بەپێی توێژینەوەیەکی ئەمریکی کە رۆژی سێشەممە لە گۆڤاریكی بواری ژینگە و تەكنەلۆجیادا بڵاوکراوەتەوە، گەرما بڵاوبوونەوەی گازێكی ژەهراوی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا زیاتر دەکات لەڕێی ئەو ماددانەی ناو ئۆتۆمبێل كە دژە ئاگركەوتنەوەن.
چەند بەشێک لە ناوەوەی زۆرێک لە ئۆتۆمبێلەکان لە ماددەی دژە ئاگركەوتنەوە دروستكراون، لەوانەش پێکهاتەکانی ئۆرگانی فۆسفات.
ئەم ماددانە لە دروستکردنی فۆمی ئیسفەنجیشدا بەکاردێت کە لە مۆبیلیات، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و جلوبەرگدا بەکاردێت.
توێژینەوەکە، كە لەلایەن توێژەرانی زانکۆکانی دیوک، بێرکلی و تۆرۆنتۆ-وە ئەنجامدراوە، دەریدەخات یەکێک لەو ماددانە کە ناوی ئەدینۆسین ترای فۆسفات (TCIPP)یە، لە هەوای 99%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پشکنینیان بۆ کراوە هەیە.
تاقیکردنەوەکە بریتی بوو لە هەڵواسینی نمونەیەک لە سلیکۆن لەسەر ئاوێنەی ناوەوەی ئۆتۆمبێلە مۆدێرنەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک، پاشان شیکردنەوەی ئەو ماددانەی لە نمونەکەدا دۆزراونەتەوە.
لە ژێر بارودۆخی ئاساییدا، دەرکەوتووە کە چڕیی ئەدینۆسین ترای فۆسفات هاوشێوەی ئەو بڕەیە کە لەناو ماڵێکدا دەدۆزرێتەوە.
بەڵام کاتێک پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە، چ لە دەرەوە بێت یان ناو ئۆتۆمبێل، چڕیی ئەم ماددەیە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
بوونی ئەدینۆسین ترای فۆسفات لە پێكهاتەی كوشندا ئەم کاریگەرییە بەرزدەکاتەوە.
راپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستیی ئەمریکا لە ساڵی 2023دا ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە ئەدینۆسین ترای فۆسفات ماددەی شێرپەنجەیی بێت.
دوای تاقیکردنەوەی لەسەر جرج و مشک، ئەم ئاژەڵانە تووشی گرێ بوون لە جگەر و منداڵداندا.
ئەدینۆسین ترای فۆسفات لە سەرەتادا جێگەی ماددەیەکی تری دژە هەوکردنی گرتەوە بە ناوی TDCIPP کە لە ساڵی 2011 لە کالیفۆرنیا لە لیستی بەرهەمە شێرپەنجەییەکان هاتبوو.
ئامادەكارانی توێژینەوەكە، نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە کاریگەری ئەم بەرهەمانە لەسەر ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێل کە بەهۆی کارەکانیانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان دەمێننەوە، یان تەنانەت لەسەر منداڵانیش.
پێشنیاریان کردووە کە پلەی گەرمی ئۆتۆمبێلەکە تەنانەت لە رۆژانی گەرمدا کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەگەر دەکرێت لە سێبەردا ئۆتۆمبێلەکە رابگیرێت و پەنجەرەکانی بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێی تێدا بکرێت.