سۆڵشایەر: درۆتان لەگەڵ ناکەم، هەرگیز چاوەڕوانی ئەو ئەنجامە خراپانە نەبووم

ئۆلی گۆنار سۆڵشایەر، ڕاهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی فەرمی یانەکەی ئەنجام دەدات و دانی پێدا دەنێت، ئەنجامەکانی ئەم وەرزە چاوەڕوانکراو نەبوون، جەختیش لە گەڕانەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان دەکاتەوە.

ئەمەش کورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

تائێستا چۆن لێکدانەوە بۆ ئاستی یونایتد دەکەیت لەم وەرزەدا؟

ئێمە لەڕووی ئاست و پێگەوە زۆر لەدواوەین و هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد، لەسەرەتای وەرزەوە بیرم لەوە نەدەکردەوە کە ئێستا پێی گەیشتووین، درۆتان لەگەڵ ناکەم، چاوەڕوانی ئەو ئەنجامانە نەبووین، بەڵام هەمیشە لە هەڵەکانەوە فێر دەبین و هەوڵدەدەین کێشەکان چارەسەر بکەین، نامەوێت بەهەڵەتاندا ببەم و بڵێم ئەوەی ڕوودەدات ئاساییە، نەخێر، ئاسایی نییە و دەبێت بەزووترین کات خۆمان ڕاست بکەینەوە.

چ شتێکی پێکهاتەکەت گەشبینی پێوە دیارە و چاوەڕوانی باشتری لێدەکرێت؟

یەکێک لە خاڵە ئەرێنیەکانی پێکهاتەکەم ئەوەیە لەدوای هەر دۆڕاندنێک کاردانەوەی بەهێزمان دەبێت، نەمانتوانی بەردەوامی بە ئاستێکی باش بدەین و لەهەمان کاتیشدا نەکەوتووینەتە قەیرانی شکستی یەک لەدوای یەکەوە وەک ئەوەی لە کۆتایی وەرزی ڕابردوو ڕوویدا، لەم وەرزەدا بەخێرایی چارەسەر دەدۆزینەوە، پێویستە بۆ داهاتوو کار لەسەر ئەم بابەتە بکەین ئەگەر بمانەوێت پێش بکەوین.

بەڕای تۆ خاڵی بەهێزی یونایتد چییە؟

ئێمە لە هێرشی هەڵگەڕاوە و خێراییدا زۆر باشین و پێویستە پارێزگاری لەم خەسڵەتە بکەین، بەم چەکە توانیمان مانچستەر سیتی بکوتین بەزەویدا و بەرانبەر یانە گەورەکانی دیکە ئەنجامی باشمان تۆمار کرد، بەڵام پێویستە بەهەمان شێوە ڕووبەروی ئەو یانانەش ببینەوە کە دەکەونە پلەکانی خوارەوەی ڕیزبەندی بەتایبەت ئەوانەی بەرگری دەکەن، ئەو یانانە بەرگریکارن و ئێمەش ناتوانین بە هێرشی هەڵگەڕاوە لێیان بدەین، بۆیە پێویستە شێوازێکی کاریگەر بدۆزینەوە و لەسەری بەردەوام بین لەپێناو تۆمارکردنی ئەنجامی باشتر.

کارتان لەسەر ئەوە کردووە بەرامبەر یانە بەرگریکارەکان بە چ پلانێک یاریی بکەن؟

بێگومان، چەندین ڕێگەچارە و پلانی نوێمان داهێنانەوە و چەندین جار و لە چەندین ڕووبەڕوبونەوەدا بەکارمانهێناوە، بەڵام هەر کاتێک تۆپ دەبچڕێت تیپی ڕکابەر هێرشی هەڵگەڕاوە بونیاد دەنێت، پێویستە کار لەسەر ئەوەش بکەین ئەو هێرشە هەڵگەڕاوانە بەزووترین کات پوچەڵ بکەینەوە، لەم خاڵەدا دەبێت بەهێزتر ببین و بەم نزیکانە باشتر دەردەکەوین، بەگشتی دەبێت خاوەنی چەندین شێواز و پلانی هەمەجۆر بین ئەوەش لە ئینگلتەرا ئاسان نییە.

لە داهاتوودا چاوەڕوانی چی دەکەن؟

ئێمە لەئێستادا لەنیوەی وەرزداین و دەمانزانی چەندین نشێوی دێتە ڕێگەمان و ئەنجامەکان پێچەوانە دەبنەوە، ئەم وەرزە کار بۆ بونیادنانی پێکهاتەیەکی تۆکمە بۆ وەرزی داهاتوو دەکەین، بەدوای شێواز و پێکهاتەکەیدا دەگەڕێین لەتوانایدا بێت کۆنتڕۆڵی یارییەکان بکات و تێکشکێنەری بەرگرییە بەهێزەکان بێت، لیڤەرپوڵ پێویستی بە چەند ساڵێک بوو تا گەیشتنە ئەو ئاستەی ئێستا، بۆیە بەلامەوە گرنگە بەو ڕوحیەت و حەماسەتەوە بەردەوام بین و پەلە نەکەین، دەبێت واقیعی بین.

بابەتی پێشتر

مێسی: ھەستم بە ئازار کرد کاتێک ڕۆناڵدۆ پێنجەم خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستھێنا

بابەتی دواتر

فابینیۆ: نازانم ئێمە مەزنترین یانەی پریمەرلیگین یان نا، بەڵام ڕیکۆردەکانمان شایەنی ڕێزگرتنن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share