دوای جەژن بەغداد بەشە بودجەی هەرێم دەنێرێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، دوای جەژن حكومەتی فیدراڵ پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە دەنێرێت، دواتر ئەو داهاتی نەوتەی پێویستە هەرێم ڕادەستی بکات، ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “بۆ ئەم مانگە حکومەتی عێراق بەپێی یاسای بودجە پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات، دواتر بەپێی ئەو ئەنجامەی هەردوولا پێیدەگەن، هەرێم داهاتی نەوت ڕادەستی بەغداد دەکات”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا هەرێم هیچ داهاتێکی نەوتی ڕادەستی بەغداد نەکردووە، بەڵام دوای جەژن شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێم دەچێتە بەغداد و گفتوگۆ لەبارەی ئەو داهاتانەوە دەکەن، کە دەبێت هەرێم ڕادەستی بکات، دواتر دەبێت هەرێم ئەو داهاتانەی ڕادەستی نەکردووە، بیدات بە بەغداد.

لەلایەکی دیکەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی هەمان لیژنە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “بڕیارە لە دوای جەژنەوە بەغداد پشکی هەرێم بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بنێرێت، ئەو بڕەشی بۆ هەریەکە لەو مانگانە دیاریکراوە، بەپێی نرخی نەوت لەو مانگانەدا دیاریكراوە و بۆ هەر مانگێك 217 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات”.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو بڕە پارەیە بەجێگیری  مانگانە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت؟ جەمال کۆچەر ڕایگەیاند، “لەدوای مانگی ئازارەوە مانگانە پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی نرخی نەوت گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەڵام بۆ سێ مانگی یەکەم ئەو بڕە دیاریکراوە و دوای جەژن ڕەوانە دەکرێت”.

پێشتر لە 9ی ئایار مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، گەیشتووینەتە قۆناغەکانی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەیەکی نزیکدا دەگاتە هەولێر.

بابەتی پێشتر

هەرێمی كوردستان.. ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا دابەزی

بابەتی دواتر

تۆمەتبارانی هێرشكردنەسەر خێزانە كوردەكە لە توركیا دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share