دادگا جارێكی دیكە بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینانی پەسەندكرد

دەستگیركراوانی بادینان

دادگای پێداچوونەوە بڕیاری سزای زیندانیكردنی چالاكوانانی پەسەندكرد، لەكاتێكدا چاوەڕوان دەكرا بڕیارەكە لە بەرژەوەندی چالاكوانان دەربچێت.

دوای تۆماركردنی داوا یاسایی پارێزەرانی چالاكوانان تایبەت بە ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەربارەی بڕیاری سزادانی پێنج لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان، لە 3ی ئەم مانگە دۆسیەكە ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە كرایەوە بەمەبەستی ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەكە.

چاوەڕوان دەكرا لەلایەن دادگاوە سزای چالاكوانان هەڵبگیرێت یان سوك بكرێت، بەڵام دادگا دووبارە سزاكەی وەك خۆی پەسەندكرد و (تیمی پارێزەران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وردەكارییەكەی ئاشكرادەكەن).

پێشتر بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “داوامانكردووە دۆسیەكە بدرێتە دەستەی گشتی، بۆیە پێشبینی دەكەین بدرێتە دەستەكە كە لە 15 دادوەر پێكدێت، تا چاو بە دۆسیە و بڕیارەكەدا بخشێننەوە”.

وتیشی، “پێموایە ئەو هەموو فشارەی ناوەوەی هەرێم و فشارە نێودەوڵەتییەكان كاریگەری دەبێت، جگە لەوەی وەك زانراوە لە بڕیاری پێشوودا لە كۆی پێنج دادوەر، دووانیان واژوویان نەكرد و باوەڕیان پێی نەبوو، چاوەڕوانین لە دەستەی گشتیدا ژمارەكە زیاتر بكات”.

جگە لەو چالاكوانانەی بڕیاری سزایان دەرچووە، بڕیارە لە 5 و 12ی مانگی تەمموزی داهاتووشدا دانیشتنی دادگایی 9 چالاكوانی دیكەی بادینان بەڕێوەبچێت.

دانیشتنی 5ی تەمموز تایبەت دەبێت بە هەریەك لە چالاكوانان، (عامر خالد عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خلیل مجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد) وەك ئەوەی ئەو پارێزەرە ئاماژەی پێدا.

دانیشتنەكەی 12ی هەمان مانگیش تایبەت بە (مەسعود شەنگالی، شیروان طه امین، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب) دەبێت و دادگاییەكەش بەپێی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 1ی پەرلەمانی كوردستانە، كە تایبەتە بە سیخوڕی و تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی.

هەریەك لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی-ش ڕۆژی 17ی ئاب بۆ دادگایی كردنیان دیاریكراوە و، جگە لەوانیش 35 چالاكوانی دیكە هەن، كە دۆسیەكانیان هێشتا لە ئاسایشە.

بابەتی پێشتر

کارمەندانی کارەبای سلێمانی بەهۆی زیادکردنی دەوام مانگرتنیان دەستپێکرد

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی شەش تۆمەتبار بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیردەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share