ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لەسەر زیاتر لە دوو هەزار کەس ئەنجامدراوە ئاشکرایکردووە کە ژنان لە پیاوان زیاتر قسەدەکەن.
بە پێی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، توێژەران زیاتر لە دوو هەزار کەسیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بزانن پیاوان و ژنان کامیان زیاتر ئارەزووی قسەکردن دەکەن.
ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە کە پیاوان تێکڕا رۆژانە 11 هەزار و 950 وشە قسەدەکەن، لەکاتێکدا ژنان بە تێکڕا لەوان تێپەڕیون و 13 هەزار و 349 وشە لە رۆژێکدا دەڵێن.
هەرچەندە ژنان لە ژمارەی وشەی رۆژانەدا لە پیاوان زیاترن، بەڵام توێژەران ئاماژەیان بەوەکردووە کە جیاوازییەکە کەمترە لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە، جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەو بیرۆکە باوەی دەڵێت ژنان زیاتر لە پیاوان قسەدەکەن جگە لە کۆنەپەرستی هیچی دیکە نییە بەوپێیەی زۆرجار واتایەکی نەرێنی هەڵدەگرێت.
دوو هەزار و 197 بەشداربوو ئامێری تۆمارکردنی دەنگیان پێدرا کە گفتوگۆکانیان لە کاتی بەئاگابوونیاندا تۆمارکرد و دوای کۆکردنەوەی زیاتر لە 600 هەزار تۆماری دەنگی، داتاکان شیکرانەوە بۆ ئەوەی تێکڕای ژمارەی وشەکانی رۆژانە بۆ هەر تاکێک بزانرێت.
هەرچەندە توێژینەوەکە سەلماندی کە ژنان زیاتر لە پیاوان قسە دەکەن، بەڵام جیاوازییەکە بە تێکڕا تەنها هەزار و 73 وشە بووە.
هەروەها توێژەران ئاماژەیان بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە نێوان تاکەکاندا کردووە لە رێژەی قسەکردنی رۆژانەدا، کە کەمترین قسەکەر لە رۆژێکدا کەمتر لە 100 وشەی بەکاردەهێناوە، لەکاتێکدا زۆرترین قسەکەر گەیشتووەتە زیاتر لە 120 هەزار وشە لە رۆژێکدا، واتە 7 هەزار و 500 وشە لە کاتژمێرێکدا یان 125 وشە لەهەر خولەکێکدا.
توێژینەوەیەکی دیکە کە لە ساڵی 2007دا ئەنجامدراوە ئاشکرایکردووە کە ژن و پیاو رۆژانە نزیکەی 16 هەزار وشە بەکاردەهێنن و هیچ جیاوازییەکی رەگەزیی بەرچاویان نییە، بەڵام رەخنەی زۆری لێگیراوە بەهۆی بچووکی نمونەکەیەوە، کە تەنها خوێندکارانی کۆلێژی لەخۆگرتووە و سنووردار بووە.