پۆچتینۆ: پێموابوو جێگەی مۆرینیۆ دەگرمەوە و تەلەفونم بۆ گواردیۆلا کرد

ماوریسیۆ پۆچتینۆی ئەرجەنتینی ڕاهێنەری پێشووی یانەکانی ئیسپانیۆل و تۆتنهام چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی ئینگلیزی ئەنجامدەدات.

لەوەڵامەکانیدا ئاماژە بە گەڕانەوەی دەکات بۆ بواری تۆپی پێ و چەندین بابەتی نەبیستراوی دیکە.

ڕۆژنامەکە لەبارەی تۆتنهام و جوزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەری پورتوگالییەوە پرسیاردەکات، ئایا پۆچتینۆ پێی ناخۆش نییە لەئێستادا ئەو ڕاهێنەرە ناودارە جێگەی گرتووەتەوە؟

لەوەڵامدا ڕاهێنەرە ئەرجەنتینییەکە دەڵێت، “نەخێر هەرگیز.. من و جوزێ دەمێکە یەکتر دەناسین”.

پاشان بە یادەوەرییەکانیدا دەچێتەوە و ئاماژە بەو سەردەمە دەکات کە لەیانەی ئیسپانیۆل کاریکردووە و لەهەمان کاتدا مۆرینیۆ ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید بووە.

لە دوای ڕووبەڕوبونەوەیەکی نێوان ئیسپانیۆل و ڕیاڵ مەدرید، ڕۆژنامەنوسان پرسیاریان لە پۆچتینۆ کرد لەبارەی خواستەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید و ئەگەرەکانی شوێنگرتنەوەی مۆرینیۆ.

پۆچتینۆ ڕایگەیاند، ” منداڵەکانم شەوانە بەدرێسی یانەی ئیسپانیۆلەوە دەخەون، قورسە بیر لە یانەیەکی دیکە بکەمەوە”.

لەدوای ئەم وەڵامە چی ڕوویدا؟

پۆچتینۆ دەڵێت، ” مۆرینیۆ بوتڵێک شامپانیای سوری فەرەنسی و دوو بۆکسی تایبەت بە ڕیاڵ مەدریدی پێشکەشکردم، پێشی وتم: باشە، ئەم درێسانە بۆ منداڵەکانت (درێسەکان تایبەتبوون بە ڕیاڵ مەدرید)، لەو کاتەوە تائێستا من و جوزێ پەیوەندییەکی توندوتۆڵمان هەبووە و خۆشحاڵم لە سپێرز جێگەی منی گرتووەتەوە، بەش بەحاڵی خۆم بەختەوەرم بەو ئاستەوە یانەکەم بەجێهێشت، سوپاسگوزاری مۆرینیۆم کە یاریدەدەرمانبوو بەهەر شێوەیەک بەشداربوو لەبونیادنانەوەی یانەکە کە لەئێستادا یانەی خۆیەتی”.

“پۆچی” بەڕاشکاوی ڕاستییەک لە بیرکردنەوەکانی ئاشکرادەکات کە هەرگیز دانیپێدانەناوە و دەڵێت، ” هەمیشە پێموابوو من دەبێت جێگەی مۆرینیۆ بگرمەوە، ئەو لە ڕیاڵ مەدرید بوو، پێموت: ئۆو..ڕۆژێک لەڕؤژان ڕەنگە لە ڕیاڵ جێگەت بگرمەوە، بەڵام سەیری ژیان بکە چۆن خەونەکانی پێچەوانە کردەوە و لە تۆتنهام جێگەی گرتمەوە، ئەوەی ڕوودەدات باوەڕپێنەکراوە”.

شکستی لەبیرنەکراو

ڕاهێنەرە کارامەکە دەگەڕێتەوە بۆ فاینەڵی خولی یانە پاڵەوانەکانی (٢٠١٩/٢٠٢٠) کە لە یاریی کۆتایی بە دوو گۆڵی بێوەڵام بەرانبەر لیڤەرپوڵ دۆڕاندنیان تۆمارکرد و ئەنجامەکە بە “هەرسنەکراو” وەسفدەکات.
” ئێمە زۆر لە لیڤەرپوڵ باشتربووین و شایەنی ئەنجامێکی گونجاوبووین، بەڵام فاینەڵەکان هەمیشە یەک براوە لەخۆدەگرن”.

هەروەها ڕایدەگەیەنێت، ” مەسەلەکە پەیوەندیدارنییە بەوەی کێ شایستە بوو و کێ شایستە نەبوو، هیچ یانەیەک ئامادەکاری بۆ ئەوە ناکات پاش ٣٠ چرکە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەنجامەکەی بەسەردا پێچەوانە بکرێتەوە (مەبەستی لە پەناڵتییەکەیە)، لەدوای ئەوە زۆر ڕوخاو و دڵتەنگبووم، قورسبوو بتوانم فرمێسکەکانم ڕابگرم، نەمدەتوانی ئەو باوردۆخە دەرونییە خراپە تێپەڕێنم”.

