جەیك سولیڤان، ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نەتەوەیی ڕایگەیاند، “واشنتن لە پەیوەندیدایە لەگەڵ تاران سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی.”
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا كە هەینی 12ی ئازار لە واشنتن بەڕێوەچوو، جەیك سولیڤان وتی، “پەیوەندی دیپلۆماتی لەگەڵ ئێراندا بەردەوامە، بەڵام بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ نا، بەڵكو لەڕێگەی یەكێتیی ئەوروپا و كەناڵی ترەوە لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئێران.”
ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئامانج لەو پەیوەندییانەی ئەمریكا، نیشاندانی بۆچوونی واشنتنە بە تاران لەبارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە.”
ئاشكراشیكرد كە دەتوانن ئامانجەكەیان لەڕێگەی دیپلۆماتییەوە بپێكن كە ئەویش بریتییە لە “ڕێگریكرد لە ئێران لەوەی ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.”
دوێنێ پێنجشەممە ڕۆژنامەی “نیویۆرك تایمز” لە زاری ژمارەیەك دیپلۆماتكارەوە بڵاویكردەوە، “دانوستاندنی نافەرمی لەنێوان ئێران و ئەمریكادا دەكرێن و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دانوستاندن و وتووێژەكان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەستپێبكەن.”
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هەردوولا هەوڵدەدەن لەبارەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی و دۆسێی ئەتۆمیی ئێران گفتوگۆ بكەن و هەوڵی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و خۆرئاوا بدەن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە، لەلایەن هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ئەمریكا دەیانەوێت ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران بكرێت و هاوكاتی ئەوەش سیاسەتمەدار و یاسادانەرانی ئەمریكا دژی ئەوەن ئیدارەی جۆ بایدن هەر سازشێك بۆ ئێران بكات.