ئەزموونی یەكێتی لە شۆڕش و حوكمڕانیدا.. “گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەكان” ستراتیژی كۆن و نوێ

46ساڵ پێش ئێستا، یەکەمین تروسکەی ئومێد بۆ هەستانەوە و پارێزگاری لە ناسنامەی کوردی باشوور گەشایەوە، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەسەردەمی کەوتن و نائومێدییەکی قوڵی ئەزموونی كوردایەتی لە باشووری كوردستان، پارێزگاری لە ناسنامەی کوردی باشوور وەک پڕۆژە و پلان دەستپێکرد.

کاتێک کۆمەڵێک گەنجی خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی لە ساڵی 1975 بیر لە دروستکردنی جوڵانەوەیەکی نوێ دەکەنەوە بۆ هەستانەوە و گوڕدان بە ئومێدی خەڵکی، بارودۆخی دەروونیی خەڵکی باشوور لە لوتکەی نائومێدیدایە، چونکە نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و دانانی چەک، کەشێکی پڕ لە نائومێدیی دروستکردبوو.

یەکێتی، لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی پڕ ئەزمونی کۆمەڵە و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی پێشووترەوە پلانی دامەزراندنی بۆ دانرا، دیارترینیان بریتی بوون لە، (جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، فوئاد مەعسوم، عەبدولرەزاق فەیلی، د.کەمال فوئاد، عادل موراد، عومەر شێخ موس).

دوای دامەزراندنی، حزبەکە بە کۆمەڵێک وێستگە و قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، لە ساڵی 1980 دا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتەواوی بووە حزبی کۆی توێژ و پێکهاتەكانی خەڵکی و لە تەواوی ناوچەكانی باشووری كوردستان لایەنگر و هاوکاریکەری هەبوو.

ڕوبەڕوبوونەوەی حزبی بەعس و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە ستەم و نادادییەکانی حزبی بەعس لەسەر خەڵکی باشوور، یەکێک بووە لە ئەركە گرنگەكان و وێستگە قورسەکانی یەکێتی، کە ئەوکات بە سەرکردایەتیی هەریەك لە جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ڕێکخستن و پێکهاتەی یەکێتی بەڕێوەدەبرا.

لە دوای ئەوە، پلاندانان بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی باشوور دژی بەعس لە شارە کوردستانییەکان، وێستگەیەکی هەستیاری دیکەی کار و مێژووی یەکێتییە، کە ئەوکات سەرکردە و پێشمەرگەی یەکێتی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا هەبوو لەناو شارەکاندا، ئەوەبوو دوای دانانی پلانێکی تۆکمە، یەكووتی و بەشێك لە هێزە كوردستانییەكان و خەڵکی باشووری کوردستان توانییان هێزە ئەمنییەکانی بەعس لە شارەکان دەرپەڕێنن.

ویستگەی دوای ڕاپەڕین، وێستگەی خۆئامادەکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ خەباتی شار و کاری پەرلەمانی و حوکمداری، بەڵام بەهۆی دوو جەمسەری لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا و ناکۆکییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کەوتە شەڕی ناوخۆوە، ئەوەش قۆناغێکە کە هەردوو حزب بێ دوودڵی بە پەڵەیەکی ڕەشی مێژووی خۆیانی دەزانن.

یەكێتی لە كۆكردنەوە و ڕێكخستنی ئۆپۆزسیۆنی ئەوكاتی عێراقیش ڕۆڵی گەورە و یەكلاكەرەوەی بینیوە، بەتایبەت لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی، هەوڵەكانیان بۆ یەكخستنی دەنگی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ئامادەبوون بۆ قۆناغی دوای ڕوخانی ڕژیمی بەعس، كاریگەریی گەورەی هەبووە.

دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و پرۆسەی سیاسیی نوێی عێراق، یەكێتی بەگشتی و هەریەك لە جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا بەتایبەتی، لە ڕەنگڕێژكردنی پرۆسە سیاسییەكەی عێراق و دەستخستنی مافی كوردستانییان لە چوارچێوەی عێراقی نوێ، بەتایبەت لە چوارچێوەی نوسینەوەی دەستووردا.

یەکێتی لە سەردەمی نوێی خۆیدا و لە دوای کۆنگرەی چواری حزبەکەوە، وێستگەیەکی دیکەی کاری خۆی دەستپێدەکات و لە ڕێگەی تیمێکی گەنجەوە سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی دەکرێت، تیمەکە بەڵێنیانداوە یەکێتی بکەنەوە بە یەکێتی جاران، کە سەرەکیترین خاسیەتی ئەوەبوو لەناو جەماوەردا بوو و نزیک بوو لە خەڵکەوە، وەك مام دەیگوت، “گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەكان”.

بابەتی پێشتر

پارتی بۆ یەكێتی: خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییان دابین بكەین

بابەتی دواتر

کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە نێودەوڵەتی دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: لە وڵاتێكی تەواو هاوردەكاری بەرهەمە كشتوكاڵییەكانەوە خەریكە وردە وردە بەرەو هەناردەكردن هەنگاودەنێین

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە وڵاتێكی تەواو هاوردەكاری بەرهەمە كشتوكاڵییەكانەوە، خەریكە وردە وردە بەرەو هەناردەكردن هەنگاودەنێین. لە…
Total
0
Share