برینی چامپیۆنزلیگ و ماڵئاوایی

یانەکان یاریی کۆتایی دەدۆڕێنن و بەهێزەوە دەگەڕێنەوە لەنمونەی لیڤەرپوڵ، بەڵام بۆ یانەیەکی وەک تۆتنهام کە لەبارودۆخێکی نائاساییدا بوو قورسە ئەنجامەکە هەرس بکرێت.

پۆچتینۆ دەڵێت، ” دوای پێنج ساڵ کارکردن لە تۆتنهام دەمانزانی چەندە قورسە ئەوەی پێیگەیشتووین و لەگەڵماندا ڕوودەدات، ئەنجامەکە لەبارەی ئەگەرەکانی دیزاینکردنی شێواز و ستراتیجێکی نوێ تاڕادەیەک بیرکردنەوەی گۆڕین، گەیشتینە قۆناغ و پڕۆژەیەکی جیاواز بەو شێوەیە کارکردن ئاستەم بوو”.

هەمووان هاوڕێمن

” نەخێر، پەیوەندیمان لەگەڵ یانە و هاندەران و یاریزانان ناوازەبوو، بەهەمان شێوە لەگەڵ دانیێل لیڤی سەرۆکی یانە، بە دانیێلم وت: بەشێوەیەک کۆتاییمان بە پڕۆژەکەمان هێنا کەس حەزی پێناکات، بەڵام دەبوو ڕووبدات، ئەگەر ڕووینەدایە بۆ هەتا هەتایە پەوەندیمان گرێدەدا، ڕەنگە لەئێستادا ئەوە بۆ ئێمە و یانە و ئێوەش گونجاو نەبێت، دواتر بڕیارەکە هات و پێویستبوو بەرەوپێش هەنگاو بنێین، بڕیاری کارکردنمان ناوازەبوو، بەڵام کاتێک بڕیارەکە لەبەرژەوەندیت نابێت پێویستە ڕێزی بگریت، لەبەرئەوە دانیێل و هەمووان لە یانەکە وەک هاوڕێم دەمێننەوە”.

کۆرۆنا و حەوانەوە و ئەزمون

“پێش کۆرۆنا من و جیوزس (یاریدەدەری پێشووی) چاومان بە ئونای ئیمیری کەوت و قاوەیەکمان خواردەوە، گفتوگۆمان کرد و بۆچونەکانمان گۆڕییەوە، ئێمە لە دوو جەمسەری دژبەیەک و جیاواز کارمانکردووە و دوژمنی یەکتربووین، خەڵکی بەلاماندا دەڕۆیشتن و بەسەرسوڕمانەوە دەیانوت پۆچتینۆ و ئیمیری و جیزوس بەیەکەوە قاوە دەخۆنەوە! قاوەخانەیەکبوو لە باکوری لەندەن، بەڕاستی کۆمیدیا بوو”.

هەروەها دەڵێت، ” ماوەی کەرەنتین و ڕاگرتنی چالاکییەکانی تۆپی پێ کاتێکی گونجاو بوو بۆ پێداچوونەوە و لێکدانەوەی هەموو شتێک، یەکەی مەشقوڕاهێنانەکان و ڕووبەڕوبونەوەکان و ستراتیج و نمونەی مەشقکردن، بۆ دیزاینکردنی شێوەکاری دیاریکراو و بەکۆمەڵ، بێگومان ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ هەر پێشهاتێک، چونکە خواستی یانەکان جیاوازن، بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ئەرکی داهاتوومان دەکەین، پێویستە بە دینامیکییەکی جوان تۆپی پێ بونیادبنێین و ئامادەبین بۆهەر ئۆفەرێک کە پێمان دەگات، ئێمە ئامادەین، دوای شەش مانگ تانکەکانمان پڕکردووە”.

خولی ئینگلیزی هێشتا باشترینە

” ئێمە کراوەین بۆ هەر پێشهات و ئۆفەرێک، ڕەزامەندی ئێمەش پەیوەستە بە مەودای کارکردنی وەرزشیی و مرۆیی هەر یانەیەک، دەرگامان واڵایە، بێگومان ئینگلتەرا و خولی نایابی ئینگلیزیمان خۆشدەوێت، هێشتا پێموایە خولی ئینگلیزی باشترین خولی تۆپی پێیە لە جیهان، یەکێکە لە هەڵبژاردەکان لەبەردەمماندا، ڕەنگە لە پێشەنگی خواستەکانماندا بێت بەراورد بە خولی وڵاتانی دیکە، خواستی خۆم و خێزانەکەم کارکردن و ژیانە لە لەندەن، بەڵام مەحاڵیش نییە پەیوەندی بە خولێکی دیکەوە بکەین”.

