زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی دوو دەیەدا
ئەمریكا 100000 سەربازی لە ئەوروپا بڵاوكردووەتەوە

ئەمریكا 100 هەزار سەربازی لە ئەوروپادا بڵاوكردووەتەوە و بەشێكیان لە وڵاتانی هاوسنووری ئۆكرانیا جێگیركراون، “فەرماندەیی ئەمریكا لە ئەوروپا” دەڵێت، “سەربازەكانمان ڕووبەڕووی دوژمنكاریی ڕوسیا جێگیركراون”.

ڕۆژنامەی “STARS AND STRIPES”ی ئەمریكی كە تایبەتمەندە بە كاروباری سەربازی، ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە كیشوەری ئەوروپا ئاشكرادەكات و دەڵێت، “ئێستا ئەمریكا 100 هەزار سەربازی لە ئەوروپادا هەیە و ئەوەش زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا”.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە ڕۆژنامەكە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریكییانەی لە ئەوروپادا بوون، 65 هەزار سەرباز بوون، بەڵام لە مانگی كانوونی دووەمی ڕابردوودا ژمارەكەی زیادكردووە بۆ 80 هەزار سەرباز.

ئاشكرایدەكات، هەڵگیرسانی جەنگی ڕوسیا و ئۆكرانیا، وایكردووە ئەمریكا هێزی زیاتر ڕەوانەی ئەوروپا بكات و ئێستا 100 هەزار سەربازی لەو كیشوەرەدا هەیە، كە بەشێكی زۆریان هەمیشەیین و بەشێكی تریان بەشێوەی نۆرە و جێگۆڕكێ لە ئەوروپان.

هێزی “فەرماندەیی ئەمریكا لە ئەوروپا” ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، “ئێستا ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی زیادكردووە بۆ 100 هەزار سەرباز كە ڕووبەڕووی دوژمنكاریی ڕوسیا جێگیركراون”.

لەبارەی جوگرافیای دابەشبوونی ئەو هێزانەوە، ڕۆژنامەی “STARS AND STRIPES” ئاشكرایكردووە، بەشی زۆری ئەو 35 هەزار سەربازەی كە ئەمریكا بەمدواییانە ڕەوانەی ئەوروپای كردوون، لە بەشی خۆرهەڵاتی پۆڵەندا (نزیك لە سنوورەكانی ئۆكرانیا) جێگیركراون.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، تا ئێستاش ئەڵمانیا زۆرترین ژمارەی سەربازی ئەمریكا لەخۆدەگرێت، كە ژمارەیان 38 هەزار و 500 سەربازن، بەدوای ئەویشدا پۆڵەندا دێت كە 12 هەزار سەربازی ئەمریكای لێجێگیركراون، لەكاتێكدا بەریتانیا 10 هەزار سەرباز، ڕۆمانیا 2400 سەرباز و ئیسپانیاش 2500 سەربازی ئەمریكییان تیادا جێگیركراون.

ڕۆژنامەكە لە “فەرماندەیی ئەمریكا لە ئەوروپا”وە گواستییەوە، ئەمریكا بەمدواییانە 2500 سەربازی لە دەوروبەری بەڵتیك بڵاوكردووەتەوە و 1500 سەربازیشی ڕەوانەی سلۆڤاكیا لە نزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا كردووە.

“دوایین جار كە ئەمریكا ئەو ژمارە زۆرەی سەربازی لە ئەوروپا كۆكردبێتەوە و ژمارەیان گەیشتبێتە 100000 سەرباز، 20 ساڵ لەمەوبەر بوو لە ماوەی نێوان ساڵانی 2001 و 2005 ئەو كاتەی ئەمریكا هێزی بۆ هەردوو جەنگی عێراق و ئەفغانستان كۆدەكردەوە”، وەك ئەوەی ڕۆژنامە ئەمریكییەكەی تایبەتمەند بە كاروباری سەربازی ئاشكرایكردووە.

زۆربوونی ژمارەی سەربازانی ئەمریكیی “جێگیركراو” لە ئەوروپا، ساڵی 1945 و لەگەڵ كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهاندا دەستیپێكرد، ئەو كات ئەمریكا زیاتر لە سێ ملیۆن سەربازی لە ئەوروپادا هەبوو.

لە ساڵی 1948دا، ئەمریكا ژمارەی سەربازانی خۆی لە ئەوروپا بۆ 128 هەزار و 309 سەرباز كەمكردەوە.

ساڵی 1957 جارێكی تر قەبارەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا گەورەكرا و زیاتر لە 450 هەزار سەربازی ئەمریكی لەو كیشوەرەدا جێگیركران، بەدرێژایی 30 ساڵی دواتر، ژمارەی سەربازەكان بەرز و نزمی پێكراوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بە زۆریی هێڵدراوەتەوە.

لەگەڵ هەڵكشانی گرژییەكانی سەردەمی جەنگی سارددا، جارێكی دیكە ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی خۆی لە ئەوروپا زیادكرد و ساڵی 1987 نزیكەی 350 هەزار سەربازی ئەمریكی لە ئەوروپا بڵاوەیانپێكرابوو، بەڵام دوای لەبەریەكهەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991دا، ژمارەی سەربازەكان كەمكرایەوە.

بابەتی پێشتر

یەكێتی و گۆڕان بێ هەمواركردنەوەی یاسا بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن

بابەتی دواتر

چۆن جلە ڕەشەکانت دەشۆیت بەبێئەوەی ڕەنگەکەی تێکبچێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share