مۆرینیۆ: شکستەکەی بایرن ناچاریکردم لەناو ئوتۆمبێلەکەم دەست بەگریان بکەم

وەرزی (٢٠١١ – ٢٠١٢) یانەی ڕیاڵ مەدرید یەکێک لە باشترین ڕیکۆردەکانی بە ئاڵتون لە پەڕاوی مێژوودا نوسییەوە. بەچاودێری جوزێ مۆرینیۆ، یانەی شاهانە لە خولی ئیسپانیا (١٠٠) خاڵی کۆکردەوە و (١٢١) گۆڵیشیان تۆمارکرد.

گرنگی سەرکەوتنەکان لە بەهێزی ڕیکۆردەکاندا نەبوو، بەڵکو لەوەدابوو کە یانەی بەرشلۆنەی ڕکابەریان لەوپەڕی تواناکانیدا کوتا بەزەویدا و نازناوی ئەو وەرزەی لالیگایان لە چنگی ئەستێرەکانی گواردیۆلا دەرهێنا.

یەکێک لە کاریزماکانی جەنگی سێ ساڵەی ڕیاڵ و بارسا بریتی بوو لە مۆرینیۆ، پێکهاتەکەی لە ڕکابەرانی کردە ئاگر و خۆشی وەک ڕکابەری ژمارە یەکی گواردیۆلا ناساندەوە.

دوای هەشت ساڵ لەو ڕووداوانە، مۆرینیۆ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئەنجام دەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

ئەمەش تەواوی چاوپێکەوتنەکەیە:

لە لەندەن لەسەردەمی کۆرۆنا چۆن ژیان دەگوزەرێنیت؟

ڕاستییەکە ئەوەیە لەم ڕۆژانەدا زۆرینەی کاتەکانم لەماڵەوە بە سەیرکردنی یارییەکانی تۆپی پێ بەسەردەبەم، شیکاری و لێکدانەوە بۆ یانە و ڕاهێنەرانی دیکە دەکەم و سودمەندیان لێوەردەگرم، بیری تۆپی پێ دەکەم، بیری جیهانەکەمان دەکەم، بەڵام دەبێت خۆڕاگربین و بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین، ئەم جەنگە هەمووان دەگرێتەوە و هەمووانیش دەبێت بەشداری تێدابکەن.

خوێندنەوەت چییە بۆ گەڕانەوەسەر ململانێکانی وەرز؟

ئەگەر بتوانین کۆتا نۆ ڕووبەڕونەوەی خولی نایابی ئینگلیزی ئەنجام بدەین، بۆ هەموومان و بۆ پریمەرلیگ باشدەبێت، ئاماژەیەکی نایاب دەبێت.

تەنانەت ئەگەر یارییەکان لەپشت دەرگای داخراو و بەبێ هاندەر ئەنجامبدرێن، گرنگە؟

حەزدەکەم وا بیربکەمەوە تۆپی پێ هەرگیز لەپشت دەرگای داخراو ئەنجام نادرێت، بەڵکو چەندین کامێرا لەناو یاریگاوە یارییەکان بۆ بینەران دەگوێزنەوە، ملیۆنان هاندەر لە تەلەڤیزیۆنەکانیانەوە بینەرماندەبن، چوونمان بۆ یاریگایەکی بەتاڵ واتای ئەوەنییە کەس بینەری نییە.

یانەکەت، تۆتنهام لەڕێگەی بەکارخستنی یاریگای وایت هار لین ڕووبەڕوی کۆرۆنا بووەتەوە، یاریگاکەیان کردووەتە نەخۆشخانەیەک بۆ توشبووان..

بەڵێ ئاگادارم، بڕیارێکی ناوازەبوو، بیری ڕۆژانی ئاسایی بکەرەوە لەو یاریگایەدا، لێکدانەوەی پێش یاریی و بەرەوپێشبردنی تۆپی پێ و چەندین بابەتی دیکە.. پاشان دەبینیت هەمان یاریگا ئێستا چ سودێکی گەیاندووە، هەست بە ئارامی و لەخۆڕازیبوون دەکەیت.

با باسێک لە ڕیاڵ مەدرید بکەین ئەوکاتەی ڕاهێنەریان بوویت، هەشت ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر یەکەم نازناوت لە وەرزی (٢٠١١/٢٠١٢)، توانیت زۆرترین ڕێژەی خاڵ و گۆڵ تۆماربکەیت، پێتوایە ئەو دەستکەوتە لوتکەی دەستکەوتەکانت بێت؟

قورسە بڵێم ئەوە ترۆپکی دەستکەوتەکانمە، بەڵام بێگومان ساتێکی مێژوویی بوو لەسەردەمی باڵادەستی بەرشلۆنە، لەو سەردەمەدا بەرشلۆنە تۆپی پێی کۆنتڕۆڵکردبوو و تێپەڕاندنیان بەو ڕێژە بەرزەوە نازناوەکەی گرنگتر کرد، توانیمان بەباشترین شێوە سەرکەوتن بچنینەوە، خاڵی ئەرێنی بردنەوەی نازناوی لالیگا نەبوو، بەڵکو بردنەوەی بوو بەباشترین شێوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووچاری بێهیوایی بوون کاتێک لەقۆناغی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرانبەر بایرن بەلێدانی یەکلاکەرەوە شکستتانهێنا..

