خۆشەویستی چۆن ئازادمان دەکات؟ سیمۆن دی بۆڤوار وەڵام دەداتەوە

ڕەنگە خۆشەویستی یەکێک بێت لە ئەزموونە هەرە ئازاردەرەکان و سەرچاوەی دەردەسەری بۆ مرۆڤ. پەیوەندییە سۆزدارییەکانیش زۆرترینی ئەو پەیوەندییانەی مێژووی مرۆڤایەتین، کە شكستیان هێناوە، سەرەڕای ئەو هەموو شکست و ئازارەی لە خۆشەویستی و پەیوەندیی سۆزداری دەکەوێتەوە، هەر هەر بەردەوامن و خۆشەویستیش کۆتایی نەهاتووە.

لەم چەند دەیەی دواییدا نیشانەی پرسیار خرایە سەر پەیوەندیی سۆزداریی باو، بەتایبەت دوای گەشەکردنی ئاگایی و هزری فێمێنیزم، کە بە بۆچوونی زۆر کەس پەیوەندییە سۆزدارییە باوەکە ستەم بۆ ژنان بەرهەمدەهێنێت.

بیگی ساستەری نووسەری فەڕەنسی و خاوەنی کتێبی “خۆشەویستی چۆن ژنان ژەهرخوارد دەکات؟” دەڵێت، هاوسەرگیری بۆ ژن، تابووتە و منداڵەکانیشی بزماری داکووتینی تابووتەکەن. چالاکوانێکی دیکەش بە ناوی جولی درەوار، پێی وایە دووانەی نێرە و مێیە، وا دەکات یەکێکیان هەژموونی بەسەر ئەوی دیکەدا زیاتر بێت، کە نێرەکەیە.

بەوپێیەی پەیوەندییە سۆزدارییەکا هەردەم کێشە و گرفتی دروستکردووە، بیرمەند و فەیلەسووفەکان هەوڵی داڕشتنەوەی چەمکی خۆشەویستییان داوە، بە شێوەیەک دوور بێت لە هەموو ئەو ئازار و ستەمە پێشبینیکراوەی زۆرینەی جار دووچاری ژن دەبێتەوە. یەکێک لەو فەیلەسووفانەشی گرنگی بە خۆشەویستی و پرسی ملکەچبوونی ژن و ئازادکردنی داوە، سیمۆن دی بۆڤوارە.

سیمۆن دی بۆڤوار چەمکی “خۆشەویستیی ڕەسەن”ـی داهێنا، کە بە دەرمانێکی بەهێزی دادەنا بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ئازاد بن، لەپاڵ ئەوەش ماوەی ٥٠ ساڵ پەیوەندییەکی خۆشەویستیی ناباوی لەگەڵ فەیلەسووفێکی دیکەدا هەبوو بە ناوی ژان پۆڵ سارتەرەوە.

خۆشەویستیی زەرووری و خۆشەویستیی ڕووکەشی

ئێوارەیەکی ساڵی 1929، کاتێک سارتەر و دی بۆڤوار لە بیستەکانی تەمەنیاندا بوون، سارتەر پێشنیاری گرێبەستێکی بۆ خۆشەویستەکەی کرد، کە هەموو دوو ساڵ جارێک نوێبکرێتەوە و وتی، “خۆشەویستییەکەمان زەروورییە، بەڵام کێشە نییە ئەگەر لە پەراوێزی ئەم خۆشەویستییەدا چیرۆکی خۆشەویستیی ڕووکەشیمان هەبێت”. خۆشەویستیی زەروور پەیوەند نییە جێگیر و بەردەوامەکەی نێوانیانە، چیرۆکەکانی خۆشەویستیی ڕووکەشیش ئەو چێژ و خۆشییە کە لەیەکدی دەبینن. بە مانایکی دیکە هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر پەیوەندییەکی کراوە کە هاوبەشییەکەیان بپارێزێت، “بەبێ ئەوەی یەکێکیان ئەوی دیکە داگیربکات”. بە بۆچوونی سارتەر، چیرۆکە سۆزدارییەکان باڵاترین و باشترین ڕێگەن بۆ ناسینی جیهانی، “چونکە وەک پیاو لەڕێی ژنەوە دەناسین و بە پێچەوانەشە هەر ڕاستە”. تاکە مەرجی سەرکەوتنی ئەم گرێبەست و ڕیککەوتنەش، ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی هەردوولایە، بەشێوەیەک هیچ شتێک لە یەکدی نەشارنەوە و پەیوەندییە لابەلاکانیان هەردەم بۆ یەکتری ئاشکرابکەن.