هەروەها دەڵێت، ” نازانین پڕۆژەی داهاتوومان لەکوێ دەبێت، ناتوانین پێوانە و کێشی هەر یانە و هاندەرانێک بزانین مەگەر لەگەڵماندا گفتوگۆ بکەن پاشان تێدەگەیت بەرەو چی هەنگاو دەنێیت، بێگومان تاقیکارییەکی نوێ ئەنجامدەدەین، دوای کۆرۆنا دەزانین یانە داواکەرەکان کێن و چۆن کاردەکەن و ئەوەش جێی پرسیارە”.

شێوازەکانی ڕاهێنان و ئەنجام

” سەیری کلاودیۆ ڕانیێری بکە، یەکەم نازناوی خولی ئینگلیزی لەگەڵ یانەی لیستەر سیتی بەدەستهێنا کە لەکۆتا ساتەکانی ژیانی وەرزشییدا بوو، ڕەنگە پێشتر کەسانێک وتبێتیان ڕاهێنەرێکی گونجاونییە، کێشەکە ئەوەیە ئێمە وەک ستافی ڕاهێنان لە بایرن میونشنەوە دەستمان پێنەکردووە، قورسە لە یانەیەکی وەک نۆرنبێرگەوە دەستپێبکەیت لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ نۆرنبێرگ”.

هەروەها دەڵێت، ” ئەگەر بەپێی ئەنجامەکان بیر لە تۆپی پێ بکەینەوە واتا لەسەدا (٩٠)ی ڕاهێنەران شکستخواردوون، ڕاهێنەران تەنها بیر لە بردنەوەی نازناوەکان ناکەنەوە، بەڵکو چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە ئەنجامەکانەوە گرێدراون، ڕاهێنەران پێویستیان بە پاڵپێوەنەر و حەزە بۆ دۆزینەوەی پڕۆژەی گونجاو، خەڵکی دەتوانن باشترین کەسەکان بە چەندین شێوە پۆلێن بکەن”.

کۆرۆنا و وەفاداری

پۆچتینۆ دووپاتیدەکاتەوە، هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ دانیێل لیڤی سەرۆکی تۆتنهام قسەی کردووە و بۆ گاڵتەوگەپ پێیوتووە، ” دەزانم ئەوکاتەی منت بۆ تۆتنهام دەستنیشانکرد لەبەرئەوە نەبوو کە باشترین ڕاهێنەرم، بەڵکو دەتویست لویس ڤان گال بکڕین و ئەو ڕاهێنەرەش پەیوەندی بە مانچستەر یونایتدەوە کرد”.

پاشان ئاماژە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێزگرتنی توشبووان دەکات و دەڵێت، ” وەک شارەزایانی تۆپی پێ پێویستە بە ڕەفتارەکانمان ببینە باشترین نمونە، بەهۆی پەتا جیهانییەکە و لەدەستدانی چەندین کەسەوە هەست بە ئازاردەکەین، بۆ نمونە: بەهۆی لەدەستدانی دایکییەوە پەیوەندیم بە گواردیۆلاوە کرد و سەرەخۆشیم ئاڕاستەکرد”.

هەروەها دەڵێت، ” بەهۆی ئەو پڕۆتۆکۆلانەی یانەکان جێبەجێی دەکەن تۆپی پێ دەبێتە لانکەیەکی پارێزراو، یاریدەدەری خەڵکانێک دەبێت لەداهاتوو بڕوانن، ناکرێت لەژیان بوەستین، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئێمە بەرژەوەندی و پابەندبوونی بازرگانیشمان هەیە، ئەگەر ئێمە ئازابین تەنها بە دەرکەوتنی تۆپی پێ لەسەر سکرینی تەلەڤیزیۆنەکان ڕووبەڕوی قەیرانەکان دەبینەوە دەبینە جێی دڵخۆشی هاندەران، ڕەنگە ئەوەش ستافی یانەکان و یاریزانان ماندووبکات و وەک ئەرکی کارمەندانی نەخۆشخانە و سوپەر مارکێتەکانە، یان ئەو باخچانەی خۆراکمان بۆ دابیندەکەن، پێویستە لەهەمان کاتدا هاوکاری تیمەکانی بیمەی تەندروستی بکەین و بەشێوازی خۆمان هاوکارییان بکەین”.

بابەتی پێشتر

مۆرینیۆ: شکستەکەی بایرن ناچاریکردم لەناو ئوتۆمبێلەکەم دەست بەگریان بکەم

بابەتی دواتر

ڕیبیچ: ئێبرا ڕابەرمانە و بەهۆی گرینۆکی و نواندنەوە هیگواینم خۆشناوێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share