پلەی گەرمی کیشوەری جەمسەریی باشوور گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی

توانەوەی سەهۆڵ و بەستەڵەکەکانی کیشوەری جەمسەریی باشوور

کیشوەری جەمسەری باشوور بۆ یەکەم جار گەیشتە 20 پلەی سیلیزی، کە ئەمەش واتای تێكچوونی کەشوهەوای گەورەترین بەستەڵەکی جیهانە.

زانایانی بەڕازیلی ئاماژەیان بەوە کردووە ڕۆژی 9ی شوبات پلەی گەرمی دوورگەی سێیمۆور گەیشتووەتە 20.75 پلەی سیلیزی، کە لە بەرزترین تۆماری پلەی گەرمی کیشوەرەکە بەرزتربووە، کاتێک لە ساڵی 1998 لەسەر دوورگەی سیگنی تۆمارکرا و 19.8 پلەی سیلیزی بوو.

ڕۆژی ٦ی شوباتیش لەلایەن وێستگەیەکی لێکۆڵێنەوە لە شاری ئیسپێرانتزا لە ئەرجەنتین 18.3 پلەی سیلیزییان لەسەر کیشوەری جەمسەری باشوور تۆمارکردووە.

ئەم تۆماری پلەی گەرمییە دەبێت لەلایەن ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانییەوە پشتڕاستبکرێتەوە، بەڵام ڕێکخراوەکە پێداگرن لەسەر ئەوەی تەوژمی پلەی گەرمی سەر کیشوەرەکە و دوورگەکانی دەوروبەری وەربگرن، کە لە چاخی پیشەسازییەوە سێ پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە و بە خێراترین ڕێژەی تاودانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی سەر هەسارەکە دادەنرێت.

ئەو زانایانەی کە هەموو سێ ڕۆژ جارێک داتایان لە وێستگەیەکی دوورەوە تۆمارکردووە، تۆمارە نوێکەی پلەی گەرمیی دوورگەکەیان بە “نائاسایی و سەیر” وەسفکرد.

کارلۆس شایفەر، زانایەکی بەڕازیلییە و لە پرۆژەی تێرانتاردا کار دەکات، کە پرۆژەیەکی حکوومەتی بەڕازیلە بۆ چاودێریکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بەستەڵەکی هەتاهەتایی و بارودۆخی بایۆلۆجی 23 شوێنی کیشوەرەکە دەکات، وتی، “لە چەند شوێندا ئەم تەوژمی گەرمبوونەمان بینیوە، بەڵام هەرگیز شتێکی لەم شێوەیەمان بەرچاو نەکەوتووە”.

شایفەر وتیشی، “گەرمیی کیشوەرەکە و دوورگەکانی ساوس شیتلاند و دوورگەکانی جەیمس ڕۆس، کە دوورگەی سێیمۆوریش بەشێکە لە جەیمس ڕۆس، لە 20 ساڵی ڕابردوودا پێشبینینەکراو بووە. دوای ئەوەی لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستویەکدا کیشوەرەکە سارد بوویەوە، بەڵام لە ئێستادا پلەی گەرمییەکەی بەرزبووەتەوە”.

ئەو زانایانی لە پرژەکەی حکوومەتی بەڕازیلدا کار دەکەن، وتیان وا دیارە ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە پەوەیستە بە گۆڕانی تەوژمی زەریاکان و ڕووداوەکانی ئێل نینۆ، “کەشوهەوای بەرگەهەوا گۆڕاوە، ئەمەش لە نزیکەوە پەیوەستە بە دروستبوونی گۆڕانکاری لە زەریا و بەستەڵەکە هەمیشەییەکاندا. هەموو شتەکان پێکەوە پەیوەستن”.

کیشوەری جەمسەری باشوور دەکەوێتە بنکی باشووری گۆی زەوی و لە سەدا 70ی ئاوی سازگار لە شێوەی سەهۆڵ و بەفر لەخۆدەگرێت، ئەگەر هەمووی بتوێتەوە، ئەوا ئاستی ڕووی دەریا بە بەرزیی 50 بۆ 60 مەتر بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەمەش چەندین سەدە دەخایەنێت. زانایانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە تا کۆتایی ئەم سەدەیە، ئاستی ڕووی دەریا بە بەرزیی 30 بۆ 110 سانتیمەتر بەرزببیتەوە.

بابەتی پێشتر

خۆشەویستی چۆن ئازادمان دەکات؟ سیمۆن دی بۆڤوار وەڵام دەداتەوە

بابەتی دواتر

سەربازێک بە یارمەتیی چەند دەبابەیەک داوای هاوسەرگیری لە کچێک دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share