ڕێكخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت “ئۆپیك”، بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 648 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا زیادكرد.
پێشتر بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، ڕێكخراوەكە ئەندامەكانی پابەندكردبوو بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام لە كۆتایی ساڵی 2021ـەوە بەهۆی بووژانەوەی بازاڕی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەكەیدا، ئۆپیك بە چەند قۆناغێك نەوتی بەرهەمهێنراوی زیادكرد.
لە دوایین بڕیاردا، ئۆپیك نەوتی بەرهەمهێنراوی مانگی تەمووزی داهاتووی بە 648 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا زیادكرد و بەپێی ڕێژەی بەرهەمهێنان، بەسەر وڵاتانی ئەندامدا دابەشدەكرێت و عێراق پشكی لەو زیادكردنە بەردەكەوێت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادكردنی بەرهەمهێنان، داهاتی عێراقیان زیادكردووە و لە چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تەنها لە فرۆشتنی نەوت عێراق 38 ملیار دۆلاری دەستكەوتووە، بەوەش داهاتەكەی بە بەراورد بە چوار مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 82.8% زیادیكردووە.