بەڵێ، لەو وەرزەدا ڕیاڵ مەدرید باشترین یانەی ئیسپانیا و ئەوروپاش بوو، لەبەرئەوە بەئازاربوو بەرانبەر بایرن شکستمان تۆمارکرد.

بە پێکهاتەیەکی ئاگرین و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆوە، بەڵام دۆڕاندتان..

ئەوە تۆپی پێیە، کریستیانۆ، کاکا، ڕامۆس، ئەوانە دێوەزمەکانی بواری تۆپی پێن گومان لەوەدا نییە، بەڵام ئەوانیش مرۆڤن، ئەو شەوە تاکە ساتە لەژیانی وەرزشییمدا بۆی گریام، بەباشی لەبیرمە، لەگەڵ ئیتۆر کارانکا لەبەردەم ماڵەکەم ئوتۆمبێلەکەمان ڕاگرت و گریام، وەک وتم زۆر قورسبوو بۆمان، چونکە خاوەنی بەهێزترین پێکهاتەبووین.

لەئیسپانیا بەرانبەر باشترین کۆپی بەرشلۆنە بردنەوەتان تۆمارکرد، مێسی و چاڤی و ئینێستا لەناو یاریگا و گواردیۆلا لەسەر کورسی یەدەگ، کلیلی ئەو سەرکەوتنە چی بوو؟

بەڕای من گرنگبوو شێوە یارییەک بدۆزینەوە باشترین بێت بۆ پێکهاتەکە بەگشتی، بونیادی ناسنامە و شێوە یاریکردنمان کرد بەپێی بارودۆخ و جۆری یاریزانان، بێگومان بەهرەکانیش بەباشترین شێوە کاریاندەکرد، چەندین یاریزانی مەزنمان هەبوو کە تێگەیشتنی نێوانیان لەڕووبەڕوبونەوەکاندا کلیلی سەرکەوتنەکانمان بوون، نزیکبووین لەیەکەوە و خەونی بوون بە پاڵەوانمان هەبوو.

نازانم بەبیرت دێتەوە یان نا، لەو وەرزە لەمانگی سپتێمبەر بە ساتێکی هەستیاردا تێپەڕتان کرد، بەرانبەر لیڤانتی دۆڕاندتان و بەرانبەر ڕاسینگ یەکسانبوون، چۆن توانیتان ئاستەنگییەکان تێپەڕێنن؟

بێگومان بە هێزی کۆمەڵەکە توانیمان سەختترین دۆخەکان تێپەڕبکەین، هەستمان دەکرد باشترینین، باشترین پێکهاتە، بەم ئەقڵیەتەوە سەردانی یاریگاکانی ڤالێنسیا و ئیشبیلیە و ڤینسیتی کاڵدیرۆن و سان مامێس و کامپ نومان دەکرد، پاڵپێوەنەرمان هێندە بەهێزبوو فشارەکان کاریان لێنەدەکردین.

زۆرجار باس لەوە دەکرا پێکهاتەی ئەو سەردەمەی ڕیاڵ کۆکراوەیەک، یاخود دەستەیەک لە یاریزانە توندوتیژ و بەهێزەکان بوون..

بەڵێ، کۆکراوەیەکبوو لە کۆمەڵە یاریزانێکی خاوەن کوالیتی بەرز، بیرکردنەوە و تێگەیشتنمان گەیشتبووە ترۆپک، یاریزانان پاڵپێوەنەری بەهێزیان هەبوو، ئەوەش کردبوونییە باشترین پێکهاتە.

هەفتەی (٢٦) بەرانبەر بەرشلۆنە لە کامپ نو یاریتان کرد و (١ – ٢) بردنەوەتان بەدەستهێنا، ئەوەش دەرفەتی پێدان چارەنوسی لالیگا یەکلایی بکەنەوە، چ یادەوەرییەکت هەیە؟

یادەوەرییەکانم زۆر نایابن، بەرانبەر بەرشلۆنە بۆ ئەنجامێکی باش یارییمانکرد، بردنەوەکە سودی پێگەیاندین و خشتەی یارییەکانیش یاریدەدەرمانبوو تا بەباشترین شێوە ئامادەکاری بۆ بکەین، هەمیشە بە یاریزانەکانم دەوت: ئەم یارییە دەبەینەوە، هەست و سۆز فشارەکان کاریکردە سەرمان و لەبری ئەوەی لەیاریگای خۆمان بیانکوژین، بەڵام ئەقڵ بەسەر سۆزدا سەرکەوت و یەکسانبونمان تۆمارکرد.

