ئاوی هەولێر: ئێوارەی ئەمڕۆ ئاوی ئیفرازەکان بەردەدرێنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو کێشەیەی لە ئاوی ئیفراز دروستبووە، بەهۆی بارانبارین لە چۆمان و ناوچەی حاجی ئۆمەران و لێڵبوونی ئاوی هەرسێ ئیفرازی هەولێر بووە، بەڵام ئەگەری زۆرە ئێوارەی ئەمڕۆ ئاوی ئیفرازەکان بەربدرێنەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، زەردەشت عەبدولخالق بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەولێر وتی، “هەرسێ بۆری ئیفرازی یەک و دوو و سێی هەولێر کە ئاوی نزیکەی 50%ی گەڕەکەکانی هەولێر دابیندەکەن، گیراونەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ لێڵبوونی ئاوەکە دەگەڕێتەوە لەئەنجامی ئەو بارانەی لەناوچەکانی چۆمان باریوە، چونکە ئاستی لێڵبوونی ئاوەکە گەیشتووەتە 14 هەزار”.

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، “ئەگەر ئاستی لێڵبوونی ئاوی ئیفرازەکان بگاتە 1500 دەتوانین کۆنترۆڵی بکەین، بەڵام شەوی ڕابردوو ئاستی لێڵبوون گەیشتبووە 14 هەزار و بەیانی ئەمڕۆ بۆ نۆ هەزار کەمبووەوە”.

زەردەشت عەبدولخالق وتیشی، ئێستا ئاوەکە ئاستی لێڵبوونی بۆ حەوت هەزار کەمبووەتەوە و ئەگەری زۆرە تا ئێوارە بگاتە ئاستێک بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاوی ئیفرازەکان بەردەدرێنەوە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەو دیاردەیە لە وەرزی زستاندا ڕوونادات هەرچەندە باران بارین زۆرترە؟ بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر وتی، “دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە کە لە زستاندا ئاستی ئاوی ڕووبارەکان بەرزە، بۆیە هەرچەندە باران ببارێت لێڵبوونی ئاو دروستنابێت، بەڵام لە هاویندا و بەتایبەت لەمساڵدا کە ئاستی ئاو زۆر نزمە، هەر بارانبارینێکی کەمیش بێت ئاو لێڵدەکات”.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی کەبابخانە و شاورمەی سولی گراندی داخست

بابەتی دواتر

ئیلیزیێ: ماكرۆن بەڵێنی هاوكاریكردنی زیاتری ڕۆژئاوای كوردستانی داوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share