دوو فەیلەسووفەکە بڕیاریاندا خۆشەویستییەک بژین بەبێ ئەوەی لە دامەزراوێکی کۆمەڵایەتی وەک خێزاندا بن، واتە هاوسەرگیری نەکەن، سەربەست بن و تاکە مەرجیان ڕاشكاوی بێت. ئەم ڕێککەوتنەی دوو سارتەر و دی بۆڤوار تەحەدایەک بوو بۆ “ڕەوشی بۆرجوازی”، بە بۆچوونی ئەوان تەنانەت خۆشەویستی نابێت بەربەستێک بێت لەبەردەم ژیان و گەڕان بە جیهاندا. ئەم هاوبەشییەیان بۆ ماوەی 51 ساڵ بەردەوام بوو؛ چەندین تیۆر و تێروانین و کتێبی لێکەوتەوە و بووە سەرچاوەیەکی ئیلهام بۆ نەوەکانی داهاتوو. بە ڕای بۆڤوار ئەم ئەزموونە منداڵێکی لێکەوتەوە کە “بوونگەرایی” بوو.

ئەم پەیوەندییە بە چەندین نشوستی و سەرکەوتندا تیپەڕیوە، بەتایبەتی کاتێک بۆڤوار هەندێکجار دانی بەوەدا ناوە غیرەی لە سارتەر کردووە و باسی هەندێک پەیوەندیی سێکسی هەبووە کە گەیشتبووە بە ئاستی ئابڕووچوون و سکانداڵ لە ژیانی ئەکادیمی و فیکرییان. بەڵام پەیوەندیی نێوان دوو فەیلەسووفەکە هەر پتەو بووە، تاوەکو ئەو کاتەی بوڤوار گۆڕی سارتەر لە گۆڕستانی مۆنبارناس نێژراوە. ئاخۆ نهێنی سەرکەوتنی ئەم پەیوەندییە بێ گرێبەستە چییە؟

مرۆڤ بەو شێوەیە نییە کە لە ئێستادا هەیە، بەڵکو هەردەم لە گۆڕاندایە و لە پرۆسەی بووندایە

بۆڤوار کاریگەر بووە بووە فەلسەفەکەی سارتەر، لە کتێبی “ڕەگەزەکەی دیکە”، کە سەرچاوەی گرنگی فێمینیزمە تا ئەمڕۆش، باس لەو ستەم و سەرکەوتکارییە دەکات کە دووچاری ژنان دەبیتەوە، ئەویش بە پشتبەستن بەو تێڕوانینەی سارتەر کە دەڵێت مرۆڤ بەردەوام لە گۆڕاندایە و جەوهەرێکی جێگیر و نەگۆڕی نییە، بە وتەی سارتەر مرۆڤ پرۆژەیەک و خۆی خۆی دروست دەکات و خۆشی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەوەش پەیوەستە بە بوونمانەوە کە لەم دونیایەدا فڕێدراوین و مەحکوومین بەوەی ئازاد بین.

