دەقی دوو گۆرانیی کوردی کە 111 ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانیدا بڵاوکراوەتەوە

بەکر شوانی *

ڕۆژهەڵاتناسان و گەڕیدەکانی ئەڵمان لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە، لە ڕێی کتێب و وتارەکانیانەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا، زانیاریی نوێ و ورووژێنەریان دەربارەی کورد و نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵات بە خوێنەرانی ئەڵمان گەیاندووە. ڕۆمانە خەیاڵییەکەی کارل مای (١٨٤٢-١٩١٢)یش بەناوی “بە کوردستانی کێویدا” کە یەکەمجار ساڵی ١٨٩٢ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، کاریگەریی زۆری هەبووە بۆ پەرەپێدانی چێژی خوێندنەوەی ئەڵمان و ئەوروپایییەکان دەربارەی کورد و دابونەریت و کولتوورەکەی.

ئێستا کاتێک بۆ ئەرشیفی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێینەوە، دەکەوین بەسەر بابەتی سەرنجڕاکێشدا دەربارەی کورد، بۆ نموونە؛ پاشکۆی (دێر تسایتگایست – Der Zeitgeist) کە پاشکۆی کولتووری و ئەدەبیی گەورە ڕۆژنامەی (بەرلینەر تاگەبلات) بووە، لە لاپەڕەکانی ٢ و ٣ی ژمارە ٢ی ڕۆژی ١٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٠دا دەقی دوو گۆرانیی کوردیی بە زمانی ئەڵمانی بڵاو کردووەتەوە. سەرنووسەری ئەم پاشکۆیە نووسەر و شانۆنووس و ڕۆژنامەنووسی جووی ئەڵمانی فریتس ئێنگل (١٨٦٧-١٩٣٥) بووە.

کەسێک بە ناوی “ر. ک. نۆیمان” دەقی گۆرانییە کوردییەکانی وەرگێڕاوە و پێشەکییەکی کورتیشی بۆیان نووسیوە. گۆرانیی یەکەم دەقێکی ئەوینداری و ڕەنگدانەوەی سرووشت و ژیانی کورد و کوردستانە. بەڵام گۆرانیی دووەم باس لە هێرشی بەدرخان بەگی میری جزیرە بۆ سەر کوردانی ئێزیدی دەکات و تابلۆیەکی ڕەشی ئەو سەردەمە دەخاتە ڕوو. بە خوێندنەوەی دەقی گۆرانیی دووەم، بە ئاسانی دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەمە لاوک بووە و بە ئەگەری زۆر لەلایەن یەکێک لە دەنگبێژەکانی دەرباری میر بەدرخانەوە هۆندراوەتەوە و گوتراوە. ئەرکی یەکەمی دەنگبێژان ئەوە بووە ڕووداوەکان بکەن بە هۆنراوە و گۆرانی و بە ناو خەڵکدا بڵاوی بکەنەوە.

لای خوارەوە، سەرەتا بابەتەکەی نۆیمان کە لە ئەڵمانییەوە وەرم گێڕاوە و دەقی هەردوو گۆرانییەکەیش لە خۆدەگرێت، دەخەمە ڕوو و پاشان چەند سەرنجێک لەبارەی بابەتەکەوە دەنووسم و لە کۆتایشدا بە کورتی ڕۆژنامەی “بەرلینەر تاگەبلات” بە خوێنەران دەناسێنم.

1. بابەتەکەی نۆیمان لە “دێر تسایتگایست”دا:

ئەدەبیاتی ورووژێنەر

دوو گۆرانیی کوردی

وەرگێڕان بە دەستکارییەوە لەلایەن ر. ک. نۆیمان

(لەبەرگرتنەوە قەدەغەیە)

تێبینییەکی سەرەتایی: کوردەکان خاوەنی ئەدەبیات (یان بەلایەنی کەمەوە خاوەنی شیعری هونەری) نین؛ لەوانەیشە زمانی کوردی هەرگیز نەنووسرابێتەوە. لەوانەیە ئەمە بۆ هۆزێکی ٦٠ هەزار کەسی شتێکی نامۆ بێت، بەڵام ڕوانین بۆ ئاڵۆزیی ئاینییان ئەم بابەتە زیاتر ڕوون دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم عەشیرەتانە کە سەر بە هەمان ئاینن، لە ناو خۆیاندا یەکدی دادەپاچن و گۆرانیی دووەم وێنەیەکی زیندوو لەو بارەیەوە دەخاتە ڕوو. کوردەکان بەتایبەتی لە داستان و بەیت و پەندی پێشیناندا دەوڵەمەندن، بەڵام وەک لای عەرەب و تورک و فارسەکان نا کە لەلایەن حیکایەتخوانانەوە دەگێڕدرێنەوە، بەڵکو لای ئەمان تا ڕادەیەکی زۆر موڵکی هاوبەشی گەلن. گۆرانییەکانیان لە ژماردن نایەن و لەبەرئەوەیشە من وەک ئاوێنەی باڵانمای ڕوحی میللیی کوردەکان دەیانخەمە ڕوو.

