كەڕووی ڕەش چییە؟ هۆی توشبوون و نیشانەكانی چین؟

ڕێژەی مردن بە كەڕووی ڕەش دەگاتە 54%

كەڕووی ڕەش بە توشبوونی گیرفانەكانی لوت دەستپێدەكات، دواتر بۆ ئەو دەمارانەی لە مێشكەوە دەردەچن دەگوازرێتەوە، دەشبێتە هۆی جەڵدەی خوێن و داخستنی دەمارەكان.

نەخۆشی كەڕووی ڕەش (black fungus) كە بە (Mucormycosis)یش ناودەبرێت، جۆرە نەخۆشییەكە توشی گیرفانەكانی لوت یان مێشك یاخو سییەكان دەبێت، لەو كەسانەدا سەرهەڵدەدات كە بەدەست لاوازی سیستمی بەرگریی لەشەوە دەناڵێنن.

هۆكار
نەخۆشی كەڕووی ڕەش بەهۆی جۆرە جیاوازەكانی كەڕووەوە دروستدەبێت كە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ماددە ئەندامییە گەنیوەكان هەیە، ئەوانیش نان و سەموونی خراپبوو و میوە و سەوزەكان دەگرێتەوە، بەهەمان شێوە لەسەر گڵ و پەینەكان، زۆرینەی خەڵك ئەگەری بەركەوتنیان بەم كەڕووانە هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو كەسانەی بەدەست لاوازی سیستمی بەرگریی لەشەوە دەناڵێنن زۆرتر ئەگەری توشبوونیان بە كەڕووی ڕەش هەیە، ئەو كەسانە یەكێك لەم حاڵەتانە دەگرێتەوە:

– توشبوو بە نەخۆشی دابەزینی توانای بەرگریی لەش (ئایدز)
– توشبوو بە شەكرە (كاتێك شەكری خوێن لەژێر كۆنتڕۆڵدا نەبێت)
– ئەوانەی شێرپەنجەی لیمفە گرێكانیان هەیە
– بەدخۆراك
– بەكارهێنەری هەندێك دەرمان

چی ڕوودەدات؟
نەخۆشییەكە توشی گیرفانەكانی لوت و مێشك دەبێتەوە و ناودەبرێت بە نەخۆشی لوت و مێشك (rhinocerebral infection)، سەرەتا گیرفانەكان و دواتریش توشی ئەو دەمارانە دەبێت كە لە مێشكەوە دەردەچن، بەهەمان شێوە دەبێتە هۆی جەڵدەی خوێن و داخستنی خوێنە دەمارەكان بۆ مێشك.

توشی سییەكانیش دەبێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەوكردنی سییەكان بەشێوەیەكی زۆر خێرا، دواتریش بە سنگ و دڵ و مێشكدا بڵاودەبێتەوە.

بەشەكانی دیكەی لەشیش دەگرێتەوە، وەك كۆئەندامی هەرس و پێست و گورچیلەكان.

نیشانەكان
نیشانەكانی نەخۆشییەكە چەندان:
سووربوون و دروستبوونی گرێ لە چاوەكاندا
دەركەوتنی برینی ڕەش لە دەوروبەری لوت
تا
سەرئێشە
تێكچوونی باری دەروونی
سووربوونی پێستی سەر گیرفانەكانی لوت
ئازاری گیرفانی لوت و گیرانی

لە سییەكاندا:
كۆكە
كۆكەی خوێناوی لە هەندێك حاڵەتدا
تا
هەناسە توندی

لە كۆئەندام و بەشەكانی دیكەی لەشدا:
ئازاری سك
بوونی خوێن لەنێو پاشەڕۆ
سكچوون

لە گورچیلەدا:
تا
ئازار لە بەشی سەرەوەی سك یان پشت

چارەسەر
بەپێی نوسینگەی نیشتیمانیی پزیشكیی ئەمریكا، پێویستە بەخێرایی نەشتەرگەری ئەنجامبدرێت بۆ لابردنی سەرجەم ئەندامە مردوو و توشبووەكان. ڕەنگە نەشتەرگەرییەكە ببێتە هۆی شێوانی دەموچاو، بەهۆی ئەوەی لابردن و بڕینەوەی مەڵاشوو یان بەشێك لە لوت یان بەشەكانی چاو دەگرێتەوە. بەبێ ئەم نەشتەرگەرییە هەلی مانەوە لەژیان زۆر كەم دەبێتەوە.

