كێ سوودمەندە لە تەقاندنەوەیان؟
پاراستنی تاوەرەكانی کارەبا پێویستی بە نیوەی سوپای عێراقە

نزیكەی 70 تاوەر و هێڵی گواستنەوەی کارەبای سەرەکی بەتەواوی لەکارکەوتوون

ماوەیەكە تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا لە عێراق دەكرێنە ئامانج، ئەمەش، هاوشانی گرفتەكانی سیستمی کارەبا و كەمتركردنەوەی هەناردکردنی کارەبا و گاز لە ئێرانەوە، بێكارەبایی لە وڵاتەكە زیاتر كردووە، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما زۆر بەرزبوونەتەوە.

عێراقییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توڕەییان پیشاندا بەرامبەر نەبوونی کارەبا و هەواڵە بەردەوامەکانی کردنە ئامانجی وێستگەکانی کارەبا، هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و تاوەرە سەرەکییەکان لەلایەن گروپە چەکدارە نەناسراوەکانەوە.

دامودەزگا حکومییەکانی عێراق لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندوە، تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق ڕوبەڕووی دەیان هێرش بووەتەوە، هەروەها لە هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیكەی 70 تاوەر و هێڵی گواستنەوەی کارەبای سەرەکی بەتەواوی لەکارکەوتوون.

داعش؟ یان لایەنی دیكە
حكومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردنە ئامانجی تاوەرەكان دەخەنە ئەستۆی چەكدارانی داعش، بەڵام بەشێك لە چاودێرانی عێراق كەمێك وردتر لە پرسەكە دەڕوانن و پێیان وایە زیاتر لەوەی پرسێكی ئەمنی بێت، سیاسییە.

بەشێكی بۆچوونی چاودێران بەرەو ئەوەن، كە ئامانجی ئەو گروپانە لە تەقاندنەوەی تاوەرەکان، بۆ دروستکردنی جۆرێك لە وابەستەیی و پاشکۆیی عێراقە بۆ ئێران لە بواری کارەبا و دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە.

چاودێران ئاماژە بەوەشدەکەن، پەیوەندییەکی ڕێکخراو لەنێوان هێرشەکانی سەر تاوەر و وێستگەکانی کارەبادا هەیە، بەجۆرێک دوێنێ یەکشەممە لەناوچە بیابانییەکان تاوەرەکان کرانە ئامانج، کە کارەبای شارەکانی حەدیسە، ڕومانە و قائیمی لەپارێزگای ئەنبار لەکارخست.

ڕۆژێک بەرلەوە لە ناوچەی ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوک هێرش بۆسەر تاوەرەکانی کارەبا لەدەوروبەری خورماتوو ئەنجامدران، بەوپێیەش لەگەڵ جیاوازیی ئەنجامدەرانی هێرشەکان، بەڵام لەچوارچێوەی یەک شانەی ڕێکخراودا کاردەکەن.

پاراستنی تاوەرەكان پێویستی بە نیوەی سوپای عێراقە
سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای کردوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و ڕایگەیاند، “نزیکەی 50 هەزار تاوەری سەرەکیی گواستنەوەی کارەبا هەیە لە وڵاتدا لەسەر ڕووبەری نزیکەی 300 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە، بەشێکی فراوانیشی دەکەوێتە ناوچە بیابانییەکانی وڵاتەوە، هەر تاوەرێکیش لانیکەم پێویستی بە 10 پاسەوان هەیە بەشێوەی نۆرە (تناوب)، ئەمەش بەمانەی ئەوەی نیوەی سوپای عێراق بخرێتە خزمەتی پاراستنی تاوەرەکانی کارەباوە”.

لەلایەکی دیکەوە سەعدون جومعە چاودێری عێراقی وەڵامی ئەو لێدوانانەی وەزارەتی ناوخۆ دەداتەوە و ڕایگەیاند، “دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دەیانەوێت بەئامانجکردنی تاوەر و وێستگەکانی کارەبا بکەن بە بابەتێکی ئەمنی، لەکاتێکدا کردەوەکان بەڵگەن بۆ ئەوەی بابەتێکی سیاسییە، هاوشێوەی کردنە ئامانجی چالاکوانانی مەدەنی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بۆیە ناوەڕۆکی بابەتەکە سیاسییە نەک ئەمنی.

هەروەها زەکوان شەریف توێژەری عێراقی دەڵێت، “زانیارییە دزەپێکراوەکان لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە دەریدەخەن ئەنجامدەرانی ئەو کردەوانە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بڵاوبوونەتەوە، وەک شانەی بچووکی سەربەخۆ کاردەکەن کە پەیوەندی لەنێوانیاندا هەیە، ئەو شانانەش لایەنێکی دیاریکراوی ناسراو ئیدارەیان دەدات، کە سوودمەندە لە بوونی کەموکوڕی لە کەرتی کارەبای عێراق، ئەمەش ڕاستییەکە حکومەتی عێراق نایەوێت دانیپێدابنێت”.

زۆرینەی عێراقییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕوونی ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو شانەی چەکدارە نەناسراوانە ڕۆڵیان لەو کردەوانەدا هەیە، کە لەلایەن “لایەنی ناوچەییەوە” پاڵپشتییان لێدەکرێت و نایانەوێت عێراق بگاتە سەربەخۆیی لە کەرتی کارەبادا، وەک چۆن نایانەوێت لەهیچ بوارێکی دیکەشدا سەربەخۆیی هەبێت.

عێراق بەشێوەیەکی بەردەوام گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات بۆ کارپێکردنی ویستگەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا، بەدرێژایی ساڵانی ڕابردووش نەیتوانیوە پێداویستییەکانی وڵاتەکەی پڕکاتەوە.

دابینکردنی ئەو پێداویستی و وزەیە، قەرزەکانی ئێرانی لەسەر عێراق گەیاندووەتە نزیکەی چوار ملیار دۆلار، عێراقیش بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ناتوانێت ئەو قەرزانە بداتەوە.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی شارەزوور 30 کەسی بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە

بابەتی دواتر

دەستگیركردنی "تیرۆرستێك" لە سلێمانی ڕاگەیەنرا

بابەتی پەیوەندیدار