ئەمریكا لە گرژییەكانی قودس نیگەرانە

ئەمریكا نیگەرانە لە گرژییەكانی ئەم دواییەی فەڵەستین و دۆخی قودس، داواشدەكات ئیسرائیل ڕێككارەكانی هێمنیی شارەكە بپارێزێت.

كۆشكی سپی ئەمریكا ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە، جاک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مائیر بن شەبات، هاوتا ئیسرائیلییەکەی ئەنجامداوە، گرژییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی قودسیان تاوتوێکردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی كۆشكی سپی، سۆلیڤان نیگەرانیی قوڵی وڵاتەكەی گەیاندووەتە بەرپرسە ئیسرائیلییەكە، لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانەی لە قودس ڕوودەدەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا داواشی لە بەرپرسانی ئیسرائیل کردووە، ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئارامی لە کاتی مەراسیمەکانی رۆژی قودس.

ئەوەش لەكاتێكدایە، هەینی ڕابردوو بە هەزاران گەنجی فەڵەستینی بۆ نوێژكردن چوونە مزگەوتی ئەقسا، دواتر بەشێكیان خۆپیشاندانیان دژی ڕاگواستنی زۆرەملێ و کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ئەنجامدا و بەهۆی دروستبوونی گرژییەوە 200 هاوڵاتیی فەڵەستینی و 17 ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل برینداربوون.

هاوكات لە شەوی ڕابردووەوە گرژییەكان دووبارە دەستیان پێكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

متمانە و گومان لەسەر ئامێری دەنگدانی ئەلیكترۆنی

بابەتی دواتر

یوڤانتۆس بۆ بەرشلۆنە: دەستبەرداری دی لێخت نابین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share