بافڵ تاڵەبانی: زەمینە لەبارە وەک کورد خۆمان ڕێکبخەینەوە

بافڵ تاڵەبانی و ماسیو تولەر و دەرباز كۆسرەت

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، دەتوانین کاربکەین بۆ پێکھێنانی حکومەتێک کە ڕەنگدانەوەی گلەیی و پێویستییەکانی ئەمڕۆی عێراق و ھەرێم بێت و دەشڵێت، زەمینە لەبارە کە وەک کورد خۆمان ڕێکبخەینەوە و بە یەکڕیزی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان گفتوگۆبکەین.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ لە ھەولێر چاویکەوت بە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و لە دیدارێكدا ڕایگەیاند، سەرباری سەرنج و تێبینییەکان لەسەر ھەڵبژاردن و دەرئەنجامەکان، بەڵام دەتوانین بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە کاربکەین بۆ پێکھێنانی حکومەتێک کە ڕەنگدانەوەی گلەیی و ناڕەزایی و پێویستییەکانی ئەمڕۆی عێراق و ھەرێم بێت و، ھەموو لایەنەکان پێکەوە ھاوکاربین تا دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەرکەکانی کە خزمەتکردن، چاکسازی راستەقینە و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە لەم ھەلومەرجەدا وەک خۆی جێبەجێی بکات و ڕێگربین لەوەی ململانێیە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر حکومەتی داھاتوو دروستبکات و شەقام بجوڵێندرێت بۆ بەرژەوەندی حیزبی.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەڵوێستی یەکێتی کرد و وتی، “زەمینە لەبارە کە وەک کورد خۆمان ڕێکبخەینەوە و بە یەکڕیزی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر بنەمای ژیانی ھاوبەش، شەراکەت و تەوافق کە بەرژەوەندی گشتی تێدا ڕەچاوبکرێت گفتوگۆبکەین و پێکەوە حکومەتێک بنیادبنێن کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانمان بێت”.

دەربارەی چاکسازی و ڕەوتی ڕێکخستنەوەی ژیانی حیزبی، ھاوسەرۆکی یەكێتی وتی، لە ئێستادا یەکێتی سەرلەنوێ بۆ ئەرکەکانی خەباتی حیزبی، نەتەوەیی، کوردستانی، عێراقی و ھەرێمی خۆی سازدەداتەوە و دەمانەوێت یەکێتییەک بنیادبنێینەوە کە یەکێتی مام بێت و لە ئاست خەبات و قوربانیدانی ھەموو ئەوانە بێت کە ماندووبوون بەم حیزبەوە بۆیە گۆڕانکاری و چاکسازی بۆ ئەو ئامانجە بووە و بەردەوام دەبین تا یەکێتی، یەکێتی ھەموو کۆمەڵانی خەڵک بێت و یەکێتی بێت بۆ خزمەتکردن و بوژاندنەوەی زیاتری ھەرێم.

لە دیدارەكەدا، كە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پەنابردن بۆ گفتوگۆی بنیادنەرانە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان و، چاکسازیکردن لە دامەزراوەکان و پێکھێنانی حکومەتێک کە لەگەڵ خواستی ھەموولایەک بێت و ببێتە مایەی خزمەتکردن و ئاوەدانی و سەقامگیری زیاتر.

بابەتی پێشتر

حكومەتی هەرێم لەسەر هێنان و نرخی بەنزین ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

یانەکانی پریمەرلیگ گەلەکۆمە لە نیوکاسڵ دەکەن؟!

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share