ئەمڕۆ وەفدێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەفدەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و بە ئەندامیەتیی هەریەک لە باسم محەمەد، وەزیری نەوت و عەلی سەعد، وەزیری کارەبا دەبێت؛ هەروەها وەفدی یاوەریشیان پێکهاتوون لە سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران، بریکاری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی نەوت و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکە.
ڕاشیگەیاند، وەفدەکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ پێشوازییان لێ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر وەفدەکە لەگەڵ وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە پێکهاتوون لە محەمەد کەمال، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی، بە ئامانجی هەماهەنگیی زیاتر و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی باشتر سەبارەت بە دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکومەت.