ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، جۆرە بەریتانیە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تائێستا لانیكەم لە 60 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، باسیش لە هەردوو جۆرە ئەفریقی و ژاپۆنییەكەش دەكات.
ڕێكخراوەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە، جۆرە بەریتانیە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تائێستا لانیكەم لە 60 وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، واتە بە زیاتر لە 10 وڵات بەراورد بە هەفتەیەك لەمەوپێش.
ئاماژەی بەوەشكرد، جۆری گۆڕاوی دووەم كە بۆ یەكەمجار لە باشووری ئەفریقا دەركەوت و باوەڕوایە زیاتر كاریگەر بێت لە جۆرە بەریتانییەكە، ئەویش تا ئەمڕۆ لە 23 وڵات و ناوچە تۆماركراوە.
هەفتەی ڕابردوو ڕێكخراوەكەی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایگەیاند، “جۆرێكی دیكەی سەرچاوەی نیگەرانی” ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ژاپۆن تۆماركراوە، كە كاریگەری لەسەر دژە بەرگری لەش هەیە و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاترە.
ڕێكخراوەكە دەڵێت، ئەو جۆرە نوێیەی بۆ یەكەمجار لە بەریتانیا تۆماركرا لە 14ی كانونی یەكەمی ڕابردوو بوو و لە دەیان دەوڵەت و هەرێم و ناوچە بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەو جۆرەی لە باشووری ئەفریقا دۆزرایەوە بۆ یەكەمجار لە 18ی مانگی ڕابردوو لەبارەیەوە ئاگاداركراوەتەوە.
تەندروستیی جیهانی دوپاتیشدەكاتەوە، “چەندێك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زیادبێت، ئەوەندە هەڵی گۆڕینی زیاددەبێت”، ڕوونیشیدەكاتەوە، “ئاستی باڵای گواستنەوە واتە پێویستە پێشبینی دەركەوتی زۆرێك لە جۆرە گۆڕاوەكان بكەین”.
س: فڕانس پرێس