گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانک لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، جێگیرکردنی نرخی 100 دۆلار لە ئاستی 150 هەزاردا دوو کاریگەریی پێچەوانەی لەسەر هاووڵاتییان و حکومەت هەیە، بڕیارەکە زیانی بۆ هاووڵاتییان هەیە چونکە بەهۆی پشتبەستن بە کاڵای هاوردەکراو، نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە بازاڕدا بەرزدەبێتەوە. ئەمەش هێزی کڕینی مووچەخۆران و هاووڵاتییان بە ڕێژەی نزیکەی 20% کەمدەکاتەوە.
هاوکات وتیشی، لەلایەکی دیکەوە بڕیارەکە سوودی بۆ حکومەت هەیە، بەهۆی فرۆشتنی نەوت بە دۆلار، حکومەت دیناری زیاتری دەستدەکەوێت بۆ دانەوەی مووچە و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، هەروەها خواست لەسەر دۆلار کەمدەکاتەوە و یەدەگی دراوی بیانی دەپارێزێت.
بە وتەی گوڵاڵە سدیق، بە دووری دەزانێت بڕیارەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێویست بهێنێت، چونکە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و بەرزکردنەوەی نرخی ڕەسمیی دۆلار بۆ 150 هەزار دەبێتە هۆی داڕمانی هێزی کڕین و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، کە ئەمەش باروگوزەرانی هاووڵاتییان قورستر دەکات، چونکە زۆربەی کاڵا و پێداویستییەکان بە دۆلار هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن.
نموونەی کرداریی کاریگەرییەکانی بڕیارەکە:
بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکە: ئەگەر کاڵایەک بە 10 دۆلار هاوردە بکرێت، بە دۆلاری 150 هەزاری، نرخەکەی 15 هەزار دینار دەکەوێت. بەڵام بەهۆی جیاوازیی بازاڕەوە، کاتێک نرخی دۆلار لە بازاڕدا دەگاتە 180 هەزار دینار، هەمان کاڵا بۆ 18 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە.
کەمبوونەوەی بەهای مووچە: هاووڵاتییەک کە مووچەکەی 500 هەزار دینار بێت، لە کاتی دۆلاری 150 هەزاری بەهای مووچەکەی یەکسانە بە 335 دۆلار، بەڵام کاتێک دۆلار لە بازاڕدا دەگاتە 180 هەزار دینار، بەهای هەمان مووچە بۆ کەمتر لە 270 دۆلار دادەبەزێت.
گوڵاڵە سدیق ڕوونیکردەوە، ئەم جیاوازییە توانای کڕینی هاووڵاتییان بۆ زیاتر لە 20% کەمدەکاتەوە و دۆخی دارایی مووچەخۆران لە ڕووی توانای شتکڕینەوە لاوازدەکات.