لەبەرئەوەی ناتوانرێت پێوەری کوردەکان بەوردی بەرهەم بهێندرێتەوە، هەوڵم داوە بەرگێک بە بەر گۆرانییەکاندا بکەم بەجۆرێک کە لەگەڵ زمانی ئەڵمانیدا گونجاو بێت. گۆرانیی دووەم کە بەلای منەوە تۆنێکی گۆرانیی بە ناوەڕۆک دراماتیکی تێدایە، دەکەوێتە خانەی گۆرانیی ناکۆکی و شەڕەوە کە بەردەوام لەلایەن گۆرانیبێژانەوە بە لێ زیادکردن و لێ کەمکردن و ئەنجامدانی گۆڕانکارییەوە تیایدا سەرلەنوێ دادەڕێژرێنەوە، بەجۆرێک کە فۆرمێکی جێگیر وەرناگرن. لەوانەیشە هۆکاری نەبوونی ئەدەبیات لە هەژاریی کوشندەی کوردەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت. ئەوان هیچ ناچێنن، لە چیایەکان دەژین، هەیانە و نییانە مێگەل و ڕەوە ئەسپیان هەیە کە ئەگەر ببەزێت، دەبێت بە موڵکی کەسی سەرکەوتوو. جارێک لاوبێر هۆزێکی بێڤاریی نەدار دەدۆزێتەوە کە ماوەی چل ڕۆژ بووە جگە لە سەوزەی کاڵ، هیچی تریان نەبووە بۆ خواردن.

فۆلکلۆری کوردی ئێجگار دوورە لە فەوتان؛ بۆ گۆرانیی دووەم سوپاسگوزاری هاوڕێم، “ڕۆژهەڵاتناس”، ئەلیزا بۆنێس-مۆسێ-م.

گۆرانیی یەکەم:

بەرزترین شوێنە، جوانی وەک خۆی نییە لەسەر زەوی

جێ لەوەڕگەی مەڕەکانمان حەسیر و ڕایەخمانن

بە نەرمی لە بەرزایی چیایەکان عەمبار کراون

بۆ ئەوەی بەرگی بەهاری هەمیشەیی بپۆشن

بەفری پێچاوپێچ لەسەر لوتکەی چیا دەبریقێتەوە

ڕەشماڵە ڕەشەکانی کورد بەرزتر هەڵدراون

لەو جێیەی کە لاوان بە ئازاری ئەوینەوە دەتلێنەوە

و ڕووبارەکان بە هاژە ڕووەو دۆڵ دەکشێن

لەو شوێنەی کچی کورد بە خەیاڵەوە دەڕوانێ

بۆ شوێنێکی دوور کە یار ئەمی بۆ دەڕفێنێ

و پاشان خوا چی بە قیسمەت کردبێ، هەڵی دەگرێ

بۆ باشیی هەموومان، بێ ئەوەی خۆمان پێی بزانین

بەرزترین شوێنە، جوانی وەک خۆی نییە لەسەر زەوی

جێ لەوەڕگەی مەڕەکانمان حەسیر و ڕایەخمانن

بە نەرمی لە بەرزایی چیایەکان عەمبار کراون

بۆ ئەوەی بەرگی بەهاری هەمیشەیی بپۆشن

***

گۆرانیی دووەم:

بەدرخان، پادشای کوردستان،

ئەوی لە دژی تورکان جەنگی دەست پێ کرد.

شمشێری ئەو پیاوانی ئیبلیسیشی پێکا

ئەو سەرەتا تاڵان و شەڕ فێر بوو.

هەواڵیان نارد بۆ فارسستان بۆ هاوکاری

وەلێ تەنیا پیاوێکیش نەهات بۆ ڕزگارکردنیان،

سێ ژنی شەڕانی هاتنە بەرەوە،

بەدرخان گرتنی و بە تێڵا بردنییەوە بۆ ماڵ.

