سەرچاوەیەكی حكومی: دادگا لەژێر فشاردا قاسم موسڵحی ئازادكردووە

قاسم موسڵح سەركردەی پڕۆسەكانی ڕۆژئاوای ئەنباری هێزەكانی حەشدی شەعبی

سەرچاوەیەكی حكومیی عێراق بەرپرسیارێتی ئازادكردنی قاسم موسڵح سەركردەی حەشدی شەعبی دەخاتە ئەستۆی دادگا و دەڵێت، تێوەگلاوی كوشتنی چالاكوانانە و لەژێر فشاردا ئازادكراوە.

ئاژانسی فڕانس پرێس لەسەر زاری سەرچاوەكەوە بڵاویكردەوە، “لەلایەن خۆمانەوە وەك حكومەت، سەرجەم بەڵگەكانی تایبەت بە موسڵح-مان پێشكەشكرد، بەڵام دادگا بڕیاری ئازادكردنی دەركرد، بەهۆی ئەو فشارانەی خرایەسەری”.

وتیشی، “بەڵگەكان ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەخۆدەگرێت كە لەنێوان موسڵح و جێبەجێكاری كوشتنەكان كراوە، سەرەڕای وتەی شایەتحاڵان و كەسوكاری قوربانییان و ئەو نامەی هەڕەشانەی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییان كراوە”، كە تێوەگلانی موسڵح لە كوشتنەكان دەسەلمێنن، لەكاتێكدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری دوێنێ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەكی پێویست لەبارەی تۆمەتباركردنیەوە لەبەردەستدا نییە.

لە 27ی ئایاری ڕابردوو لەلایەن هێزێكی ئەمنیی عێراقەوە قاسم موسڵح دەستگیركرا، دەستگیركردنەكەی پشێوی و ئاڵۆزی لە بەغداد دروستكرد، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە چەكدار و لایەنگرانی حەشد ڕژانە سەر شەقامەكانی بەغداد و ناوچەی سەوز، لە بەرامبەریشدا تانك و هێزی سەربازیی سوپای عێراق بەرەو ناوچەكە جوڵەیان پێكرا.

سەركردەكەی حەشد تۆمەتبار بوو بە “هێرشەكانی سەر بنكەی عەین ئەسەد و تیرۆرکردنی هەردوو چالاکوان فاهم تائی و ئیهاب وەزنی، لەگەڵ تۆمەتی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی”.

بەڵام ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوێنێ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پاش بەرچاوڕوونی دادوەرانی لێكۆڵینەوە، دەركەوت قاسم موسڵح تۆمەتباركراوە بە كوشتنی ئیهاب وەزنی-ی چالاكوان، بەڵام هیچ بەڵگەیەك لەسەری پێشكەشنەكراوە، بەتایبەت دوای ئامادەبوونی لە بەردەم دادوەران و وەرگرتنی وتەكانی، بەپێی پاسپۆرتەكەی دەركەوت لەكاتی كوشتنی وەزنی-دا لە دەرەوەی وڵات بووە و ڕەتیشیكردەوە بەشداربووبێت یان تاوانەكەی ئەنجامدابێت، هەروەك دادگای لێكۆڵینەوە هیچ بەڵگەیەكی دەستنەكەوت كە تێوەگلانی لەو تاوانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بسەلمێنێت.

لە 9ی ئایاری ڕابردوو ئیهاب وەزنی چالاكوانی دیاری عێراقی و ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی خۆپیشاندانەكانی كەربەلا لە هێرشێكی چەكداریدا كوژرا.

لەدوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019وە نزیكەی 600 خۆپیشاندەر و كەسی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەكانی شارە جیاجیاكانی عێراق لە هێرش و ڕووداوی جۆراوجۆردا كوژراون، دیارترینیشیان هیشام هاشمی، توێژەر و ڕاوێژكاری حكومی بوو لە تەمموزی ڕابردوو، كە لە بەردەم ماڵەكەیدا لە بەغداد كوژرا.

تائێستا دادگاكانی عێراق هیچ بڕیارێكی سزادانیان دەرهەق بە كردەكانی كوشتن دەرنەكردووە كە بەمدواییە زیادیانكردووە.

بابەتی پێشتر

سەدر ئامۆژگاری بەرپرسانی حەشد دەكات.. هەر بەرپرسێكتان هەڵەیكرد بەرگری لێنەكەن

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوایین زانیاری لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی هەرێم لەگەڵ بەغداد بڵاوكرایەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی وەزیران نووسراوێكی ئاراستەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد كردووە داوای بۆچوونی نوێنەرایەتییەكەی…
Total
0
Share