دەشكرێت دەرمانی دژ بە كەڕووەكان بە نەخۆش بدرێت، بەشێوەیەكی گشتی دەرمانی ئەمفۆتریسین بی (amphotericin B) دەدرێت، پاش كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكەش دەرمانی دیكە بە توشبوو دەدرێت وەك پۆساكۆنازۆڵ (posaconazole) یان ئیساڤۆكۆنازۆڵ (isavuconazole).

ئەگەر كەسەكە شەكرەی هەبێت، زۆر پێویستە ڕێژەی شەكری خوێنی بۆ ئاستی سروشتی داببەزێندرێت.

هۆشداری لەبارەی نەخۆشییەكەوە
لە نەخۆشی كەڕووی ڕەشدا ڕێژەی مردن زۆر بەرزە، تەنانەت لەدوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریش، مەترسی مردن دەوەستێتەوە لەسەر شوێنی توشبوو لە جەستەدا و تەندروستیی گشتیی توشبوو.

ئەگەرەكانی نەخۆشییەكە
نابینا بوون (لە حاڵەتی توشبوونی دەمارەكانی چاو)
گیرانی خوێنە دەمارەكانی مێشك یان سی
لەناوچوونی مێشك
مردن

پەیوەندی بە كۆرۆناوە
بەپێی وتەی پسپۆڕان زیاد بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی پەیوەندیدار بە پەتای كۆرۆنا دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەش، هەر ئەوەش هۆكارە بۆ زیادبوونی حاڵەتەكانی كەڕووی ڕەش.

بەپێی ئامارەكانی سەنتەرەكانی ئەمریكا بۆ كۆنتڕۆڵی نەخۆشی و پارێزگاری لێی، ڕێژەی مردن بە كەڕووی ڕەش دەگاتە 54%، ئەمەش دەكەوێتە سەر حاڵەتی نەخۆشەكە و ئەندامە توشبووەكەی.

كەڕووی ڕەش دەگوازرێتەوە؟
نەخۆشییەكە پەتا نییە، بەو مانایەی لەكاتی پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان بە یەكتر یان بە گیاندارەكانەوە ناگوازرێتەوە، بەڵام لەڕێی گەردیلە كەڕووەكان كە لەنێو هەوا و ژینگەدا هەیە بڵاودەبێتەوە و خۆ دەربازكردن لێی تاڕادەیەك ئەستەمە.

بوجانج شیتی، پسپۆڕی چاو و سەرۆكی نەخۆشخانەی نارایانا نیترالایا دەڵێت. “بەكتریا و كەڕووەكان لە بنەڕەتدا لە جەستەماندا هەن، بەڵام سیستمی بەرگریی لەش لەكاریاندەخات”.

وتیشی، “كاتێك سیستمی بەرگری لەش هەرەسدەهێنێت بەهۆی چارەسەرییەكانی شێرپەنجە و نەخۆشی شەكرە، یان بەكارهێنانی وزەبەخش، ئەوان دەستێكی باڵایان دەبێت و زیاددەكەن”.

بۆچی كەڕووی ڕەش و بۆ نەخۆشی دیكە نا؟
نەخۆشی كۆرۆنا گرێدراوە بە توشبوون بە ژمارەیەكی زۆری جۆرەكانی بەكتریا و كەڕوو، بەڵام شارەزایان دەڵێن شەپۆلی دووەمی كۆڤید-19 لە هندستان بووە ژینگەیەكی لەبار بۆ كەڕووی ڕەش.

یەكەم حاڵەت لە هەرێم
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی تۆمارکردنی توشبوویەکی کەڕووی ڕەشی لە نەخۆشخانەکانیدا ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئەو کەسە بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیلەدەستدا.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، کەڕووی ڕەش لە سلێمانی بوونی نییە، تەنها یەک حاڵەت هەبووە، کە ئەویش خەڵکی پارێزگای ئەنبار بووە و ئەمڕۆ گیانیلەدەستداوە.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم دڵنیاییدا لەوەی نەخۆشییەکە جێگەی مەترسی نییە، نەک لە عێراق، بەڵکو لە جیهانیشدا نەخۆشییەکی دەگمەنە و ناگوێزرێتەوە.

س: ڕۆیتەرز + ئەلجزیرە

بابەتی پێشتر

فەرمی.. کارلۆ ئەنچلۆتی بۆ سێ وەرز گەڕایەوە ڕیاڵ مەدرید

بابەتی دواتر

دەنگۆی هەڵاتنی هەندێك لە خێزانە گەڕێندراوەكانی كەمپی هۆل ڕەتدەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
18
Share