دەمەوبەیانی کاتێ خۆر لە چیاوە دەرکەوت،

هۆڤانە هاوارمان کرد: ” ئێستا بۆ جەنگ”.

بەدرخان، پادشای کوردستان،

ئەوی لە دژی تورکان جەنگی دەست پێ کرد.

ئیبلیسپەرستان بەترسەوە هەڵهاتن،

بە هاتوهاواری ئێمە لە خەو بێدار بوونەوە،

ژنان خۆیان لە ناو داراندا شاردەوە؛

هەر جەنگاوەرێک کەمێک شکۆی هەبێت، لە دژی ژنان ناجەنگێ.

بەدرخان لە ئەسپی سامناکی شەڕ سوار بوو،

ژنانی ڕاودەنا؛ هەروا بۆ کەیف و خۆشی

فەرمانی دا ماڵ و کەپرەکان بسووتێندرێن،

بۆ ئەوەی ئیبلیس نەتوانێ چی دی شوێن بدۆزێتەوە.

پاشان پیاوان ڕاودەنێ!

ئاپۆرەی ئێمە وەکو دڕندە بە ناو دارستانی بچووکدا بڵاو بووینەوە!

پیاوە هەڵهاتووەکانمان لە کەنار ئاو و لە ناو داران هێنانەوە

 و بەستمانن بە شورای ئەسپەکانمانەوە.

ئەمجار بەرەو خوار ملمان نا – تا لە پڕ

گەیشتینە کۆتایی بناری چیا.

و لە خوارەوە خوڕەی ئاوی زاپ دەهات؛

ئەوێ بە کردەوە بۆ هەندێکیان بوو بە گۆڕی سارد.

ئەو ترسنۆکانەمان بەکێش کرد بۆ قەراغ تاوێرەکان،

ئەو شوێنەی کە خان بە نیگای ترسناکییەوە لێی ڕاوەستابوو.

ناڵاندیان و زۆر بۆ ژیان پاڕانەوە،

چونکە ژیان ئاسانە و مردن دژوار.

بەدرخان پاڵی بە یەکەم کەسەوە نا بەرەو تاوێر،

بە تەور و ڕم بەرەو قەراغی تاوێر بردی.

کابرا ناڵەیەکی ترسناکی لێوە هات، بەڵام دواجاری بوو،

چونکە ئێمە خێرا هەموو پیاوەکانی ترمان بۆ ناو دۆڵ بەردایەوە.

هەتاو گەرم داهات، گەشتەکەمان خێرا بەکۆتا هات،

لە دوورەوە دەنگی وەڕینی سەگ دەهات!

گەیشتینەوە بیسمالا، گوندەکەی خۆمان،

ئەو گوندەی کە لەسەر زەوی لە وێنەی نییە.

تۆ، ئەی ئەو گوندەی کە منت هێنایە دنیاوە،

وەک ئەوە وایت هەر ئێستا لە تۆوێکی خوێناوی چەکەرەت کردبێ.

بەدرخان، پادشای کوردستان،

ئەوی لە دژی تورکان جەنگی دەست پێ کرد.

2. چەند سەرنجێک دەربارەی بابەتەکی نۆیمان

سەرباری گەڕانی زۆرم بە ماڵپەڕی مۆزەخانە و ناوەندە مێژوویی و کولتوورییەکانی ئەڵمانیادا، بەداخەوە نەمتوانی هیچ سەرەداوێک دەربارەی (ر. ک. نۆیمان) بدۆزمەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە بۆم دەرکەوت ناوبراو لەو سەردەمانەدا لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا کاری کردووە. پێم وایە بە پلەی یەکەم لە ئەرشیفی بەڕێوەبەرایەتیی “بەرلینەر تاگەبلات”دا لە بەرلین زانیاری دەربارەی نۆیمان دەست بکەوێت و بۆ ئەو مەبەستەیش پێویست بە سەردانێکی بەرلین و گەڕانی وردتر دەکات.

