دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم لەچوارچێوەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان بڕیاریدا ڕێکارەکانی وەرگرتنی ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێداویستیی بەدەستهێنانی مۆڵەتی پڕۆژەكان بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان لەپارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
لە نوسراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بەواژووی د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەرچووە تیادا باسلەوەكراوە، “لەچوارچێوەی ڕەشنوسی دابەزاندنی دەسەڵاتە دیاریکراوەکان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە، چەند دەسەڵاتێک بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان دادەبەزێنرێت”.
هەر لە نوسراوەكە ئەوەخراوەتەڕوو، “دەسەڵاتی وەرگرتنی ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێداویستی بەدەستهێنانی مۆڵەتی پڕۆژە دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان، دواتریش بە مەبەستی وردبینیکردنی مامەڵەکە پێویستە فۆرٍمی مۆڵەت بە پڕکراوەیی ڕەوانەی دەستەی وەبەرهێنەران بکرێت”.
سەرۆكی دەستەكە ڕوونیشیكردووەتەوە، “پێدانی مۆڵەتی کۆتایی و واژووکردنی مۆڵەتی کۆتایی پڕۆژەی وەبەرهێنان دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان”.