دوای هێرشكردنەسەر خێزانێكی دانیشتووی هەولێر لە پارێزگای مێرسین لەلایەن ژمارەیەك كەسی توركەوە، میدیاكانی ئەو وڵاتە دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەكە ڕادەگەیەنن.
دوای نیوەڕۆی دوێنێ، خێزانێكی كوردی باشووری كوردستان، كە خەڵكی هەولێرن و بۆ گەشت لە تورکیا بوون، کاتێک ویستویانە بچن بۆ ئەنتاڵیا، لەسەر ڕێگای سەرەكیی شارۆچكەیەكی مێرسین، لەلایەن چوار تورکەوە ڕێگەیان پێگیراوە، سوكایەتییان پێكردوون و جنێویان بە كورد داوە، دواتر خێزانە كوردەكەیان بەردباران كردووە، باوك و كوڕە 12 ساڵییەكەی برینداركراون، باوكەكە برینەكەی سەختبووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئاژانسی ئانادۆڵۆ-ی توركیا ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەکان هەر سێ سەرنشینەکەی ئۆتۆمبێلەکەی دیکەیان دەستگیرکردووە.
بەڵام ئاژانسەكە دەڵێت، ئۆتۆمبێلی خێزانە كوردەكە لەگەڵ ئۆتۆمبێلی تۆمەتباراندا توشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و بەهۆیەوە، شەڕ لەنێوانیاندا ڕوویداوە.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا پارێزەرانی ئاماد بە شاندێك گەیشتنە مێرسین، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكە و هاوكارییكردنی خێزانە كوردەكە.
لە ڕونکردنەوەیەکدا لەسەر ئەو ڕووداوە نوسینگەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، “دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک، کە تێیدا خێزانێکی شاری هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە لە وڵاتی تورکیا و لەنێوان هەردوو شاری (مێرسین و ئەدەنا) بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە هێرشیان دەکرێتەسەر و لێیان دەدرێت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیوەندی بەو خێزانە و کەسوكاریانکرد و دڵنیایکردنەوە، کە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵدەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاونباران و بەسزاگەیاندنیان”.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە،”ئێوە کەسوکاری ئێمەن و لهههر شوێن و جێگهیهك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بەهاوشارییانی خۆمان قبوڵناکەین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین”.
سەبارەت بەو بابەتە پارێزگاری هەولێر ئەم داواکارییانەی ئاڕاستەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر کردووە:
یەکەم/ داوا دەکەین لەزووترین کاتدا پهڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێتهوه و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەێنن.
دووەم/ داو لەکونسڵخانەی گشتیی وڵاتی تورکیا لە هەولێر دەکەین، بەفەرمی بۆ ڕای گشتی ڕوونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەکەیان ڕوونبکاتەوە.
سێیەم/ وەک پارێزگای هەولێر، بەهەمووشێوەیەک کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و بڕوبیانیویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییە و کارێکی نادروستە و بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت.