڤایرۆسەكە لە وڵاتانی ترەوە هەناردەی چین كراوە.”

ڕۆژنامەی “گلوباڵ تایمز”ی چینی، پشتبەست بە لێكۆڵینەوەیەكی “ناوەندی چینی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیان”، بەدواداچوونێكی كردووە سەبارەت بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڤید 19 و بڵاویكردووەتەوە، “كانگای ڤایرۆسی كۆرۆنا، شاری ووهان-ی چین نەبووە وەك ئەوەی ماوەی ساڵێكە جیهان باسی دەكات، بەڵكو ئەو ڤایرۆسە لەڕێگەی خۆراكی بەستووەوە، لە چەند وڵاتێكی ترەوە گەیشتووەتە بە چین.”

بەدواداچوونەكە دەڵێت، “زانایانی چین، ڤایرۆسی كۆرۆنا-یان لە چەندین خۆراكی هاوردەكراودا بەدیكردووە، وەك گۆشتی بەستووی هاوردەكراو لە بەرازیل و ئەڵمانیا و ئوسترالیا، گێلاسی چیلی و خواردەمەنییە دەریاییەكانی ئیكوادۆر.”

لێكۆڵینەوەكەی “ناوەندی چینی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیان” جەختدەكاتەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەر دەفر و قتووی ئەو خۆراكە بەستووانە دۆزراوەتەوە و دەكرێت ڤایرۆسەكە لە پلەیەكی گەرمیی وەها نزمدا، بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە، بۆیە بڕوای تەواویان هەیە بەوەی كۆرۆنا لەڕێگەی خۆراكی بەستووی هاوردەكراوەوە گەیشتبێتە بازاڕی گۆشتی ووهان، بەڵام ئەو بانگەشەیەی چین، لەلایەن “ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی”یەوە ڕەتكراوەتەوە و ڕێكخراوەكە ڕایگەیاندووە، “ڕاستە، دەكرێت ڤایرۆسی كۆڤید 19 لە شوێنی بەستوودا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوە حاڵەتێكی زۆر تایبەت و دەگمەنە.”

زانایانی چین دەڵێن، “ئەو شارەزاییەی چین لە مامەڵەكردنی لەگەڵ سارس لە ساڵانی 2002 و 2003دا بەدەستیخستووە، وایكرد چین بەر لە وڵاتانی تری جیهان ڤایرۆسەكە و تووشبووانی ئاشكرابكات، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە كە چین كانگای ڤایرۆسەكە بێت، بە پێچەوانەوە، وادەردەكەوێت كۆرۆنا لە ناوچەی تری جیهانەوە ڕەوانەی چین كرابێت.”

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی: هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک

بابەتی دواتر

شێرەكانی باخچەی ئاژەڵانی بەرشەلۆنە تووشی كۆرۆنا بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share