دەڵێن لەو وەرزەدا ڕیاڵ مەدرید وەک میوزیکی “ڕۆک ئاند ڕۆڵ” وابووە بەهۆی خێراییە ناوازەکەتان لەیاریکردن، هەندێک خەسڵەتی دیکەش کە بۆ ڕکابەران بکوژبوو، لەڕووی تاکتیکییەوە چۆن گەیشتن بەو ئاستە؟

ئەو پیاهەڵدانەم بەبیردێتەوە.. شێوە یاریکردنێکی دیاریکراومان هەبوو، لەناو یاریگا هەمیشە ڕێکخراوبووین، هەر یاریزانێک دەیزانی چ ئەرکێکی لەسەرە و چۆن جێبەجێی دەکات، لەپشت هەموو ئەوانەشەوە پێداگری تاکتیکی بەهێز یاریزانانی کۆدەکردنەوە، دەمانتوانی سویچی خێرابکەین و تەقینەوە دروستبکەین لەناو یاریگا، خێرا و ڕاستەوخۆ دەچووینەسەر گۆڵی ڕکابەر، لەم شێوە یاریکردنەدا یاریزانەکان نایاب بوون، لەکۆتاییدا ئەوە کلیلی هەموو شتێک بوو.

هەمووان دەزانن کریستیانۆ چەند یەکلاکەرەوەبوو بۆ ڕیاڵ مەدرید، بەڵام بەنسبەت تۆوە وەک ڕاهێنەر کام یاریزانە بۆ ستایلی یاریکردنتان کاریگەری هەبوو؟

حەزناکەم هیچ یاریزانێک لەوانی دیکە جیابکەمەوە، نە کریستیانۆ و نە هیچ یاریزانێکی دیکە، هەموو یاریزانان گرنگبوون و هەریەکەیان ئەرکێکیان پێسپێردرابوو لەناو یاریگادا، هەمووان هەوڵی بردنەوەی یاریی و نازناوەکانیان دەدا و دەیانزانی ئامانجەکانمان چەند گەورەن و کاریان بۆ دەکرد، بەنمونە: کایخۆن و گرانێرۆ، دوو یاریزانی سەرەکی نەبوون، بەڵام زۆر گرنگبوون بۆ پێکهاتەکە، لەڕاستیدا ئێمە شایستەی خولی ناوخۆی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکانیش بووین.

لەهەر وڵاتێک کارت کردووە نازناوی خولی ناوخۆت بەدەستهێناوە، پێنج شەممەی ڕابردوو (١٥) ساڵ بەسەر نازناوی پریمەرلیگ لەگەڵ چێڵسی تێپەڕیکرد (٢٠٠٤/٢٠٠٥)، هەروەها خولی پورتوگال لەگەڵ پۆرتۆ، پێتوایە خولی ئیسپانیا لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید گرنگترینە؟

هاتریکێکی تایبەتە، ئەگەر خولی پورتوگال لە ململانێکە دووربخەینەوە، بێگومان دەمویست لە ئیتاڵیا و ئینگلتەرا و ئیسپانیا سەرکەوتن بەدەستبهێنم، تائێستاش تاکە ڕاهێنەرم توانیومە ئەوکارە بکەم، لەڕووی مێژووییەوە هەریەکێک لە نازناوەکان بەشێوەیەک کاریگەریان هەیە.

ڕەخنەگران تۆ بە ڕاهێنەرێکی بەرگریکار وەسفدەکەن، لەگەڵ تۆمارکردنی (١٢١) گۆڵ و (١٠٠) خاڵ لە خولی ئیسپانیا هیچیان پێناڵێیت، وەڵامت چییە بۆیان؟

نەخێر، سەیرکە، من هیچ ناڵێم.. ئەوەی بوونی هەیە و تۆمارکراوە خۆی لەخۆیدا تۆمارە بۆ مێژوو و وەڵامێکی گونجاوە، هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە تا من باسی بکەم، لەکۆتاییدا ئەوەی لە چیرۆکەکەدا دەمێنێتەوە ئەو منداڵانە بوون کەتوانیم یاریدەدەریانبم ببنە یاریزانی باش و کەسایەتی بەهێز لەبواری تۆپی پێدا.

بابەتی پێشتر

یتۆ یاکی: لاوتارۆ کۆکراوەیەکە لە ئەگوێرۆ و گریزمان و پیاهەڵدانەکەی مێسی خۆشحاڵی کردووە

بابەتی دواتر

پۆچتینۆ: پێموابوو جێگەی مۆرینیۆ دەگرمەوە و تەلەفونم بۆ گواردیۆلا کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share