ئاسایشی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی تەقەكردن لە پاسێكی گەشتیاری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوەی ڕوویداوە هیچ پەیوەندییەکی بە گەشتیارانەوە نەبووە.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، “سەبارەت بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە و وا باسدەکرێت، کە ڕێگری لە هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق کراوە، ئاگاداری هەموولایەک دەکەینەوە، کە ئەم ڕووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە گەشتیارانەوە نەبووە”.
ئاسایشی هەولێر ڕوونیشیكردووەتەوە، “ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 16ی تەمموز، مەفرەزەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەسەر ڕێگای (کەرکوک- هەولێر) بە مەبەستی دەستگیرکردنی تاوانبارێکی هەڵاتوو لە یاسا بەناوی (ا.ص.ا) ناچار بە تەقەکردن دەبن، بۆیە دووپاتیدەکەینەوە کە ئەم ڕووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە خوشک و برا گەشتیارانەوە نەبووە و هاتنی گروپە گەشتیارییەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە بێ گرفت بەردەوامە”.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، “لێکۆلینەوەکان سەبارەت بە ڕووداوەکە بەردەوامە و هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە، کە هێزەکانمان لە ئەرکدان بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران”.