بەو پێشەکییە کورتەدا کە نۆیمان بۆ دوو گۆرانییەکەی نوسیووە، دەردەکەوێت ناوبراو خاوەنی زانیارییەکی زۆر سنووردار بووە دەربارەی کورد و زمان و نیشتیمانەکەی. ئەو پێی وابووە کورد خاوەنی ئەدەبیات یان بەلایەنی کەمەوە شیعری هونەری نین و گومانیشی هەیە لەوەی زمانی کوردی نووسرابێتەوە. دیارە نۆیمان بێ ئاگا بووە لەوەی کە  ١٦ ساڵ بەر لە وتارەکەی ئەو، چاپخانەی “شیرکەتی مورەتەبییە” ساڵی ١٨٩٤ لە ئیستانبوڵ فەرهەنگی “الهدیة الحمیدیة في اللغة الکردیة”ی یوسف ضیاءالین پاشا الخالدي المقدسي چاپ کردووە، یان نەیزانیوە کە ساڵی ١٨٩٨ یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی “کوردستان” لە قاهیرە دەرچووە.

١١١ ساڵ لەمەوبەر کاتێک نۆیمان نوسیوێتی کوردەکان خاوەنی شیعری هونەری نین، لەمێژ بوو ڕۆژهەڵاتناسان و گەڕیدەکانی ئەڵمان وەک هاوپیشە ڕۆژئاوایییەکانی تریان لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمەوە لە هەرێم و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەستنووسی زۆریان پەیدا کردبوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویاننەوە بۆ ئەڵمانیا و تا ئەمڕۆیش لە کتێبخانە و مۆزەخانە گەورەکانی ئەو وڵاتەدا پارێزراون. بۆ نموونە، ڕۆژهەڵاتناس ئێدوارد زاخاو (١٨٤٥-١٩٣٠) لە ساڵانی ١٨٧٠-١٨٨٠ لە سووریا و میزۆپۆتامیا لە ئەنجامی زنجیرەیەك لێکۆڵینەوە و گەڕاندا ژمارەیەك دەستنووسی زمانەوانی و وێژەیی کوردی پەیدا کردووە و بردوویەتییەوە بۆ ئەڵمانیا. زاخاو لە موسڵ مەم و زینی ئەحمەدێ خانیی بۆ عەرەبی بە وەرگێڕان داوە و دەقە وەرگێڕدراوەکەی لەگەڵ خۆی بردووەتە بۆ ئەڵمانیا و ئێستا لە ئەرشیفی فیدراڵی لە بەرلین پارێزراوە.

نۆیمان لە ژمارەی کورد و ئاینەکانیشیدا کەوتووەتە هەڵەوە. ئەو کورد بە هۆز و عەشیرەت ناودەبات و وای پێشان دەدات کە کوردەکان هەموویان سەر بە یەک ئاینن و بێ ئاگا بووە لەوەی کە میر بەدرخانی جزیری وەک کوردێکی مسوڵمان لە ڕوانگەی ئاینەوە هێرشی کردووەتە سەر کوردانی ئێزیدی و گۆرانیی دووەمیش تۆمارێکی مێژوویی یەکێک لەو هێرش و پەلامارانەیە کە هەندێک لە میرەکانی کورد لە سەدەی نۆزدەیەمدا کردوویانەتە سەر کوردانی ئێزیدی. بە بۆچوونی هەندێک لە توێژەران و مێژوونووسان، هەوڵی قڕکردنی کوردە ئێزیدییەکانی کوردستانی عوسمانی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە و بە هاوکاری هەندێك لە میرە کوردە موسڵمانەکان لەو سەردەمەدا، بە سەرەتای تێکچوونی شیرازەی نێوان پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان دادەنرێت.

وەرگێڕ نۆیمان دەقی گۆرانییەکانی لە کرمانجیی سەرووەوە وەرگێڕاوە و لەگەڵ زمانی ئەڵمانیدا گونجاندووێتی و منیش دوای تێپەڕبوونی ١١١ ساڵ ئەو دەقانەم لە ئەڵمانییەوە کردووەتەوە بە کوردیی ناوین/کرمانجیی خواروو. پاش هەندێک پرسیار و بەدواداچوون بۆم ڕوون نەبووەوە داخۆ دەقی ئەو گۆرانییانە لەم سەردەمەدا بەسەر زمانی دەنگبێژانەوە ماوە یان لەلایەن کەسانێکەوە تۆمار کراوە یان نا. وەک وەرگێڕیش ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم جۆرە گۆرانی و لاوکانە بە شێوەی زارەکی گوازراونەتەوە و لە گواستنەوەیاندا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر گۆڕانکاری بەسەر ناوەڕۆکەکانیاندا هاتووە.

