بۆ دووبارەنەبوونەوەی جەنگی عێراق.. كۆنگرێس كار لەسەر كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بایدن دەكات

“كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بەم جەنگانە بهێنین كە كۆتایی نایەن”

یاسادانەرانی ئەمریكی لە پارتی دیموكراتی دەڵێن، لە چەند هەفتەیەكدا كار لەسەر هەمواركردنی دەسەڵاتی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دەكەن كە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەلایەن سەرۆكەكانی هەردوو حزب بۆ هێرشەكانی دەرەوەی وڵات بەكارهێنراوە.

گریگۆری میكس، سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، دەست بە وتوێژەكانیان دەكەن بۆ ڕەتكردنەوەی “دەسەڵاتی بەكارهێنانی هێزی سەربازی” كە هەمان ئەو دەسەڵاتە بوو كە بڕیاری جەنگ لە عێراقی پێدرا لە ساڵی 2003دا.

میكس، لە كۆنگرەیەكدا لەڕێی ڤیدیۆوە لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی دیموكراتەكان وتیشی، “دەمەوێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆژەیاسایەك لە لیژنەی كاروباری دەرەوە ئامادەبكەم بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو دەسەڵاتە”.

لەهەمان كاتدا ئەندامانی ئەنجومەنی پیران-یش هەوڵ بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ دەدەن لە كۆشكی سپی-یەوە بۆ كۆنگرێس.

لە پاش ژمارەیەك هێرشی ئاسمانی لە سوریا كە بەمدواییە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكاوە بڕیاری لەسەردرا، ژمارەیەك لە نوێنەرانی هەردوو پارتی ئەمریكا لە 3ی ئەم مانگە پرۆژەیەكیان بۆ ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە عێراق لە ساڵی 2003 و دەسەڵاتێكی دیكە لە ساڵی 1991دا خستەڕوو.

بەپێی دەستوری ئەمریكا ڕاگەیاندنی جەنگ لە دەسەڵاتی كۆنگرێس دایە نەك سەرۆك، بەڵام ئەم دەسەڵاتە گۆڕانی بەسەردا هات پاش بڕیاری كۆنگریس دەربارەی ڕێگەپێدان بە “بەكارهێنانی هێزی سەربازی” ئەوانەی لەكاتێكی دیاریكراودا بەڕێوەناچێت لەچوارچێوەی ژمارەیەك بڕیاری پەیوەندیدار بە عێراق و لە دەسەڵاتپێدانێكی دیكەدا كە ڕێگەیدا بە جەنگی دژ بە ڕێكخراوی قاعیدە لەپاش هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری 2001.

لای خۆیەوە باربرا لی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، “دەسەڵاتی بەكارهێنانی هێزی سەربازی” زیاتر لە 40 جار بۆ هێرش بۆ سەر 19 وڵات بەكارهێنراوە و وتی، “كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بەم جەنگانە بهێنین كە كۆتایی نایەن”.

س: ڕۆیتەرز + RT

بابەتی پێشتر

ئەمریكا: لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: لە هەفتەی داهاتوودا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا دەگاتە عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share