چیرۆكی ئەو كوردەی لە 10 ساڵ زیندانیكردن هەڵهات

كامیل ئەحمەدی، ئەكادیمیستێكی كوردە، دوای حوكمدانی بە نزیكەی 10 ساڵ زیندانیكردن، لە ئێران هەڵدێت و بە پێ چیا و دۆڵ و هەوراز و نشێوەكانی ئەو وڵاتە دەبڕێت و خۆی دەگەیەنێت بە بەریتانیا و لەوێ ژیانێكی نوێ دەستپێدەكات.

ئەحمەدی، پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە بەریتانیا ژیاوە، بەوپێیەی لە تەمەنی 18 ساڵیدا باوك و دایكی ناردوویانەتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی خوێندنی زانكۆ تەواوبكات. ئەو لە زانكۆی كەنت و پەیمانگەی لەندەن بۆ لێكۆڵینەوە ئابورییەكان خوێندوویەتی و بووەتە خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانی، دواتر گەڕاوەتەوە ئێران و وەك زانای بواری ئەنترۆپۆلۆجیا كاریكردووە.

تۆڕی هەواڵی بی بی سی كە چیرۆكەكەی (ئەحمەدی)ی بڵاوكردووەتەوە، باس لەوە دەكات كە ناوبراو دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، توێژینەوەی لە هەردوو بواری بەشوودانی كچانی مێردمنداڵ و خەتەنەكردنی مێینەدا كردووە، دوو كار و بوار، كە وایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران كردبوو چاودێریی كار و ڕەفتاری ئەحمەدی بكەن.

بەیانیی ڕۆژێكی مانگی ئابی ساڵی 2019، كەسێك لە دەرگای ماڵەكەی ئەحمەدی دەدات و خۆی وەك پۆستەچی دەناسێنێت، لەگەڵ كردنەوەی دەرگادا، ئەحمەدی 16 پاسدار دەبینێت هەڵدەكوتنەسەر ماڵەكەی و دەستگیری دەكەن و دەیبەنە گرتووخانەی ئیڤین، گرتووخانەیەك، كە ناوبانگێكی خراپی هەیە، بە تایبەت بۆ كوردان.

دوو مانگ لەمەوبەر و دوای زیاتر لە ساڵێك بەندكردن، دادگای ئێران تۆمەتی “پەیوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتێكی دوژمندا” دەخاتەپاڵ ئەحمەدی و سزای زیاتر لە 9 ساڵ زیندانیكردن و لێسەندنی پارەیەكی ئێجگار زۆر كە نزیكەی 700 هەزار دۆلاری ئەمریكی دەبێت، بەسەریدا دەسەپێنێت.

دوای ئەوەی ئەحمەدی بە كەفالەت ئازاد دەكرێت، لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەی دۆسیەكەیدا، چیاكان تەی دەكات و لە ئێران هەڵدێت.

 

كامیل ئەحمەدی دەڵێت، هۆكاری گرتن و حوكمدانەكەی تەنها لەبەر ئەوە نەبووە كە دوو ڕەگەزنامەی هەیە، بەڵكو ئێران ویستوویەتی لەو ڕێگەیەوە، وەڵامی بەریتانیا بداتەوە لەپای دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێران لەلایەن هێزەكانی بەریتانیاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، “لە ئێران ئەگەر هەڵگری دوو ڕەگەزنامە بیت، ئەوا هەمیشە گومانت لێدەكرێت.” وەك ئەحمەدی بە بی بی سی وتووە.

ئەو دەڵێت، “لێكۆڵەرەكە پێیوتم، تۆ پاروویەكی چەوریت. یەكەم لەبەرئەوەی كوردیت، دووەمیش بەوپێیەی سونیت، سێیەم هۆكاریشیان ئەوەیە كە تۆ توێژەرێكیت هەمیشە بابەتە هەستیارەكان دەوروژێنێت.”

ئەحمەدی ماوەی سێ مانگ لە گرتووخانەی ئیڤین دەستبەردەكرێت و لەو ماوەیەدا لێكۆڵەرەكان هەوڵدەدەن لەڕووی هزر و بیرەوە كاری تێبكەن، ئەو دەڵێت، “لەڕووی مرۆییەوە مامەڵەیەكی باشیان لەگەڵدا دەكردم، بەڵام لەژێر ئەشكەنجەی سپیدا بووم، واتە فشاری دەروونییم دەخرایەسەر، ئەو لێكۆڵەرانە شارەزان لەسەپاندنی زۆرترین فشار لەسەر كەسەكان.”

دادگای ئێران تۆمەتی سیخوڕی بەسەر كامیل ئەحمەدی-دا دەسەپێنێت و بانگەشەی ئەوە دەكات ئەو ڕێكخراوە خێرخوازییەی كە ناوبراو كاری لەگەڵدا كردووە، پارەی لە ئەمریكا وەرگرتووە، دادگا و داواكاری گشتیی ئێران هەر بەوانەوە ناوەستن، بەڵكو تۆمەتباری دەكەن بەوەی لە توێژینەوەكانیدا بانگەشەی بۆ هاوڕەگەزخوازی كردووە.

بەرئەنجامی هەموو ئەو تۆمەتانە، دادگا سزاكانی بەسەردا دەسەپێنێت، بەڵام لەكاتی ئازادكردنیدا بە كەفالەت، ئەحمەدی لە ئێران هەڵدێت و ڕوودەكاتەوە بەریتانیا. ئەو لەوباریەوە دەڵێت، “بڕیارمدا هەڵبێم، چونكە نەمدەتوانی 10 ساڵ لە زینداندا بمێنمەوە و كوڕەكەم دوور لە من، گەورەببێت، چونكە كاتێك من لە زیندان دەهاتمە دەرەوە، ئەو تەمەنی دەبوو بە 15 ساڵ، بۆیە بە ئاسانی هەڵهاتم و ڕامكرد بەبێ ئەوەی كەس ئاگاداربكەمەوە، جگە لە تاقمی تەراش و چەند پەرتووكێك و لاپتۆپەكەم و هەندێك پۆشاكی گەرموگوڕ، هیچی دیم لەگەڵ خۆمدا نەبرد.”

ئەحمەدی زیاتر لەبارەی هەڵهاتنەكەیەوە دەخاتەڕوو و دەڵێت، “دەبوو شاخەكان تێبپەڕێنم، زۆر سارد بوو، زۆریش تاریك و ترسناك، بەڵام دەبوو ئەوە بكەم كە كردم، نەمدەتوانی ئەو ماوە زۆرە لە كونجی زینداندا بمێنمەوە، هەستدەكەم لە دەرەوەی گرتووخانە بتوانم زیاتر خزمەتبكەم و سوودم هەبێت وەك لەوەی لە زینداندا بم.”

بابەتی پێشتر

وێنە و ڤیدیۆ.. ئەو کەسانەی ئاڵای داعشیان لە شارەزور دانا دەستگیرکران

بابەتی دواتر

لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی زیندانیکردنی نزیکەی 100 کورد ناڕەزایەتی دەربڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share