گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەكان و گۆڕانكاری لە ئەندامانی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تەواوی ئەو گومانانە ناڕەوێنێتەوە، كە لای هاوڵاتیان و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمساڵ بوونیان هەیە لەبارەی بەڕێوەچوونی بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد، بەوپێیەی میكانیزمەكانی بەڕێوەچوونی و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان كە بەكاردەهێنرێن، ئەوانیش ڕۆڵیان هەیە لەوەی تاچەند پرۆسەكە بە پاكی بەڕێوەدەچێت و ڕەخنەكانی پێش و پاش هەڵبژاردن كەمدەكەنەوە.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، كە مانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، پێنجەم هەڵبژاردنی پەرلەمانییە ئەنجامدەدرێت، لە تەواوی هەڵبژاردنەكانی دیكەدا ڕەخنە و گلەیی لە ساختەكاری بوونی هەبووە، بەتایبەت لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018، كە بۆ یەكەمجار ئامێری دەنگدانی ئەلیكترۆنی بەكارهێنرا.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 400 هەزار فەرمانبەر لە وەزارەت و دەزگاكانی دەوڵەت، پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەبەن، “متمانەی تەواویشمان بەو ئامێرانە هەیە، کە لە پرۆسەکەدا بەکاردەهێنرێن”.
غەلای قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد، وتی، “ئەو ئامێرانەی بۆ پڕۆسەکە بەکاردەهێنرێن، متمانەمان پێی هەیە ڕێگری لە ساختەکاری بکات و ئامێرەكانیش جیاوازترن لەو ئامێرانەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوو بەكارهێنرا”.
بەوتەی وتەبێژی كۆمسیۆن، بەوردی کاریانکردووە بۆ نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران و هەڵبژاردنی ئەو کۆمپانیایەی پشکنین بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردنەکە دەکات، كە کۆمپانیایەكی ئەڵمانییە و خاوەن ناوبانگ و کاری نمونەییە.
“بەڕێچوونی هەڵبژاردن بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەگەری ساختەكاریی زیاترە”
ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لەبارەی میكانیزمەكانی هەڵبژاردنی پێش وەختەوە پێی وایە، “تا هەڵبژاردن بەشێوەی بایۆمەتری بكرێت گرەنتی بەڕێوەچوونی پاكترە، بەڵام بەشێوەی ئەلیكترۆنی، كە ئەم هەڵبژاردنەش بەوشێوەیە بەڕێوەدەچێت، پرسێكە ئەگەری ساختەكاریی زیاترە، وەكو لە هەڵبژاردنەكانی 2014 و 2018 ئەنجامدران و ساختەكارییەكی زۆر بەو كارتەوە كرا، كە بۆ ساختەكاری هێنرانە عێراق”.
ئارام جەمال بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تائێستا كارتێكی زۆری ئەلیكترۆنی لە كۆگاكان ماون، كە ئەگەر كۆمسیۆن بە ڕێكارێك پوچەڵی نەكات و نەیسوتێنێت، دەبێتە كەرەستەیەكی لەبار بۆ ساختەكاری”.
دەربارەی رۆڵی ناوەندە چاودێرییەكانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردنەكان پێی وایە، چاودێریی نێودەوڵەتی ڕوانگەیەكی نێودەوڵەتی دەداتە هەڵبژاردنەكە، چونكە ئەگەر بڕیار بدەن پرۆسەكە پاك و بێگەرد نەبووە، هەڵبژاردنەكە شەرعیەتی نامێنێت.
دەشڵێت، هەندێك هێزی سیاسی عێراقی لەگەڵ ئەوەنین كە چاودێری نێو دەوڵەتی لەسەر هەڵبژاردنەكە هەبێت.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی كۆمسیۆن بۆ ڕێگریكردن لەساختەكاری، ئارام جەمال دەڵێت، “هیوادارین بتوان ئەو كەلێنانەی بۆ ساختەكاری هەن، كۆمسیۆن پڕیبكاتەوە”.
جەختیشدەكاتەوە، “كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەنگاوی باشی ناوە لە پرسی ئاوارەكان و هەنگاوی دیكەش هەیە كە دەیانەوێت بینێن، بەڵام هەندێك ڕێگری هەن، كاتیش ماوە دەكرێت چەند مانگێكی دیكە ڕوونببێتەوە تاچەند هەوڵەكانی كۆمسیۆن ئەگەری ساختەكاریی نەهێشتووەتەوە”.
بڕیارە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو هەڵبژاردنەش 44 هاوپەیمانی و 267 حزب ڕەزامەندییان لەسەر دراوە بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکە، ژمارەی کاندیدەکانیش دەگاتە زیاتر لە 3 هەزار و 500 کاندید، کە لەناویاندا 887 کاندیدی سەربەخۆ هەن، هەروەها زیاتر لە 900 کاندیدیش لەناو کۆتاکانی ژناندان، كە لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردنەکە بوونیان هەیە.