کاتێک لەم تێڕوانینەی سارتەر تێدەگەین، دەتوانین لەو قسەیەی بۆڤواریش تێبگەین کە دەڵێت، “ژن بە ژنێتی لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن”. ئەگەر سادەتر گوزارشتی لێبکەین، لە سەرەتاوە هیچ ڕۆڵێک بۆ مرۆڤ دەستنیشان نەکراوە. لێرەشەوە دەگەین بەوەی شوناسی ڕەگەزی (ڕەگەزی نێر و ڕەگەزی مێ) پرسێکی حەتمی نییە، بەڵکو کۆمەڵگە دروستی کردوون.
مادام ئینسانیش، لە فەلسەفەی بوونگەراییە، یەکسانە بە ئازادی، لەبەر ئەوە هیچ پەیوەندی و کارێک نییە چاو لەم ئازادییە دابخات و سەرکەوتووش ببێت.
بۆڤوار لە کتێبی “ڕەوشتی ناڕوونی” جەخت لەسەر ئەوە دەکات خراپە تەنها لە ڕەتکردنەوەی ئازادیدایە، ناشتوانم جەخت لە ئازدی خۆم بکەمەوە و بە ئازادیش بژیم، بەبێ دڵنیابوونەوە لە ئازادی ئەوانی دیکە.

هەر لێرەشەوەیە کە لای بۆڤوار، خۆشەویستییەک ڕێز لە ئازادیی خود و ئازادی ئەوی دیکە نەگرێت، خۆشەویستییەکە “ناڕەسەنە” و دەبێتە هۆی قۆرغکردنی پەیوەندییە سۆزدارییەکە بۆ ڕەوایەتیدان بە نەزمی هەڕەمی کۆمەڵایەتی و قۆرغکردنی ژن.

لە بەشی دووەمی کتێبی “ڕەگەزەکەی دیکە” بۆڤوار دەڵێت، ژن و پیاو دوو تێڕوانینی جیاوازیان بۆ خۆشەویستی هەیە. بەوپێیەی پیاو ڕاهاتووە لەسەر ئەوەی وا لە پەیوەندیی سۆزداری بڕوانێت کە بەشێکە لە ژیانی، بەڵام ژن وا لێی دەڕوانێت کە هەموو ژیانی بە دەوریدا دەخولێتەوە، لە مێژووشدا هانی ژنان دراوە چاوەڕوانی شتی گەورە لە پیاوان نەکەن، سەرەڕای ئەوەی ژن ئامادەکراوە بۆ خۆشەویستی و هاوسەرگیریکردن، لەڕێی بانگهێشتکردنیان بۆ قبوڵکردنی ستەمی پیاو بە ناوی خۆشەویستییەوە. بۆڤواری پێی وایە ژنان لەسەر ئەوە پەروەردە بوون ئامانجی ژیان خۆشەویستی بێت، بەڵام ئەو دەیەوێت تەنها ئازادی بکاتە بەهای ژیانی ژن.

بە شێوەیەکی نەرێنیش لە خۆشەویستی بە شەوق و تاسە دەڕوانێت، چونکە بە بۆچوونی ئەو هەر زوو دەگۆڕێت بۆ ملکەچبوونی ژن. واشی دەبینێت ئەو ناڕوونییەی چەمکی خۆشەویستی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی خراپبەکارهێنانی و کردنی بە ئامڕازێکی قۆرغکردن و ژینگەیەک بۆ پەیوەندیی ژەهراوی.

ئەم کۆپییەی خۆشەویستیش بەکارهێنراوە بۆ ڕەوایەتیدان بە نەزمی هەڕەمیی کۆمەڵگە و فەراهەمکردنی ڕۆڵی جێندەری لە پەیوەندییەکاندا و گەرەنتیکردنی بەردەوامبوونی دینامیکیەتی کۆمەڵگەی باوکسالاری، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ڕووبدات. لە کاتێکدا “خۆشەویستیی ڕاستەقینە” لای بۆڤوار، کە ڕووکەشی بەرانبەر قبوڵدەکات و ڕێز لە ئازادییەکەی دەگرێت، ستەمکار و قۆرغکار نییە، ناشبێتە بوارێک بۆ نواندنی مامەڵەی خراپ و ڕێگەیەک بەرەو بێزاربوون.

بابەتی پێشتر

فەلسەفەکەم

بابەتی دواتر

پلەی گەرمی کیشوەری جەمسەریی باشوور گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share