دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرووپێکی چەکداری داعـ.ـشیان کە سەر بە “ویلایەتی کوردستان” بووە، هەڵوەشاندووەتەوە و 22 ئەندامی گرووپەکەیان لە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەستگیرکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، ئۆپراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، لە ماوەی 96 کاتژمێردا (لە 8 تا 12ی 9ی 2026) بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەڵەبجە بەڕێوەچوو. لە ئۆپراسیۆنەکەدا 22 تۆمەتبار لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، خورماڵ و سیروان دەستگیرکران.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکرایکرد کە پیلانی گرووپەکە (کەتیبەی 5ـی سەربە ویلایەتی کوردستان) بریتی بووە لە: خۆ ڕێکخستن و وەرگرتنی بەیعەت، دانانی بۆمب و تەقینەوە لە هەڵەبجە، چاودێریکردن و تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان، هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەماڕەتێک لە هەورامان یان شارەزوور، بەستنەوەی پەیوەندیی شانە نووستووەکان لەگەڵ تـ.ـیرۆریستانی دەرەوە، و کۆکردنەوەی پارە بۆ کڕینی چـ.ـەک.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش، لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازیدا گیراوە، لەوانە: چەکی ئاربیجی، گوللە هاوەن، ڕومانە، کڵاشینکۆف، دەمانچە، کامێرای چاودێری و دووربین.
تۆمەتباران بەپێی ماددەی (2)ـی تـ.ـیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.