نۆیمان لە پێشەکییە کورتەکەدا ناوی دوو کەسی تریش دەهێنێت (لاوبێر و ئەلیزا بۆنێس-مۆسێ) کە بەداخەوە هیچ سەرەداوێکم دەربارەی ئەوانیش نەدۆزییەوە.

3. دەربارەی ڕۆژنامەی “بەرلینەر تاگەبلات”

ڕۆژنامەی “بەرلینەر تاگەبلات – Berliner Tageblatt” لە ساڵی ١٨٧٢ تا ١٩٣٩ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی سەرانسەریی ڕایخی ئەڵمانی بوو. مەبەست لە ڕایخی ئەڵمان یان ئیمپراتۆریای ئەڵمان، دەوڵەتی نەتەوەییی ئەڵمانە کە ساڵی ١٨٧١ هاتە دەمەزراندن و ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانیدا، خۆری ئاوابوو. ناوی تەواوی ڕۆژنامەکە بە ئەڵمانی (Berliner Tageblatt und Handelszeitung) بوو. ئەم ڕۆژنامەیە لەلایەن رودۆلف مۆسێ (١٨٤٣-١٩٢٠) کە وەشانگەر و خاوەن کۆمپانیا و بازرگانێکی جووی ئەڵمانی بوو، دامەزرێندراوە. ڕۆژنامەکە لە دەیان شاری ئەڵمانیا و دەرەوەی ئەڵمانیا نووسینگە و پەیامنێری هەبووە و بارەگای سەرەکیشی لە کۆشکی مۆسێ بووە لە شەقامی یاروزالیمی بەرلین.

“بەرلینەر تاگەبلات” لە ڕۆژانی هەفتەدا بە ١٦ لاپەڕە و ڕۆژانی یەکشەمە بە ٣٢ لاپەڕە دەرچووە، هەواڵ و ڕاپۆرتی لە بوارەکانی کولتوور و سیاسەت و ئابووری و وەرزشدا بڵاو کردووەتەوە و بەرزترین ژمارەی فرۆشتنی لە ڕۆژدا گەیشتووە بە ٢٤٥ هەزار دانە. پاشکۆی (Der Zeitgeist) کە بە بە کوردی واتای (ڕوحی سەردەم) دەگەیەنێت و تایبەت بووە بە هونەر و کولتوور، یەکێک بووە لە کۆی ٦-٨ پاشکۆی ڕۆژنامەی “بەرلینەر تاگەبلات” و هەریەکەیان تایبەت بووە بە بوارێکی جیاواز. پاش ئەوەی نازییەکان ساڵی ١٩٣٣ دەسەڵاتی ئەڵمانیایان گرتە دەست، گوشارەکانی سەر ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن ڕۆژ بە ڕۆژ زیادیان کرد و “بەرلینەر تاگەبلات”یش لەو شاڵاوە بێ بەش نەبوو. هەندێک لە نووسەران و کارمەندانی ڕۆژنامەکە چەند ساڵێک لەوەوبەر لە ئەڵمانیا ڕایانکردبوو. ئەوانەیشی مابوونەوە، بە ویست یان بێ ویستی خۆیان کەوتنە بواری خزمەتکردنی دەسەڵاتی نازی و ئامانجەکانییەوە. دوایین ژمارەی “بەرلینەر تاگەبلات” لە ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٣٩، واتە ٨ مانگی ڕێک پێش دەستپێکردنی شەری دووەمی جیهانی دەرچوو و دوای ئەوە چووە مێژووەوە.

کتێبخانەی دەوڵەت لە بەرلین هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەکەی لە ساڵی ١٨٧٧ تا ١٩٣٩، بە پاشکۆکانیشەوە، بە شێوەی دیژیتاڵ لەم لینکەدا (staatsbibliothek-berlin.de) خستووەتە بەردەستی توێژەران و خوێنەران. هەر ڕۆژنامەنووس و توێژەرێکی کوردی ئەڵمانیزان دەتوانێت لە شوێنی ژیان و کاری خۆیەوە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکە هەڵ بداتەوە و لەوانەیشە بابەتی تری دەربارەی کورد و کوردستان تێدا بدۆزێتەوە.

بابەتی پێشتر

شاندی هاوبەشی هەرێم و عێراق ئەمڕۆ دەچێتە ناوچە سنوورییەکان

بابەتی دواتر

یەکێتیی زانایانی ئیسلامی پڕۆژەی بۆ نوسینەوەی دەستووری هەرێم هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
11
Share