لە ڕۆژی سوێندخواردنی سەرۆكی ئەمریكا چی ڕودەدات؟

جۆ بایدن و دۆگ ئیمهۆف-ی هاوسەری

پاش جێهێشتنی كۆشكی سپی لەلایەن سەرۆكی ماوە تەواوبووی ئەمریكاوە، بڕیارە مەراسیمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێ بەڕێوەبچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی كانونی دووەم جۆ بایدن، سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریكا گەیشتە كڵێسای سان ماسیۆ، ئەمەش بە یاوەری ژمارەیەك لە بەرپرسانی وڵاتەكەی و لەنێویاندا میچ ماكۆنێل، سەرۆكی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران.

ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی 46ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان جیاواز دەبێت بەهۆی بوونی زیاتر لە 20 هەزار كارمەندی پاسەوانی نیشتیمانی و، هێزە ئەمنییەكانی دیكە، كە واشنتن-یان كردووەتە قەڵایەكی گەمارۆدراوی ئەمنی و بەمەش مەراسیمەكە لەو ڕوەوە بە مێژوویی لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دادەنرێت.

بڕیاریشە دواتر جۆ بایدن لە كاتژمێر 11ی بەیانی بە كاتی واشنتن (07:00ی شەو بە كاتی كوردستان) بگاتە بینای كاپیتۆڵ وەك ئەو خشتەیەی لەلایەن كارگێڕیی ڕێوڕەسمەكەوە بڵاوكراوەتەوە و سوێندخواردنەكەش لە كاتژمێر 12 بە كاتی ئەمریكا دەبێت.

لە ڕێوڕەسمەكەدا سرودی نیشتیمانی لەلایەن لیدی گاگا-ی هونەرمەندی ناسراوی ئەمریكی و جیهانییەوە دەوترێتەوە و دواتریش جنیفەر لۆپێز گۆرانییەك پێشكەش دەكات.

بە دوو كاتژمێر و نیو دواتر سەرۆكی نوێی ئەمریكا تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی سەربازی ون دادەنێت، لەوێ هەریەك لە كامالا هاریس-ی جێگری و دۆگ ئیمهۆف-ی هاوسەری و باراك ئۆباما و میشێل-ی هاوسەری، جۆرج دەبلیۆ بۆش و لۆرا بۆش-ی هاوسەری، بیل كلینتۆن و هیلاری كلینتۆن-ی هاوسەر و وەزیری پێشووی دەرەوە یاوەری دەكەن.

لە كاتژمێر 03:30 بایدن بە ڕێوڕەسمێكی سەربازی دەگەیەندرێتە كۆشكی سپی بۆ دەستپێكردنی ئەركە فەرمییەكانی.

“شەرەفی تەمەن”.. دوایین وتەكانی ترەمپ بەر لە جێهێشتنی كۆشكی سپی
هەر ئەمڕۆ بەر لەو ڕێوڕەسمانە دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوسەری كۆشكی سپی-یان بەرەو فلۆریدا جێهێشت، ئەمەش بەهۆی بڕیاری پێشووی ترەمپ بە بەشدارینەكردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێ.

لە وتەیەكیشدا ترەمپ چوار ساڵی ویلایەتەكەی بە “نایاب” كە بۆ ئەو دەبێتە “شەرەفی تەمەن” ناوبرد.

ترەمپ و هاوسەرەكەی بە (مارین وان)ی هەلیكۆپتەری سەرۆكایەتی ڕویانكردە بنكەی ئەندرۆز، بەر لەوەی لەوێوە گەشتەكەیان بەرەو فلۆریدا تەواو بكەن.

بە پێچەوانەی ترەمپ، مایك پێنس، جێگری ماوە تەواوبوونی سەرۆكی ئەمریكا لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێدا بەشداردەبێت.

بابەتی پێشتر

كچێك لە سلێمانی خۆی خنكاند

بابەتی دواتر

جاك ما دەردەكەوێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share