نرخی دۆلار ماوەی چەند ڕۆژێكە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، پەرلەمانتارێكیش هۆكارەكەی بۆ زیادبوونی خواست دەگەڕێنێتەوە، دەشڵێت، بانكی ناوەندی دۆلارێكی زۆری خستوەتە بازاڕەوە، بەڵام تائێستا دۆخەكەی پێ كۆنترۆڵنەكراوە.
بەیانی ئەمڕۆ نرخی دۆلار هاوشێوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرزبووەوە، بە جۆرێك 100 دۆلار بە 150 هەزار و 600 دینار مامەڵەی پێوەكرا، نرخەكەشی بەردەوامە لەبەرزبوونەوە.
لەبارەی هۆكاری زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “خواست لەسەر دۆلار زۆربووە و دۆلاریش تەنها لە دەستی حكومەتدا نیە تا نرخێكی جێگریر دیاریبكات، لە ئێستادا دۆلارێكی زۆریش لای بازرگانەكان و بانكە ئەهلییەكانە، كە لە بازاڕی ڕەشدا كڕیویانە”.
وتیشی، “لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بانكی ناوەندی نزیكەی 680 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕ، بەڵام كاریگەریی نەبووە، بەهۆی ئەوەی خواست و داواكاریی زۆری لەسەرە”.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕونیشیدەكاتەوە، ناتوانرێت كۆنترۆڵی بازاڕ و نرخ بكرێت، هەنگاوێكی لەو شێوەیە تەنها كاتێك دەتوانرێت، كە نرخ سانسۆر بكرێت و دۆلار تەنها لەلایەن حكومەتەوە بفرۆشرێت.
جەختی لەوەشكردەوە، كە گەڕانەوە بەغداد، لەگەڵ بانكی ناوەندی كۆدەبنەوە، تا بزانن سیاسەتیان چیە بۆ ڕێگریكردن لەبەرزبووەنەوەی زیاتری نرخی دۆلار.
شیروان میرزا پێشبینیش ناكات نرخی دۆلار بچێتە دەوروبەری 160 هەزار بۆ 170 هەزار دینار، دەڵێت، “بۆی هەیە بانكی ناوەندی هەندێك سیاسەتی هەبێت بۆ دابەزاندنی، بەڵام نەك بۆ ئەوەی لە 146 هەزار كەمتر بێت، بەڵكو بۆئەوەی لەو نرخە زیاتر بەرزنەبێتەوە”.